کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆژنامەنووسێکی کورد لە سنە دادگایی کرا

20:58 - 25 خاکەلێوه 2719

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی موکریان، ڕۆژی ٢٤ی خاکەلێوەی ١٣٩٨ی هەتاوی، موختار زارعی چالاکی مەدەنی و ڕۆژنامەنووس، بە تۆمەتی بێڕێزیکردن بە ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران و تەبلیغ دژی نیزام لە دادگای شاری سنە داگایی کرا. ناوبراو ساڵی ڕابردوو نامەیەکی سەرئاواڵەی لە پێنج لاپەڕەدا بۆ عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران نووسی و کۆمەڵیک بابەتی ورووژاندبوو، کۆمەڵێک رەخنەی لێگرتبوو و چەند پرسیارێکی لە ناوبراو کردبوو. ئەو نامەیەی ناوبراو لە ماست مێدیادا بڵاو بۆوە و دەنگدانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە دژایەتی لەگەڵ هەر ڕەخنە و بۆچوونیکی ئازاد هەیە، ڕەخنەکانی "موختار زارعی"یان ڕوو بە عەلی خامنەیی بە تۆمەت لێکدایەوە و لە لایەن هێزەکای ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر و ڕەوانەی زیندان کرا. موختار زارعی لە دادگادا دیفاعی لە بۆچوونەکەی خۆی کرد و ڕایگەیاند کە هیچ کەس لە ڕەخنە و کەموکوڕی بێبەری نییە و پێویستە ئەو کەسانە وەڵامی ڕەخنەکانی من بدەنەوە کە قەڵەم بەدەست هاوڕای ڕێبەری کۆماری ئیسلامین نەک قەڵەمی قازی و حوکمی دادوەر. لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا ڕێبەر بە سێبەری خوا لەسەر زەوی پێناسە دەکرێ و هیچ کەس حەقی نییە ڕەخنەی لێبگرێ چونکە ناوبراو بێ هەڵە و کەموکوڕییە و هەرچی گوتی دەبێ بێ ئەملاولا جێبەجێ بکرێ.