کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چەند کۆڵبەری دیکە لە خۆی، پیرانشار و چالدڕان درانە بەر دەستڕێژ

21:14 - 27 خاکەلێوه 2719

بەهۆی دەستڕێژی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی چەند کۆڵبەری دیکە لە شارەکانی خۆی، چالدڕان و پیرانشار لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کوژران و بریندار بوون. ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی خاکەلێوە هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم لە ناوچە سنوورییەکانی شاری خۆی پۆلێک کۆڵبەریان دایە بەر دەستڕێژ. لەو پەلامارەدا یەک لەو کۆڵبەرانە بە ناوی بەهمەن ڕەوشەنی گیانی لە دەست دا. چەند ڕۆژ پێشتریش کۆڵبەرێکی دیکەی خەڵکی ئەم ناوچەیە بە ناوی بێهروز چەتۆرزادە بەهۆی دەستڕێژی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی گیانی لێ ئەستێندرا. ئومید خانی خەڵکی پیرانشار و مەجید جەلیلپوور خەڵکی ناوچەی چاڵدران دوو کاسبکاری دیکەی کوردن کە لەم حەوتوویەدا بە تەقەی هێزەکانی ڕێژیم بریندار بوون. ڕۆژی پێنجشەممە، 15ی خاکەلێوەش کۆڵبەرێکی خەڵکی گوندی گوزەڵەی بانە بە ناوی محەممەد کەوتبووە بەر دەستڕێژی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم و بە توندی بریندار ببوو. سێ ڕۆژ پێش ئەوەش کۆڵبەرێکی بەتەمەنی خەڵکی ناوچەی مەریوان بە ناوی کەریم ڕاستی دوای ڕاوەدوونانی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی کەوتە سەر مین و بەو هۆیە بەتوندی بریندار بوو. شایانی باسە بەردەوامیی کوژرانی کۆڵبەران و کاسبکارانی کورد لە دەسپێکی ساڵی نوێ لە حاڵێک دایە کە ە ماوەی ئەم ساڵەدا 242 کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆ، تەقینەوەی مین، بەربوونەوە لە بەرزایی لە سۆنگەی ڕاوەدوونان و هەروەها ڕەق‌هەڵاتن لە سەرما گیانیان لەدەستداوە و بریندار بوون. وردەکارییەکان دەریدەخەن کە لەو 242 قوربانییەی ئەمساڵ 80 کەسیان کوژراون و گیانیان لەدەستداوە، هەروەها 162 کەسیش بریندار بوون.