کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێگریکردن لە هاوکارییەکانی خەڵکی کوردستان بۆ لافاولێدراوان

23:03 - 24 خاکەلێوه 2719

لە سەرەتای دەسبەکاربوونی چالاکانی مەدەنیی کورد لە شار و ناوچەکانی کوردستان بۆ کۆکردنەوەی کۆمەک و هاوکاریی بۆ خەڵکی لافاولێدراو، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەجێی ئەوەی کە ئاسانکاری بۆ ڕێکخراوە مەدەنییەکان بکا و خەڵک هانبدەن لە فریای لێقەوماوان بکەون، هەر لە دووهەم ڕۆژی لافاوەکەدا هەڕەشەیان لە چالاکانی مەدەنی کرد کە هەقیان نییە سەربەخۆ و ڕاستەوخۆ یارمەتی بۆ خەڵک کۆبکەنەوە یا یارمەتییەکان بگەیەننە خەڵکی لافاولێدراو. خەڵکی مرۆڤدۆستی کوردستان وچالاکانی مەدەنی کورد بە ئەزموون وەرگرتن لە کاری هەرەوەزی و ئینساندۆستانە، لێبڕاوانە هاتنە مەیدان و بێ گوێدانە فەرمان و هەڕەشەکانی دەسەڵاتی دژی گەڵی وسەرەڕۆی ئاخوندی، کەمپینێکیان لە ژێر ناوی " زاگرۆس چاوەڕێمانە" پێکهێنا و کەوتنە کۆکردنەوەی یارمەتی و بانگەوازیان بۆ خەڵک بڵاو کردەوە کە بەفریای لافاولێدراوانەوە بچن. خەڵکی خێرخوازی کوردستان بە هەموو شێوەیەک بە بانگەوازی چالاکان و بە هانای خەڵکی ئاوارە و بێ ماڵ و حاڵی ناوچە لافاولێدراوەکانەوە چوون. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە هەمیشە ترسی لە هاوسۆزی و هاودەنگی و یەکگرتوویی خەڵکی کوردستان هەبووە، بە بیانووی جۆراوجۆر بەربەستی بۆ چالاکانی مەدەنی ساز کرد. لە چەند ناوچەیەک دەستیان بە سەر هاوکارییەکان داگرت و بەنێوی خۆیان بڵاویان کردەوە. لەنێوان چالاکانی مەدەنی و هێزەکانی ڕێژیمدا تێکهەڵچوون ڕوویدا و بە تۆمەتی جۆراوجۆر چەند کەسێکیان قۆڵبەست و ڕاپێچی بەندیخانە کرد. سەرەڕای هەڕەشەی کاربەدەستانی ڕێژیم، بەڵام تا ئێستاش خەڵک نەک هەر یارمەتییەکانیان بۆ لافاولێدراوان کۆدەکەنەوە بەڵکوو کۆمەڵێک لە لاوانی کورد بە کۆڵ هاوکارییەکانیان دەگەیەننە ئەو گوندە دوورەدەستانەی لوڕستان کە ڕێگەی ماشینڕەوەی نییە و ڕێژیم بە هانایانەوە نەچووە. بێجگە لە ڕێگری کردن لە یارمەتییەکانی خەڵک وچالاکانی مەدەنی، ڕێژیم تا ئێستا هەموو ئەو کەلوپەل و پێداویستیانەشی نەگەیاندۆتە دەستی لافاولێدراوان کە لە لایەن دەوڵەتان و لایەنە خێرخوازە جیهانییەکانەوە بۆ لێقەوماوانی لافاو ڕەوانەی ئێران کراوە و بەڕەسمی و ڕاستەوخۆ گەیشتۆتە دەست لایەنە پێوەندیدارەکانی حکوومەت. هەر لەو پێوەندییەدا تەلەڤزیۆنی دەوڵەتیی "کوەیت" ڕایگەیاند کە خاچی سووری ئەو وڵاتە یارمەتی ناردووە بۆ لافاولێدراوانی خووزستان بەڵام تا ئێستا بە دەستی ئەو خەڵکە نەگەیشتوە. ڕێژیم بە ڕێگرتن لە کۆمەک و هاوکارییەکانی خەڵک دەیهەوێ سەرپۆش لەسەر کەم کاری و ناکارامەیی دامودەزگا پێوەندیدارەکانی خۆیدابنێ و لە لایەکیتریشەوە نایهەوێ خەڵکی لافاولێدراو لە کۆمەک و هاوسۆزی خەڵک و لایەنەکان ئاگادار بن و دەیهەوی هەموو شتێک بە ناوی خۆی تەواو بکا و لە مێدیاکانیشیاندا زۆرتر کاربەدەستان و دەستوپێوەندەکانی خۆی زەق دەکەنەوە و هەواڵ و ڕاپۆرت لە سەر لایەنەکانی دیکە بڵاو ناکەنەوە.