کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە کۆبوونەوەی “هاوپێوه‌ندی بۆ ئازادی و یه‌کسانی له ئێران” لە وڵاتی ئاڵمان

06:24 - 12 جۆزەردان 2719

ڕۆژی ٩ی جۆزەردانی ١٣٩٨ی هەتاوی (٣٠مەی ٢٠١٩ی زایینی) حیزبەکانی پێکهێنەریی هاوپەیمانی "همبستگی برای آزادی و برابری در ایران" لە شاری فڕانکفۆرتی ئەڵمانیا دانیشتنێکی ئاسایی خۆیان بەڕێوە برد و هاوڕێیان ئازاد مستۆفی و مەحموود شەریفی وەکوو شاندی بەشداربوویی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەم کۆبوونەوەدا بەشداریی کارایان لە گفتوگۆ و پرس و بابەتی سێ ڕۆژەی کۆبوونەوەی “هاوپێوه‌ندی بۆ ئازادی و یه‌کسانی له ئێران” کرد. لە ڕۆژی یەکەمی کۆبوونەوەکانی "همبستگی" کە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی دەستی پێکرد، حیزبەکانیی بەشداربوو بەتێروتەسەل بیروڕای خۆیان و هەڵسەنگاندنیان لەبارەی بارودۆخی سیاسیی ناوچە و بەتایبەت ئێران هێنایەئاراوە. لە درێژەی کۆبوونەوەکانی ئەم هاوپەیمانییەدا کە سێ ڕۆژی خایاند پێشنیارەکانی نوێنەرانی حیزبەکان بۆ پێویستی، ڕیزبەندی و چالاکییە هاوبەشەکان لەم هاوپەیمانییەدا گفتوگۆی دەربارەی کرا و، بۆچوونە جیاوازەکان باسی لەسەر کرا. گرینگی کۆبوونەوەی ئەمجارەی “هاوپێوه‌ندی بۆ ئازادی و یه‌کسانی له ئێران (همبستگی) لەوەدایە ، کە لە بارودۆخێکدا بەڕێوەچوو کە ئێران و ناوچەکە ڕووبەڕووی گۆڕانکارییە و پێویستە ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی کە خوازیاریی دێموکراسی و فیدراڵییە ڕیزەکانیان پتەوتر و بەڕێکخراوەتر بکەن. “هاوپێوه‌ندی بۆ ئازادی و یه‌کسانی له ئێران "لە ٢٦ی نۆڤەمبری ٢٠١٨ لەسەر بنەمای دێموکراسی، جیایی دین لە دەوڵەت، کۆماریی و سیستەمی فیدراڵی دەستی بەکار کرد کە حیزبەکانی ئەندام لەم هاوپەیمانێتییە بریتین لە یەکیەتیی دێموکراتیکی ئازەربایجان- بیرلیک، بزووتنەوەی کۆماریخوازانی دێموکرات و لائیکی ئێران، حیزبی دێموکراتی کوردستان، حیزبی دێموکراتی کوردستان ئێران، حیزبی تەزامۆنی دێموکراتیکی ئەهواز، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی کوردستانی ئێران، حیزبی خەڵکی بەلووچستان، ڕێکخراوی فیداییانی خەلقی ئێران، شۆرای کاتیی سوسیالیستە چەپەکانی ئێران و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان. جێی وەبیەهێنانەوەیە له رۆژه‌کانی ٢٣ و ٢٤ی فێوریه‌ی ٢٠١٩، هاوپێوه‌ندی بۆ ئازادی و یه‌كسانی له ئێران که له ئه‌نجامی لێکگه‌یشتن و هاوکاریی ده‌ رێکخراوی سیاسیی ئۆپۆزیسیۆنی کورد و ئێرانی پێک هاتووه، ده‌سپێکی کار و تێکۆشانی خۆی به ره‌سمی راگه‌یاند.