کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی ناڕەزایەتییەکان و خۆپێشاندانی خەڵکی ئەهواز

17:03 - 24 خاکەلێوه 2719

لافاوەکانی ئەم دواییانە کە زۆر شار و ناوچەی ئێرانی گرتەوە و مەرگی دەیان کەس و برینداربوونی سەدان کەسیتری بەدواوە بوو، هەر لەو کاتەشدا زیان و زەرەرێکی زۆری بە خەڵکی ناوچە لافاولێدراوەکان بەتایبەتی دوو پارێزگای لوڕستان و خووزستان گەیاند. ئەو دوو پارێزگایە پێشتریش وەک زۆر پارێزگای دیکەی ئێران بێبەشبوون لە خزمەتگوزارییەکان و بە تایبەتی پارێزگای خووزستان وەک پارێزگاکانی کوردستان بەهۆی هەڵاواردنی سیستماتیک لە لایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە ماوەی ئەو چل ساڵەدا هەمیشە لەگەڵ گرفتی جۆراوجۆر بەرەوڕووبوون. لە ڕۆژانی ڕابردوو دوای ئەوە هەستانی لافاو زەرە وزیانی زۆری بە خەڵکی خووزستان گەیاندو کەمتەرخەمیی دەسەڵاتیش کێشەو گرفتەکانی زیاتر کرد، هەر بۆیە خەڵکی وەزاڵەهاتو ڕژانە سەرشەقام و بە دژی هەڵاواردنی سیستەماتیکی ناوەند دروشمیان دا و ئێستاش هەر درێژەی هەیە. کارناسان باس لەوە دەکەن کە دۆخی خووزستان مەترسیدارەو هەر بۆیە داوای هاوکاری هەمەلایەنەیان کردوە بۆ بە هاناوەچوونی خەڵکی لێقەوماو. لافاوەکانی ئەمساڵ بۆ جارێکیتر ئەو ڕاستییەیان دووپاتکردەوە کە ڕێژیم لەبیری خزمەتگوزاریی بۆ خەڵکدا نییە بۆ ئەو ناوچانە و، خەمساردی و بەهاناوە نەچوونیان و هەڵاواردن لەو ناڕەزایەتی و گلەیی و گازەندەی خەڵکە کە هەمیشە بەرەوڕووی دەسەڵاتداران دەکرێتەوە. کاربەدەستانی حکوومەت نەک هەر بەدوای چارەسەری گرفتەکاندا ناچن، بەڵکوو بە پەردەپۆشکردنی کەموکووڕییەکان وهەڕەشەکردن لە خەڵک دەیانهەوێ بەسەر نەهامەتی و گرفتەکاندا باز بدەن و لە ئاوەدانکردنەوە و خزمەتگوزاری بۆ ئەو ناوچانە خۆیان بشارنەوە. ساڵی ڕابردوو خۆپێشاندانەکانی خەڵکی ئەهواز نیشانیدا کە ئەو ناوچەیە چەند لە خزمەتگوزارییەکانی حکوومەت بێبەشە. ڕۆژی ڕابردووش بۆ جارێکیتر خەڵکی ئەهواز بۆ دژایەتی لەگەڵ ئەو هەڵاواردن و پێڕانەگەیشتنە هاتنەوە سەر شەقامەکان و بە خۆپێشاندانێکی بەرین ناڕەزایەتیەکانی خۆیانیان ڕوو بە ڕێژیم دەربڕی. لەگەڵ ئەوەی کە خۆپێشاندانی خەڵکی ئەهواز لەگەڵ توندوتیژی بەرەوڕوو بوو و هێزەکانی ڕێژیم تەقەیان لە خەڵک کرد، بەڵام خەڵکی وەزاڵەهاتوو لە دەست زوڵم و ناعەدالەتی هەتا درەنگی شەو درێژەیان بە خۆپێشاندان دا و دروشمەکانیان دژی ڕێژیم بەرز کردەوە. بوومەلەرزەکەی ساڵی ڕابردووی کرماشان و لافاوەکەی ئەمساڵ لەگەڵ ئەوەی کە خەڵکی ئێران بەگشتی وخەڵکی کوردستان بە تایبەتی، وێڕای وڵاتان و لایەنە مرۆڤدۆستەکانی دیکەی جیهان بە هانای لێقەوماوانەوە چوون، بەڵام ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی نەیتوانی ژیان و گیانی ئەو خەڵکە ڕزگار بکا یا پێداویستە سەرەتاییەکانیان بۆ دابین بکا و دەرکەوت کە ئەو ڕێژیمە گەندەڵ و سەرەڕۆیە بایەخێک بۆ ژیان و گیان و کەرامەتی خەڵکی ئێران دانانێ.