کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فائیزە هاشمی: بە هاتنەوەی خومەینی ئێران بوو بە دۆزەخی ژنان

21:25 - 27 خاکەلێوه 2719

فائیزە هاشمی کچی ئەکبەری هاشمی ڕەفسەنجانی، یەکێک لە دامەزرێنەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و سەرۆک کۆماری پێشوو، لە وتووێژێکدا لەگەڵ مانگنامەی "فصل ملت" وێڕای ڕەخنە لە سیاسەتەکانی خۆمەینی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران گوتی:ئەگەر خۆمەینی لە فەڕانسە مابایەوە و لەوێوە حکوومەتی کردبا، ئێستا ئێران بەهەشتی ژنان بوو. فائیزە هاشمی کە بەهۆی ناکۆکی نێو باڵەکانی ڕێژیم بۆتە لایەنگری یەکێک لە جیناحەکان، چەند جارێک لێدوانی دژ بە باڵی دەسەڵاتداری ئێرانداوە و بەو هۆیەوە کەوتۆتە زیندان و بێڕێزی زۆری پێکراوە. هاشمی ڕەفسەنجانی باوکی فائیزە یەکێک لە کەسە هەرە دەسەڵاتدارەکانی ڕێژیم بوو کە بە فەرمانی ئەو هەزاران کەس لە ئازادیخوازنی کورد و ئێرانی لە سێدارە دران و تێرۆری شەهید دوکتۆر عدبدالرحمان قاسملوو، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە وییەن بە بڕیار و ئیمزای ئەو ئەنجام درا، دەسەڵاتدارانی ڕێژیم رەحمیان بە هاوڕێکەی خۆشیان نەکرد و بە مەرگێکی گوماناوی لە نێویان برد. حەسەن خۆمەینی، عەلی موتتەهەری، کوڕی مونتەزری و عەلیڕەزا بەهەشتی کوڕی سەید محەممەد بەهەشتی و کۆمەڵێک لە بنەماڵەی دامەزرێنەران و دەسەڵاتدارانی ڕێژیم، بەهۆی ناکۆکییە جیناحییەکان و ناکۆکی نێو دەسەڵاتدارانی پلە بەرزی ڕێژیم، کەوتوونەتە ڕەخنە و گلەیی و گازەندە لە ڕێژیم و بەشێوەی جۆراوجۆر یەکتر تاوانبار دەکەن. ناڕەزایەتی و گلەیی ئەو کەسانە پێشاندەری ئەوەیە کە گەندەڵی و ناکۆکی سەرتاپای ڕێژیمی داگرتووە و تەمەنی ئەو دەسەڵاتە دیکتاتۆرە بەرەو نەمان و لەناوچوونە. لە سەرەتای دامەزارنی کۆماری ئیسلامییەوە، هەر کەسێک کە بەجۆرێک توانای هەبووبێ، ڕەقیبەکانی خۆی لە پەڕاوێز خستوە یا لەناوی بردوون. مونتەزیری، کەڕروبی، بەنی سەدر، میرحوسەینی مووسەوی نموونەی ئەو کەسانەن کە دوای ئەو هەموو خزمەتە بە ڕێژیم و سەرکوتی گەلانی ئێران، بەڵام کەوتنە بەر غەزەبی دەسەڵاتدارانی لەخۆیان سەرووتر و بەتۆمەتی جۆراوجۆر لە مەیدان وەدەرنراون.