کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نامەی شەش سەناتۆری کۆماریخوازی ئەمریکا بۆ تڕامپ

22:58 - 24 خاکەلێوه 2719

دوای ئەوەی کە دەوڵەتی ئەمریکا سپای پاسدارانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی خستە لیستی تێرۆرەوە، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی خاکەلێوەی ١٣٩٨ی هەتاوی، شەش سەناتۆری کۆماریخوازی ئەمریکا لە مەجلیسی نوێنەران، لە نامەیەکدا بۆ دۆناڵد تڕامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا، داوایان لێکرد کە بۆ گوشاری زیاتر بۆ سەر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەموو بەشەکانی بەرنامەی مووشەکیی ئێران و ئەو بەشەش کە لە ڕابردوودا ڕێگەی پێدرابوو، بە تەوای گەمارۆی لەسەر دابنرێ و ماوەکەی درێژ نەکرێتەوە. بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی " بلومبێرگ" بەپێی ڕێککەوتنێک کە پێشتر کراوە، ڕێگە بە چەند وڵاتێک دراوە کە لە سێ ناوەندی ناوکی ئێران، واتە فردوو، ئەراک و ناوەندی وزەی بووشێهر لەگەڵ ئێران هاوکاری ناوکی یان هەبێ. بە وتەی ئەو شەش سەناتۆرە کە نامەکەیان بۆ تڕامپ ناردووە، هاتوە کە کۆماری ئیسلامی لە ساڵی ٢٠٠٣ی زایینییەوە وێڕای بەرنامەی غەیرەنیزامی بەرنامە ئەتۆمییە نیزامیەکەشی پەرەپێداوە و کاری لەسەر کردووە. شایانی باسە کە حەسەن ڕوحانی سەرۆک کۆماری ئێران، دوای ئەوەی کە ئەمریکا سپای پاسدارانی ڕێژیمی خستە لیستی تێرۆرەوە، ڕایگەیاند کە دووبارە سانتیفیوژەکانی بەرنامەی ناوکی بەکار دێنێتەوە و خامنەییش فەرمانی زیادکردن و گەشەپیدانی بەرنامە ناوکییەکەی ئێرانی کرد. نامەی ئەو شەش سەناتۆرە و بە تێرۆریست ناساندنی سپای پاسداران لەم چەند ڕۆژەدا نیشانەی ئەوەن کە ئەمریکا گوشارەکانی بۆ سەر کۆماری ئیسلامی زیاتر دەکا و ڕێژیم ڕۆژبەڕۆژ زیاتر دەخرێتە تەنگژە و تەنگانەوە و وێناچێ کاربەدەستانی ڕێژیم بتوانن لەو هەموو قەیرانە دەرباز بن.