کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆخی نالەباری ئەندامێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە تورکیە

18:40 - 25 خاکەلێوه 2719

دوای هاتنەسەرکاری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و سەرکوت و ڕاوەدوونانی ئازادیخوازان و جیابیران، خەڵکێکی زۆر لە ئێران بۆ پاراستنی گیانیان پەڕیوەی هەندەران بوون. یەکێک لەو وڵاتانەی هاوسنووری ئێران بۆ دەرباز بوون بەرەو وڵاتێکی ئەمن، وڵاتی تورکیەیە کە پەناخوازێکی زۆر ڕووی تێدەکا و دەروازەی پەڕینەوەیە بەرەو ئورووپا. لەگەڵ یەکەم چرکەساتەکانی چوونە ناو وڵاتی تورکیە، پەناخوازان دەبێ یەکڕاست بچنە ئیدارەی پۆلیس و خۆیان بناسێنن و لە حاڵەتێکدا کە پێش خۆناساندن لەلایەن پۆلیسەوە دەسبەسەر بکرێن، دەکەونە زیندان و دواتر ڕەوانەی وڵاتی خۆیان دەکرێنەوە. ئیدارەی بەشی پەنابەریی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان بنکەی لە دوو شاری ئەو وڵاتە هەیە و پەناخوازان بۆ نەجاتی گیانیان خۆیان بەو ڕێکخراوە دەناسێنن و لەوێ تۆمارێک لە ژیانیان پڕ دەکرێتەوە و پەروەندەکەیان دەچێتە نێو ئارشیوی ئەو ڕێکخراوە و پەناخوازن بە هیوای دەربازبوون لەو ڕێگا ئەمن و ئارامەوە ساڵانێک چاوەڕوان دەمێننەوە و بەداخەوە ئەو ڕێکخراوەش لەبەرانبەر چارەنووسی پەناخوازاندا زۆر کەمتەرخەم و خەمساردە. ترس لە دیپۆرت کردنەوە،هەڵسوکەوتی توندوتیژی پۆلیس لەگەڵ پەناخوازانی کورد، بێکاری و نەبوونی لەو کێشانەن کە پەناخوازان تووشی ترس و دڵەڕاوکێ دەکەن. هەر بەو هۆیانەوە کۆمەڵیک لە چالاکانی سیاسی لە لایەن پۆلیسی تورکیەوە بە ساتوسەودا و سازان لەگەڵ ڕیژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕەوانەی ئێران کراونەوە و تووشی ئێعدام و ئەشکەنجە و بەندیخانە هاتوون. یەکێک لەو پەناخوازانە چالاکێکی سیاسیی کورد و ئەندامی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانە بە ناوی "فەتاح پوور ئەحمەد" مامۆستای زمانی ئینگلیسی و خەڵکی شاری شنۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و خێزاندارە، کە ساڵانێک لەنێوخۆی وڵات چالاکیی سیاسی هەبووە و لە لایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبەکانی دژبەری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، تەوهین بە عەلی خامنەیی، کێشانەوەی کاریکاتۆر و دژایەتی لەگەڵ نیزام زیندانی کراوە. لە زیندان ٦٦ ڕۆژ لە گەڵ ئازار و ئەشکەنجەی کاربەدەستانی ڕێژیم بەروڕوو بووە و لەو ماوەیدا سەختییەکی زۆری کێشاوە. دواتر لە زیندان بە بارمتە ئازاد کراوە و بۆ نەجاتی گیانی خۆی پەڕیوەی باشووری کوردستان بووە و ماوەیەک لەنێو ڕیزەکانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستاندا چالاکیی سیاسی هەبوە و دواتر بەرەو تورکیە کەوتۆتەڕێ. ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە خۆی بە ئیدارەی پەنابەریی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان ناساندووە و لەو ماوەیەدا کە لە تورکیە ماوەتەوە تووشی نەخۆشی دڵ و دەمار هاتوە و تا ئێستا هیچ وڵامێکی پێنەدراوەتەوە و هەر لە چاوەڕوانیدا بەسەر دەبا