کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەستپێکردنی گەمارۆکان بۆ سەر سپای پاسداران لە لایەن ئەمریکاوە

20:56 - 26 خاکەلێوه 2719

دوانیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە ٢٦ی خاکەلێوەی ١٣٩٨ی هەتاوی، سپای پاسدارانی سەربە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە شێوەی فەرمی دەکەوێتە نێو لیستی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی جیهانەوە. دوای گەڕی دووهەمی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، دەوڵەتی ئەمریکا چەند کەس و دامەزراوەی سەر بە سپای پاسدارانی ئێرانی وەک سپای قودس خستە نێو لیستی گەمارۆکان و لیستی تێرۆرەوە. ئەمجارەیان دەوڵەتی ئەمریکا بڕیاری بە تێرۆریست ناساندنی کۆی سپای پاسدارانی پەسەند کرد و ئەم بڕیارەش ئەمڕۆ دوانیوەڕۆ بەڕەسمی کاری پێدەکرێ. سپای پاسداران کە لەگەڵ هاتنە سەر کاری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئیران دامەزراوە، کۆڵەکەی ئەسڵی ڕاگرتنی ڕێژیم و گەورەترین و دەست ئاواڵەترین هێزی سەرکوتکردنی گەلانی ئێرانە. سپای پاسداران ماوەی چل ساڵە بە ڕەشەکوژی و تێرۆری ئازادیخوازان و جیابیرانی کورد و ئێرانی و غەیرە ئێرانیی دژبەری ڕێژیمی ئاخوندی، دەیهەوێ بە هەڕەشەو کوشتن و تۆقاندن هێژموونی خۆی بەسەر گەلانی ئێران و ناوچەکەدا بسەپێنێ. پێکهێنانی میلیشیا و گرووپە تێرۆریستییەکانی وەک حیزبووڵای لوبنان، حەماس، زەینەبیون، فاتمیون و چەند ڕێکخراوێکی تر لە سووریە و عێراق و یەمەن تەنیا بۆ مەبەستە ئاژاوەگێڕییەکانی خۆی و تێرۆری کەسانی دژبەر و بەرهەڵستکارانی ڕێژیم ئاخوندەکانە. تێرۆری دوکتور سادقی شەڕەفکەندی لە بێرلینی پێتەختی ئاڵمان لە لایەن چەند تێرۆریستی لوبنانی سەر بە حیزبوڵڵا و ئێرانی و بڕیاری دادگای میکوونووس بەڵگەیەکی بەهێزن بۆ بە تێروریست ناساندنی سپای پاسدارانی سەر بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران. کوشتنی ئازادیخوازان و جیابیرانی کورد و ئێرانی و هێرش بۆ سەر کوردستان و قەتلوعامی خەڵکی کوردستان لەلایەن سپای پاسداران، نموونەی کردەوە مرۆڤکوژییەکانی هەرە بەرچاوی ئەو هێزە تێرۆریست و دژی ئینسانییەن. ئەو بڕیارەی دەوڵەتی ئەمریکا لە پێوەندی لەگەڵ بە تێرۆریست ناساندنی سپای پاسداران، لەگەڵ ئەوەی کە بڕیارێکی درەنگ وەختە، بەڵام دەتوانێ سپای پاسداران جلەو بکا و ئەو هێزە تێرۆریستییە نەتوانێ بە کەیفی خۆی لە ناوچەکەدا تەڕاتێن بکا. بە تێرۆریست ناساندنی سپای پاسداران دەبێتە هۆی ئەوەی کە نەتوانێ سەروەت و سامانی خەڵکی ئێران وەکوو جاران بخاتە خزمەت بەرژەوەندییە تێرۆریستییەکانی خۆی و وەک ڕابردوو ئابووریی ئێران بخاتە ژێردەستی دامەزراوە تێرۆریستییەکانی کە ماوەی چل ساڵە قوتی خەڵکی ئێران بۆ کوشتن و خوێنرشتن بەکاردێنن.