کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپێشاندانەکانی عێراق سەدان کوژراو و هەزاران برینداری لێکەوتەوە.

16:40 - 16 خەزەڵوەر 2719

ماوەیەکە خۆپێشاندانەکانی خەڵکی عێراق دژ بە گەندەڵی و شێوەی بەڕێوەبەریی وڵات بەردەوامن و تا ئێستا سەدان کوژراو هەزاران برینداری لێکەوتۆتەوە. لە درێژەی خۆپێشاندانەکانی خەڵکی عێراق و بە تایبەت خەڵکی ناوچە شێعەنشینەکان، خۆپێشاندەران بە دروشمی جۆراوجۆر بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان شەو و ڕۆژ لە شەقامەکان دەمێننەوە. لەو خۆپێشاندانانەدا تا ئێستا ٢٦٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ١١ هەزار کەس بریندار بوون. هێزە ئەمنییەکان بۆ سەرکوتی خۆپێشاندەران لە چەک و گازی فرمێسکڕێژ کەڵک وەردەگرن. بەپێی سەرچاوەکانی هەواڵ کە لە زمان خۆپێشاندەرانەوە گوازراونەوە، بەشێک لەو چەکدارانەی کە تەقە لە خەڵک دەکەن، سەر بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانن. خۆپێشاندەران دژ بە دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی لە وڵاتەکەیان، دروشمی "ئێران بۆ دەرەوە" دەدەنەوە و لە چەند شوێنێک هێرشیان کردۆتە سەر بنکە و بارەگاکانی ئەو ڕێژیمە و لە کەربەلا کۆنسۆلخانەکەیان ئاگر تێبەردا و ئاڵای عێراقیان لە سەر دیوارەکانی ئەو کۆنسۆلخانەیە هەڵکرد کە لە ئاکامی تێکهەڵچوونی خۆپێشاندەران و هێزە ئەمنییەکان دەیان کەس کوژران و بریندار بوون. مایک پۆمپێئۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە هەناردەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ عێراق و لوبنان بەس گەندەڵی بوە و خەڵکی ئەو وڵاتانە هەقیانە کە دژی دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی لە وڵاتەکانیان بن. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆی کە بریتییە لە شەڕ و ئاژاوە و هێژمونخوازی لە وڵاتانی دەوروبەر، تێچوویەکی زۆریداوە و سامانی خەڵکی ئێرانی بۆ مەبەستە تێرۆریستی و تێکدەرانەکانی لە عێراق و وڵاتانی تر بە فیڕۆ داوە و ئێستا دەبینین کە ئاکامی ئەو سیاسەتە هەڵەیەی ڕێژیم بۆتە هۆی ئەوەی کە خەڵک لێی بێزار بن و دەیانهەوی لە وڵاتەکانیان دەریبکەن و نەهێڵن لەوە زیاتر دەست لە کاروبار و بەڕێوەبەری وڵاتەکەیان وەربدا.