کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خاچی سووری نێونەتەوەیی: دوو میلیۆن لافاولێدراو پێویستیان بە هاوکارییە

17:10 - 27 خاکەلێوه 2719

کۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سوور ڕایگەیاند کە زیاتر لە دوو میلیۆن لافاولێدراو لە ئێران پێویستیان بە هاوکاری خێرا هەیە. ئەو ناوەندە کە بنکەی ئەسڵی لە وڵاتی "سویس"ە، ڕۆژی دووشەممە ٢٦ی خاکەلێوەی ١٣٩٨ی هەتاوی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە کە دۆخی لافاولێدراوانی ئێران زۆر خراپە و پێویستیان بە هاوکاری خێرا و ئینساندۆستانە هەیە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتوە کە لافاوەکان زیانێکی زۆریان بە خەڵک گەیاندووە. بەپێی ڕاگەیەندراوی خاچی سوور تا ئێستا ٧٨ کەس گیانیان لە دەستداوە، هەزار کەس بریندار بوون، زیاتر لە ١٠ هەزار کەس زیان و خەسارەت بە ماڵەکانیان گەیشتوە و لە ٢٠٠ شار و گوندی ئێران ٥٠٠ هەزار کەس بێ ماڵ و ئاوارە بوون. لە ڕاگەیەندراەکەی خاچی سووردا هاتوە کە ئەو ڕێکخراوە ٤٥٧ هەزار تۆن کۆمەک و هاوکاری گەیاندۆتە لێقەوماوانی لافاو کە تا ئێستا هاوکارییەکانیان گەیشتۆتە دەستی ٢٣٩ هەزار کەس.هاوکارییەکانی خاچی سووری نێودەوڵەتی هاوکاتە لەگەڵ یارمەتییە مرۆڤدۆستەکانی چەند ڕێکخراو و وڵاتێکی تر. لە کاتێکدا کە خەڵک تووشی زیانێکی گەورە بوون و بەسەدان هەزار کەس لە چیا و پێدەشتەکان بەسەر دەبەن، عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕێگەی نەدا کە حکوومەت کەڵک لە پارەی سندووقی گەشەپێدانی نەتەوەیی ئێران وەربگرێ. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە بەهۆی گەندەڵی و ناکارامەیی لە کاتی پێویستدا لەفریای لافاولێدراوان نەکەوت و خەڵکێکی زۆر ئاوارە بوون و ماڵەکانیان وێران بوو و لە هەمان کاتدا ٧٨ کەس گیانیان لە دەستدا، تا ئێستاشی لەگەڵ بێ حکوومەت هاوکارییەکانی بەپێی پێویست نەبووە. خەڵکی بێزار و تووڕە بەهۆی خەمساردی حکوومەت، لە چەند شوێنێک هێرشیان کردۆتە سەر کاربەدەستانی ڕێژیم و وەزیری دەوڵەت لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا ئەمەی پشتڕاست کردەوە و ڕایگەیاند کە تەنیا لە یەک ڕۆژدا سێ جار کاربەدەستێکی حکوومەت کەوتۆتە بەر لێدان و هێرشی خەڵک. خەڵکی ئێران کە ماوەی چل ساڵە بوونەتە قوربانیی سیاسەتە هەڵەکانی ئەو ڕێژیمە، ڕۆژبەڕۆژ ژیانیان بەرەو خراپی دەچێ و حکوومەت هەنگاوێک بۆ گەشەپێدان و خزمەتگوزاری خەڵک و وڵات هەڵنایەنێتەوە و سەروەت و سامانی گەلانی ئێران ڕەوانەی وڵاتانی ناوچەکە دەکا بۆ گرووپە تێرۆریستییەکان و بەرەوەپێشبردنی سیاسەت و پیلانە ئاژاوەگێڕی و تێکدەرەکانی خۆی و گەندەڵیش لە نێو دامودەزگاکانی ڕێژیمدا هەر ڕۆژە بە شێوەیەک دەردەکەوێ و بەشێک لە سامانی خەڵکی ئێران بەهۆی گەندەڵییەوە بەفیڕۆ دەچێ.