کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەری ناوچەی شنۆ

07:13 - 26 خاکەلێوه 2719

لە ناوچەی شنۆوە ئاگادار کراینەوە کە حەوتووی ڕابردوو، کاک سمایلی فەللاحی ناسراو بە "سمایلی دەروێش مەلا" خەڵکی ئاوایی "گوندەوێڵە"ی ناوچەی شنۆ کۆچی دوایی کردوە. کاک سمایل ساڵی ١٣٥٨دوا بە دوای دەست پێکردنەوەی تیکۆشانی ئاشکرای حیزبی دیموکرات و،  لە گەڵ زیندوو بوونەوەی تەشکیلاتی حیزب لە ناوچەی شنۆ، چووە ڕیزی ئەندامانی حیزب. سمایلی دەروێش مەلا کە خۆشەویست و جێگای ڕێزی خەڵکی گوندەوێڵە و دێهاتی ناوچەی شنۆ بوو، لەو کاتەوە تا دوایین ساتی ژیانی بووە هۆگری حیزبی دیموکرات و،  ئەمین و پەناگەی کادرە تەشکیلاتییەکانی حیزب و پشتیوانی رۆڵە پێشمەرگەکانی خۆی. ناوی سمایلی دەروێش مەلا بۆ کادرەکان، فەرماندەکان و پێشمەرگە دێرینەکانی حیزب کە ناوچەی تێکۆشانیان دەشتی شنۆ و ناوچەی حەسەننووران بووە، ناوێکی ئاشنایە و هەر کامیان بیرەوەری و یادگاری خۆیان لە دڵسۆزی، بەدەنگەوەهاتن و هاوکاریی ئەو پیاوە دڵسۆزە  لە سەختترین شەوان و ڕۆژانی خەبات دا هەیە. سمایلی دەروێش مەلا، بە دەیان جار گیانی خۆی و ژیانی بنەماڵەکەی لە سۆنگەی جێبەجێکردنی ئەرکی حیزبی و نیشتمانپەروەرانە خستە مەترسی، بەڵام هیچ کات خۆی لە ئەرکەکانی نەبوارد. هەموو کاتێکیش بە شانازییەوە لە ئەوین و خۆشەویستیی خۆی بۆ حیزبی دیموکرات و هێزی پێشمەرگە بۆ خەڵک دەدوا. دوو برازای مام سمایل بە ناوەکانی قادر و مراد فەلاحی بە دەستی هێزە جینایەتکارەکانی کۆماری ئیسلامی شەهید بوون. ناوەندی راگەیاندنی حیزبی دیموکراتی کوردستان، بە بۆنەی کۆچی دوایی مام سمایلی دەروێش مەلا، هاوخەمیی گەرمی خۆی بە بنەماڵە سەربەرزەکەی، بە خەڵکی بەڕێزی گوندەوێڵە و دانیشتوانی شنۆی دڵسۆز ڕادەگەیەنێ.یادی مام سمایل بەرز و بەڕێز بێ.