کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی‌دوایی یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەی شەهید دوکتۆر قاسملوو لە شاری ورمێ

21:23 - 12 جۆزەردان 2719

یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەی شەهید دوکتور قاسملوو ڕێبەری ناوازەی حیزبی دێموکرات لە شاری ورمێ ماڵاوایی لە ژیان کرد. بە پێی هەواڵێک کە لە شاری "ورمێ"وە، بە دەستمان گەیشتووە، دوکتۆر ناسر قاسملوو کوڕی دوکتور عەلی قاسملوو، برازای شەهید عبدولڕەحمان قاسملوو سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات لە شاری ورمێ بە هۆی نەخۆشییەوە ڕۆژی ١٢ی جۆزەردانی ٩٨ی هەتاوی ماڵاوایی لە ژیان کرد. دوکتۆر ناسر قاسملوو لە ناوچەی ورمێ بە مرۆڤێکی دڵئاوەڵا و خێرخواز ناسراوەو، بە گوتەی ناسیاوانی دوکتۆر ناسر هەموو کات یارمەتیدەری هاونیشتمانیانی خۆی بووەو بە هەڵسوکەوتی کوردانەی وەک کەسایەتییەکی بنەماڵەی قاسملوو هەمیشە جێگەی ڕێزی خەڵک بووەهیچکات خەوشی بە نازناوی جێگا ڕێزی قاسملوو نەگەیاندوەو، و لە نێو خەڵکی ناوچەی ورمێ بەتایبەتی گوندی قاسملوو و دەوروبەری جێگای رێز و خاوەنی پێگەیەکی کۆمەڵایەتی بوو. دوکتور ناسر قاسملوو پاش چەند ساڵ ململانێ لەگەڵ نەخۆشی شێرپەنجە ڕۆژی یەکشەممە ١٢ی جۆزەردان ماڵاوایی لە ژیان کرد. شایانی باسە بڕیارە سبەی و دوو سبەی( ١٣ و ١٤ی جۆزەردان) لە گوندی قاسملوو و لە شاری ورمێ بە بەشداریی خەڵکی قاسملوودۆستی ناوچەکە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردن و ماتەمینی ئەو بەڕێزە بەڕێوەبچێت. ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای ڕێزگرتن لە یادو بیرەوەریی شەهید دوکتور قاسملوو ، پرسەو سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی بنەماڵەی خۆشناو و جێگای ڕێزی قاسملوو، بەتایبەتی بنەماڵەی دکتور عەلی و دوکتور ناسر دەکا و خۆی بە هاوخەمیان دەزانێت.