کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گازی فرمێسکڕێژی ئێرانی بۆتە هۆی مەرگی خۆپێشاندەرانی عێراقی

14:39 - 18 خەزەڵوەر 2719

خەڵکی ناڕازی عێراق بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان، لە خۆپێشاندانەکانیان بەردەوامن و ئەو ناڕەزایەتییانە تا ئێستا سەدان کوژراو و هەزاران برینداری لێکەوتۆتەوە و گازی فرمێسکڕێژی ئێرانی بۆتە هۆی مەرگی دەیان خۆپێشاندەر. بەپێی راپۆرتی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی کە ڕۆژی پێنج شەممە ١٦ی خەزەڵوەری ١٣٩٨ی هەتاوی بڵاوکراوەتەوە، گازی فرمێسکڕێژی سازکراوی ئێرانی لە رووبەڕووبوونەوەی پۆلیس لەگەڵ خۆپێشاندەرانی عێراقی بۆتە هۆی مەرگی دەیان کەس لەو خۆپێشاندەرانە لە شارە جۆراوجۆرەکانی عێراق. لەو خۆپێشاندانانەی شارەکانی عێراق بە تایبەت لە بەغدای پێتەختی ئەو وڵاتە تا ئێستا ٣٠٠ کەس کوژراون و زیاتر لە ١١ هەزار کەس بریندار بوون. لە ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەییدا کە لە ماڵپەڕی رەسمیی ئەو ڕێکخراوەیە بلاوکراوەتەوە، هاتووە، لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ خۆپێشاندەراندا پۆلیس کەڵکی لە دوو جۆر گوللەی فرمێسکڕێژی ٤٠ میلیمیتری وەرگرتووە کە دروستکراوی وڵاتی سربستانە بەڵام، لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە کە بەپێی لێکۆڵینەوەکان دوو جۆر گوللەی دیکە کە لەو خۆپێشاندانانەدا بەکار هاتوون دروستکراوی وەزارەتی بەرگریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانن. شایانی باسە کە ئەو جۆرە گازە فرمێسکڕێژە پێشتر لە ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی بۆ سەرکوتی خۆپێشاندەرانی ئێرانی لە شارەکانی ئێران کەڵکیان لێوەرگیراوە و بەهۆی ئەو گازەوە ژمارەیەک لەخۆپێشاندەران تووشی کوێری و گرفتی تەندروستی بوونەتەوە. لە ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەییدا هاتوە کە تا ئێستا لە چوار ڤیدیۆ ودەیان وێنە کە لە کوژراوانی خۆپێشاندانەکان بەهۆی گازی فرمیسکڕێژی ئێرانی بڵاوکراونەتەوە، لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن. هەر بەپێی ئەو هەواڵ و راپۆرتانەی کە بڵاوکراونەتەوە، پێشریش خۆپێشاندەران لەلایەن چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی و چەکدارەکانی "حەشدی شەعبی"یەوە تەقەیان لێکراوە و کوژراون و بریندار بوون کە ئەو هێزەش لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پشتیوانی لێدەکرێ. ئەو خۆپێشاندانانە کە زۆرتر لە ناوچە شیعەنشینەکان سەریان هەڵداوە، خۆپێشاندەران دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران دروشمیان داوە و هێرشیان کردۆتە سەر کۆنسۆلگەری کۆماری ئیسلامی لە شاری کەربەلا و وێنەکانی ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان سوتاندووە و داوایان کردووە کە ئێران لە وڵاتەکەیان بچێتە دەرەوە.