کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەلەقاژەی سپای پاسداران بەهۆی گەمارۆکانی ئەمریکاوە

21:16 - 27 خاکەلێوه 2719

ڕۆژی دووشەممە ٢٦ی خاکەلێوەی ١٣٩٨ی هەتاوی، بڕیاری بە تێرۆریست ناساندنی سپای پاسداران شۆڕشی ئیسلامی کەوتە بواری جێبەجیکردنەوە و ناوی چۆ ڕیزی گرووپە تێرۆریستییەکانی وەک داعش و ئەلقاعیدە. دوای هاتنەدەری یەکلایەنەی ئەمریکا لە ڕێککەوتننامەی بەرجام و دەسپێکردنەوەی گەڕی دووهەمی گەمارۆکان بۆ سەر ئێران، دەوڵەتی ئەمریکا ئەمجارە بەشێوەی ڕەسمی و فەرمی کۆی سپای پاسدارانی خستە لیستی هیزە تێرۆریستییەکانی جیهانەوە. ئەوە یەکەم جارە کە هێزی سەربازیی دەوڵەتێک بەفەرمی دەخرێتە لیستی ڕەشی تێرۆرەوە. سپای پاسداران ماوەی چل ساڵە کردەوەی تێرۆریستی ئەنجام دەدا و لە کوشتن و سەرکوتکردنی ئازادیخوازان و گەلانی ئێراندا دەستێکی باڵای هەبووە و تا ئێستاش بەردەوامە لە سەرکوتکردنی خەڵکی ئێران. سپای پاسداران لە سەرەتای دامەزرانیەوە تا ئێستاش هەر خەریکی پێکهێنانی میلیشیا و گرووپی تێرۆریستییە لە وڵاتانی جۆراوجۆری جیهاندا. ئێستا کە سپای پاسداران کەوتۆتە لیستی تێرۆرەوە و خەریکە هەموو ڕێگاکانی لێدەبەسترێ، کاربەدەستانی ڕێژیم لە فکری سیاسەت و پیلانێکی دیکە دان بۆ ترساندن و هەڕەشەکردنی لە وڵاتانی ئورووپایی. سەعید قاسمی یەکێک لە فەرماندەرانی سپا پەردە لەسەر کردەوەکانی ڕابردوویان هەڵدەداتەوە و لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا گوتی: ئێمە پێشتر لە ژێر ناوی مانگی سووردا چووبووینە بوسنی و ڕاهێنانمان بە گرووپە جیهادییەکانی ئەو وڵاتە دەکرد. هەروەها لە گەڵ ئەلقاعیدەش هاوکاریمان هەبووە. چەند ڕۆژ لەمەوبەر لە چەند مێدیایەکی ئێرانی نزیک لە سپای پاسداران باس لە زیندوو بوونەوەی داعش کرا کە خەریکی کاری تێرۆریستین لە وڵاتانی ئورووپایی. دیارە مەبەستیان لەو پڕۆپاگەندە بۆ ئەوەیە کە دڵەڕاوکی بخەنە نێودڵی خەڵکی ئەو وڵاتانە و بۆ مەبەست و پیلانە ئاژاوەگێریەکانی خۆیان و کەمبوونەوەی گوشارەکانی ئەمریکا لە سەر خۆیان، دەوڵەتانی ئورووپایی بترسێنن. دوابەدوای بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵانە، سەعید قاسمی یەکێک لە فەرماندەرانی سپای پاسداران دێتە سەر تەلەڤزیۆن و باس لە کردەوەکانی خۆیان لەگەڵ گرووپە تێرۆریستییەکان دەکا بۆ ئەوەی بە ئورووپاییەکان بڵێ کە ئێمە ئەزموونی ئەو کارەمان هەیە و دەتوانین لە ڕیگای داعش و پێکهێنانی گرووپی تێرۆریستی ئەمنییەت و ئاسایشی ئێوە بشێوێنین.