کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچونی سیمینارێک بەبۆنەی ١٢ی جۆزەردان لە یەکێک لە بنکەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان

21:40 - 12 جۆزەردان 2719

سەرلەبەیانیی رۆژی یەکشەمە ١٢ی جۆزەردان سیمینارێک لەلایەن یەکیەتییی لاوانی دێموکراتی رۆژهەڵاتی کوردستان بەبۆنەی ٣٦ ساڵەی ئێعدامی بەکۆمەڵی ٥٩ لاوی مەهاباد بۆ بەڕێز سامان فەقێ نەبی لە قەڵای دێموکرات بەڕێوەچوو. سەرەتای سیمینارەکە بە ساتێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد، پاشان هاوڕێ رێبوار حەسەنی چەند وتە و بڕگەی سەبارەت بەم کارەساتە وەک یەکیەتیی لاوان پێشکەش بە بەشداران کرد. پاشان بەڕێز سامان فەقێ نەبی کادری حیزبی دێموکرات و سکرتێری پێشووی یەکیەتیی لاوان باسێکی سەبارەت بە شەرایتی ئەوکاتی کوردستان و ئێران پێشکەش کرد کە لەو سەردەم ٥٩ لاوی بێ تاوان بەکۆمەڵ دەستبەسەر و ئێعدام کران. ناوبراو لە قسەکانیدا وتی:"هۆکاری سەرەکی ئێعدامەبە کۆمەڵاکانی ساڵی ١٣٦٢ وەڵامدانەوەیەک بوو بە خۆڕاگری هێزی پێشمەرگە لە هەموو بەرەکانی شەڕ لە کوردستان و تۆڵە سەندنەوەیەک بوو کە وەک شەڕی ڕەوانی لە دژی خەڵکی سیڤیلی کوردستان لەلایەن ماشێنی سەرکوت و کوشتاری کۆماری ئیسلامی بەکارهات." هەروەها لە درێژەی باسەکەیدا بەڕێز فەقێ نەبی ئاماژەی بە تێوەگلاوەیی ئەو تەیفە لە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی کرد کە لەو جنایەتانەدا بڕیاردەر و بەڕێوەبەر بوون و دواتر لەململانێی دەسەڵاتداری لە نێو سیستمی کۆماری ئیسلامیدا وەک باڵی رێفۆرمخواز خۆیان ناوزەد کرد. بەشێکی دیکەی باسەکەی بەڕێز فەقێ نەبی تەرخانکرابوو بە دۆخی هەنووکەیی و ئەو رێکارانەی کە بەئەزموون وەرگرتن لە مێژوو، گەلی کورد بە تێچویەکی کەمتر لە ئێعدامی ٥٩ لاو لە رۆژێکدا بە ئاکام بگەیەنێ، بەڕێزیان هەروەها باسی لە هوشیاری نەتەوەیی و بەیەکەوە گرێدانی تراژێدیا نەتەوەییەکانی کرد کە وەک چۆن ئەو سەردەم فەرماندەی تۆڵە ئەستێن شەهید شاپووری فیروزی لاوانی کوردی لە کرماشان بە رێکخستن کرد و تۆڵەی ٥٩ لاوی مەهابادی ستاندەوە، ٣٥ ساڵ دواتر لاوانی مەهاباد و ناوچەی موکریان بە پێشەنگایەتی چالاکوانانی مەدەنی بە شێوەی مەدەنیانە بە هانای هاونەتەوەییەکانی خۆیان لە کارەساتی بومەلەرزەی کرماشانەوە چوون. لەکۆتاییدا بەشداربووان را و سەرنجی خۆیان خستەڕوو.