کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشداریی ئەمریکا، بریتانیا و فەڕانسە لەسەر چالاکییە ئەتۆمییەکانی کۆماری ئیسلامی

15:40 - 15 خەزەڵوەر 2719

سێ دەوڵەتی ئەمریکا، بریتانیا و فەڕانسە لەسەر دەسپێکردنەوەی چالاکییە ئەتۆمییەکان هۆشدارییان دایە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئەو هەنگاوەیان بە هەنگاوێکی هەڵە و پێچەوانەی ڕێککەوتنی بەرجام ناوبرد. حەسەن ڕوحانی سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند کە چالاکییە ئەتۆمییەکانیان دەستپێدەکەنەوە و ئاژانسی وزەی ئەتۆمیی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکانیشیان لەو بڕیارە ئاگادار کردۆتەوە. دوابەدوای ئەو بڕیارەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، وڵاتانی ئەمریکا و بریتانیا و فەڕانسە هۆشدارییان دایە کۆماری ئیسلامی و دەوڵەتی ڕووسیەش رایگەیاند، خوازیاری ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی لە ڕێککەوتنی بەرجامدا بمینێتەوە. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە ئەو هەنگاوەی ئێران بە ئاقارێکی هەڵەدا تێپەڕ دەبێ و دەوڵەتی ئەمریکا پشتیوانی لە هەوڵەکانی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی دەکا و چاوەڕوانی ڕاپۆرتی ئاژانسی ئەتۆمی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکانە. سەناتۆر "لیندزی گراهام" ڕایگەیاند کە ئەگەر چالاکییەکانی وزەی ئەتۆمی کۆماری ئیسلامی دەست پێبکاتەوە و ئەم هەواڵە ڕاست بێ کە پیتاندنی یۆرانیۆم پەنجا بەرابەر زیاد دەکا، ئەو کات پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی یەکدەنگ دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران بوەستێتەوە. بەدوای بڵاوبوونەوەی ئەم بڕیارەی کۆماری ئیسلامی، دەوڵەتی بریتانیا داوای لە دەوڵەتی حەسەن ڕوحانی کرد کە بەپەلە بە بڕیارەکەیدا بچیتەوە و ڕێز لە ڕێککەوتنی ساڵی ٢٠١٥بگرێ. "دۆمینیک ڕاب" وەزیری دەرەوەی بریتانیا ڕایگەیاند کە ئەو بڕیارەی ئێران پێشێلکردنی ڕێککەوتنی ئەتۆمی و مەترسییە بۆسەر ئاسایشی نەتەوەیی بریتانیا. یەکیەتیی ئورووپاش نیگەرانی خۆی لەو بڕیارەی کۆماری ئیسلامی ڕاگەیاند و داوای کرد کە دەوڵەتی ڕوحانی پێبەندی ڕێککەوتننامەی بەرجام بێ چونکە بڕیاری دەسپێکردنەوەی پیتاندنی یۆرانیۆم ڕێککەوتنی بەرجام دەخاتە مەترسییەوە و پێویستە کۆماری ئیسلامی بە بڕیارەکەیدا بچێتەوە. هەر لەم پێوەندییەدا دەوڵەتی فەڕانسە هۆشداریی دایە کۆماری ئیسلامی و داوایکرد کە بە بڕیارەکەیدا بچێتەوە و پێبەندی ڕێککەوتنی ئەتۆمی بێت. دەوڵەتی ڕووسیەش بە نیگەرانییەوە سەیری ئەو بڕیارەی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکا و داوایکرد کە لە ڕێککەوتنەکەدا بمێنیتەوە. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە لە ماوەی تەمەنی خۆیدا هەر خەریکی کردەوەی ئاژاوەگێڕانە و دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتان دابووە، دروستکردنی چەکی ئەتۆمییش یەکێک لە هەوڵەکانی بوەو بەمەش وڵاتانی جیهانی نیگەران کردوە. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ جڵەوکردنی ئەو ڕێژیمە سەرەڕۆیە کۆمەڵێک بڕیاری توندی بەسەردا سەپاند و ڕێککەوتنی بەرجامیش یەکێک لە هەوڵە نیودەوڵەتییەکان بوو بۆ دەستڕانەگەیشتنی کۆماری ئیسلامی بە چەکی کۆمەڵکوژ و کۆمەڵێک هەوڵی تێکدەرانەی ئەو ڕێژیمە، بەڵام کۆماری ئیسلامی هیچکات پێبەندی یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان نەبووە و هەمیشە لەژێر چاودێری دابووە. ڕێژیم دەیهەوێ لە ڕێگەی دەسپێکردنەوەی پیتاندنی یۆرانیۆم گوشار بخاتە سەر وڵاتان بۆ ئەوەی بە ئامانجەکانی بگا. ڕێژیم بەم سیاسەتە هەڵەیە خەڵکی ئێرانی خستۆتە ژێر گوشار و گەمارۆ ئابووری و بانکییەکان لە سایەی سیاسەتە تێکدەرانەکانی ئەو ڕێژیمەوە ژیانیان لە خەڵکی ئێران تاڵ کردووە.