کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەردۆغان: هیچ دوور نییە ناڕەزایەتییەکانی عێراق بگوازرێنەوە بۆ نێوخۆی ئێران

14:58 - 18 خەزەڵوەر 2719

سەرۆک کۆماری تورکیە "رەجەب تەییب ئەردۆغان" لە پەراوێزی سەفەرەکەی بۆ مەجارستان وێڕای ڕەخنەگرتن لە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی لەهەمبەر هێرشی تورکیە بۆسەر ڕۆژاوای کوردستان، نیگەرانی خۆشی دەربڕی لەوەیکە بە هۆی ئەو دروشمانەی خەڵکی عێراق دژبە کۆماری ئیسلامی بەرزیدەکەنەوە، دەستی دەرەکی و پلانێکی بەهێزی دوژمنکارانەی لە پشتە و ئەگەری گواستنەوەی ناڕەزایەتیەکانی عێراق بۆ نێوخۆی ئێران زۆرە. ناوبراو هەروەها ڕایگەیاند کە دەستێک لە ئارادایە بۆ بێهێزکردن و بە گژیەکداکردنی وڵاتانی ئیسلامی و لە ناوبردنیان، لەوانە ئاماژەی بە هەڵوێستی کۆماری ئیسلامی و عێراق و چەندین وڵاتی ئیسلامی کرد کە دژایەتی هێرشی تورکیەیان کردووە بۆ سەر ڕۆژاوای کوردستان و لە جێگەی ئەوەی کە پشتی دەوڵەتی تورکیە بگرن، پشتی یەپەگەیان گرتووە. شایانی باسە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ هەرچەشنە مافێکی گەلی کورد لە هەر پارچەیەکی کوردستان دژایەتی دەکا و دەستێکی باڵای هەیە لە پیلانەکانی دژ بە کورددا، بەڵام بەهۆی دۆستایەتی لەگەڵ حکوومەتی سووریە و دەستێوەردانەکانی لەو وڵاتە، نایهەوێ دەوڵەتی تورکیە کە دژی دەوڵەتی بەشار ئەسەدە، بێتە نێو خاکی سووریە و ئەوەش بۆتە هۆی دژایەتی دوو دەوڵەتی ئێران و تورکیە و ئەو دژایەتییەی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ تورکیەش هیچ پێوەندییەکی بە پاراستنی ڕۆژاوای کوردستان و مافی گەلی کوردەوە لەو پارچەیەی کوردستان نییە و دژایەتییەکەی بۆ خاتری پاراستنی بەرژەوەندی خۆی و دەوڵەتی سووریەیە کە هاوپەیمانیەتی و لەو ڕێگەیەدا تێچوویەکی زۆری بۆ پاراستن و ڕاگرتنی حکوومەتەکەی بەشار ئەسەد داوە .