کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گزەگزەی ئورووپا لە بڕیاری بەتێرۆریست ناساندنی سپای پاسداران لەلایەن ئەمریکاوە

05:25 - 28 خاکەلێوه 2719

ئەمریکا لە درێژەی کەمپینی فشار خستنەسەر ئێران بڕیارێکی گرینگی دا، ئەویش بڕیاری بەڕەسمی ناسینی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی وەک ڕێکخراوەیەکی تێرۆریستی. ئەوەی تا ئێستا ڕوونە ئەوەیە کە ئەم بڕیارە زۆر لایەنی دژبەری ئێرانی دڵخۆش کرد، وەک عەرەبستان، ئیسرائیل، ئیمارات و بەحڕەین کە دوژمنایەتیی کۆن و مێژوییان لەگەڵ ئێران هەیە لە ناوچەکەدا. ئەوەی دەمێنێتەوە ئورووپا و وڵاتانی هاوپەیمانی ئێرانە کە چاوێکیان پێدا دەخشێنین. وڵاتانی ئورووپایی تا ئێستا بە ئاشکرا لەو بارەوە لێدوانیان نەداوە و هەڵوێستیان نەگرتووە؛ بەڵام دیارە بە گزەگزەش پێیان خۆشە. یورگێن هارت، وتەبێژی سیاسەتی دەرەوەی پارتی دێموکرات مەسیحی کە لەگەڵ حیزبی سۆسیال دێموکراتی ئەڵمان  لەگەڵ بەرە دان و دەوڵەتی ئیێئتلافییان هەیە، لە وتووێژ لەگەڵ ڕۆژنامە " دی وێلت" دا پشتی ئەو بڕیارەی ئەمریکای گرتووە و داوای کردووە دەوڵەتی ئاڵمانیش چاو بە کار و بەرنامەکانی سپای پاسداراندا بخشێنێ و تاوتوێی کردەوەکانی سپا بکا و دواجار ئاڵمانیش هەڵوێستێکی لەو چەشنە بگرێتە بەر. هەروەها "راینهۆلد ڕۆبێ"، سیاسەتمەداری سۆسیال دێموکراتی ئاڵمان کە پێشتر نێردراوەکانی ئێران سیخوڕییان بەسەرەوە کردبوو، دەڵێ ئەو بڕیارەی ئەمریکا تەواو لە جێی خۆی دایە و پاساوهەڵگرە، بەڵام "ئیشتیڤان لیبیش"، وتەبێژی سیاسەتی دەرەوەی حیزبی چەپەکانی ئاڵمان دەڵێ ئەگەرچی هیچ لایەنگرییەک لە سپای پاسداران ناکا، بەڵام بۆی پرسیارە کە ئەم بڕیارەی ئەمریکا چارەسەری کام کێشە و ئاستەنگە؟ لەو نێوەدا سەرەڕای هەڕەشەی کاربەدستانی کۆماری ئیسلامی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هێزی دەریایی ئەمریکا لە ڕۆژی چوارشەممەوە لەگەڵ دوو وڵاتی هاوپەیمانی _فەڕانسە و بریتانیا_ دەستیان بە مانۆڕی هاوبەش لە ئاوەکانی کەنداوی فارسدا کردوە. هاوکات وەزارەتی دەرەوەی بریتانیا بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک خەڵکی وڵاتەکەی وریا کردۆتەوە کە سەردانی ئێران نەکەن. لەو لاشەوە "ئیستیڤێن مێنوچین"، وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکاش لە بەردەوامی وتووێژ و دانوستانەکانی لەگەڵ وڵاتانی جۆراوجۆردا بۆ ئەوەی پتر لەگەڵ سیاسەت و تێڕوانینەکانی کۆشکی سپی‌یان رێک بخا، سەردانی ئیتالیای کردوە و لەگەڵ وەزیری ئابووریی ئەم وڵاتە دانیشتن و وتووێژی کردوە. وە ئەوانەش هیچی لەبەرچاوی ئێران ون نین. ئێران و لایەنە هاوپەیمانەکانی کە پێیان وابوو کۆبوونەوەی وارشۆ شۆیەکی تەلەڤیزیۆنی بووە و هیچ دەسکەوتێکی بۆ ئەمریکا نەبووە، ئێستا بە چاوی خۆیان دەبینن کە ئەمریکا چۆن توانیویەتی وڵاتانی ئورووپایی بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ هەڕەشەکانی ئێران و بەتایبەت سپای پاسداران ڕێک بخا. هاوکات لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییانە هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ڕێژیمیش لە کاردانەوە بەو بڕیارەی دژ بە سپای پاسداران پرسی پێوەستبوونی بە FATF ی ولا دەنێ و بەوەش هیندەی دیکە کەلێنی نێوان ئێران و وڵاتانی ئورووپا زیاتر دەبێ. لەوەها بارودۆخێکدا حەمیدڕەزا حاجی بابایی، سەرۆکی فڕاکسیۆنی نوێنەرانی وەلایی لە مەجلیس دەڵێ. وەزارەتی دەرەوە دەبێ پشت لە ئورووپا بکا و بۆ لای وڵاتانی دی بە تایبەت لە ڕۆژهەڵات داگەڕێ، چونکی هیچ تۆزێک لەو قوڕەی ئەمریکا و ئورووپا هەڵناستێ کە بۆ ئێرانیان گرتۆتەوە. ئەو ڕەخنەی لە سیاسەتی دەرەوەی ئێستای رێژیمەکەی هەیە و دەڵێ دەوڵەت هەموو هێلکەکەکانی خستووەتە سەبەتەی ئورووپا، لە حاڵێکدا دەبێ جێی ئەوانە بدرێ بە چین، هیند، عێڕاق و ئەمریکای لاتین. بەڵام هەم ئێران و هەم وڵاتانی ئورووپاش دەزانن کە ئیدی هیچ ڕێکارێکی لەو چەشنە دادی کۆماری ئیسلامی نادەن و ئەم وڵاتە تەنیا دوو ڕێگەی لەبەرە: یان مل دانەواندن بۆ ئیرادەی کۆمەڵگەی جیهانی کە وازهێنانە لە پڕکێشی و ئاژاوەخوڵقێنی و ناسەقامگیرکردنی ناوچە. یان ئەوەی ڕۆژ لەگەڵ رۆژ زیاتر تەریک بخرێتەوە و لەژێر گوشاری سزا و گەمارۆکاندا بەچۆکدا بێ و لەنێوخۆوە هەرەس بێنێ.