کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیاردەی خۆکوشتن لە کوردستان بەرەو ئاقارێکی مەترسیدار دەچێ

21:28 - 12 جۆزەردان 2719

خۆکوشتن یەکێک لەو دیاردانەیە کە بەهۆی جۆراوجۆرەوە ئینسانەکان لە ژیان تووشی بێ هیوایی دەبن و بۆ رزگاری لە دۆخێکی سەختی رووحی و ڕەوانیدا پەنای بۆ دەبەن. لە کوردستان دیاردەی خۆکوشتن بەو شێوە بەربڵاوەی ئێستا مێژوویەکی دوورودریژی نییە، بەڵام بەداخەوە ساڵانێکە ئەو دیاردە دڵتەزێنە ڕووی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردووە و بەگشتی هەموو چین و توێژەکانی لە هەر دوو ڕەگەزی ژن و پیا و گەنج و پیر گرتۆتەوە و تادێ هەر لە پەرەسەندن دایە. خۆکوشتن هۆ و هۆکاری جۆراوجۆری هەیە، دەکرێ بڵێین هەژاری و کێشەی کۆمەڵایەتی لە دیاردە هەرە بەرچاوەکانی دیاردەی خۆکوشتنن. هەژاری و بێکاری لە کوردستان بۆتە هۆکارێک بۆ پەنابردنە بەر خۆکوشتن و زۆربەی ئەو کەسانەش کە کۆتایی بە ژیانی خۆیان دێنن کەسانێک کە ناتوانن بژیوی ژیانی بنەماڵەکەیان دابین بکەن و توانا و تاقەتی دیتنی برسیەتی و نەبوونی خێزانەکەیان نییە و بەناچاری ڕێگەیەک هەڵدەبژێرن کە بەداخەوە کارەساتێکی دیکە بەسەر مناڵەکانیان دێنن و نەک هەر داخی لەدەستدانی سەرپەرستی بنەماڵەکەیان بۆ هەتاهەتایە لە دڵیان دا دەمێنێتەوە، بەڵکوو کۆمەڵێک مناڵ بێ سەرپەرست دەبن و ئەمجارەیان ژیانیان خراپتر لە پێشوو و هەموو ئەرکی پێگەیاندنیان دەکەوێتە سەر شانی دایکێک کە بەداخەوە لە کوردستان ژنی کارمەند یا کار بۆ ژنان زۆر کەمە و ئەوەش دەبێتە گەورەترین گرفتی بەردەم ژیانی بنەماڵەیەک کە مخابن هیچ پەنا و یارمەتیدەرێکی نییە. لە وڵاتێکی دەوڵەمەندی وەک ئێران پێویستە حکوومەت یاریدەدەر و هاوکاری ئەو کەس و بنەماڵانە بێ کە بێدەرەتان و بێکار و بێ داهاتن، بەڵام بەداخەوە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە خۆی سەرچاوەی هەژاری و بێکاری و خۆکوشتنی ئینسانەکانە، نەک هەر هیچ هاوکارییەکی ماددییان ناکا بەڵکوو بیرێک لە چارەسەری ئەو دیاردە خەمهێنەرەش ناکاتەوە. دیاردەی خۆکوشتن لە نێو ژنانیش بەشێوەیەکی بەرین پەرەیسەندووە و ڕۆژانە لە شار و گوندەکانی کوردستان شاهیدی خۆکوشتنی ژنان و کچانی بێدەرەتان و بێ پشتیوانین. خۆکوشتنی ژنان بەشێکی بەهۆی نەبوونی و گرفتی نەدارییە و بەشەکەی دیکەی دەگەڕێتەوە بۆ کێشەی کۆمەڵایەتی و بنەماڵەیی کە زۆرترین ئاماری خۆکۆشتن لەو بەشەدا تۆمار کراوە. کێشە کۆمەڵایەتییەکان زۆرتر لە دێهاتەکان و لەنێو چینی هەژار و بێ دەرەتان ڕوو دەدەن. لێرەشدا حکوومەت لە هەر وڵاتێک بەرپرسی یەکەمی ئەو دیاردە کۆمەڵایەتیانەیە و بۆ بەدواداچوون و چارەسەر کردن دامەزراوەی تایبەتی بۆ دیاری کراوە و بوودجەی بۆ تەرخان کراوە کە کەسانی پسپۆر و شارەزا کاری تێدا دەکەن و لێکۆڵینەوە لە دیاردە نامۆکان دەکەن. بەداخەوە لە ئێراندا حکوومەت هۆکاری سەرەکی دیاردەی خۆکوشتنی ژنانە، هەڵاواردن و یاسا دواکەوتوەکان لەو هۆیانەن کە ژنان بێ پشت و پەنا دێڵێتەوە و ئەوانیش بۆ دەرباز بوون لەو دۆخە نالەبارە ڕووحی و ڕەوانییە پەنا دەبەنە بەر خۆکوشتن. لە ئێراندا ژنان لە ژێر دەسەڵاتی ڕەشی کۆماری ئیسلامییدا هەم لە دەرەوە و هەم لە نێو بنەماڵەدا زوڵمیان لێدەکرێ. حکوومەت بە یاسا ڕێگری دەکا لە پێشکەوتنی ژنان و بە ئاشکرا مافەکانیان پێشێل دەکا و لە حاڵەتی بەگژداچوونەوەی یاسا دواکەوتوەکانی دەوڵەتدا لە لایەن ژنانەوە، ئەوە ژنان دەکەونە بەر غەزەبی یاسای پیاوسالاری و ڕاپێچی بەندیخانەکان دەکرێن و سزا دەدرێن. ئەمانە و کۆمەڵیک هۆکاری دیکە بوونە هۆی ئەوەی کە بەداخەوە دیادرەی خۆکوشتن ببێتە ڕێکارێک بۆ هەڵاتن لە دەست ژیان یا خۆدەرباز کردن لەو ژیانەی کە بۆتە مایەی نیگەرانی و زەحمەت و بێ هیوایی. شایانی باسە لە مانگی بانەمەڕدا لانیکەم زیاتر لە ٣٦ کەس خۆیان کوشتوە کە ناوەندی مافی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی کوردستان شوناسی ٢٨ کەس لەوانی ئاشکرا کردوە. بەوەش ژمارەی ئەم کەسانەی لە ماوەی دوو مانگی سەرەتای ئەمساڵدا خۆیان کوشتوە و ناو و نیشانیان تۆمار کراوە، گەیشتە ٤٨ کەس. لەم ٤٨ کەسە ٢٨کەسیان ژن و ٢٠ کەسیان پیاو بوون. جێی باسە ساڵی ڕابردووش ١٧٠ کەس له‌و سه‌دان که‌سه‌ی به‌هۆی جۆراوجۆری وه‌ک هه‌ژاری، بێهیوایی و کێشه‌ی خێزانییەوە هه‌وڵی خۆکوژییان دابوو، هەوڵەکانیان بەداخەوە سەرکەوتوو بووە، و کۆتاییان به‌ ژیانیان هێناوە. لەو ١٧٠ کەسە ٦٢ کەسیان پیاو و ١٠٨ کەسیان ژن بوون و که‌م ته‌مه‌نترینیان کوڕێکی ١٢ ساڵ و به‌ته‌مه‌نترینیان پیاوێکی ته‌مه‌ن ٦٣ ساڵ بووه‌.