کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەرجەکانی فەرماندەری هەسەدە بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ دەوڵەتی سووریە

16:33 - 18 خەزەڵوەر 2719

مەزلووم کۆبانی، فەرماندەی هێزەکانی ڕۆژاوای کوردستان، بەو مەرجە ڕێککەوتن لەگەڵ دەوڵەتی سووریە دەکا کە ئەو بەشەی کوردستان خودموختار بێ و هێزەکانی هەسەدە وەکوو ئەرتەشی ئەو ناوچەیە لەوێ بمێننەوە. ئەوە لە کاتێکدایە کە هێزەکانی تورکیە لەلایەک و هێزەکانی سووریە لەلایەکی تر و هەروەها هێزەکانی سووریە لەگەڵ ڕووسیە و هێزەکانی ئەمریکا لە خاکی سووریە لە جەولە و گەڕان دان. شەڕ لە ڕۆژاوای کوردستان بەردەوامە و بەکرێگیراوانی دەوڵەتی تورکیە ناسراو بە ئەرتەشی سووریە کە لە گرووپە ئیسلامی، عەرەب و تورکمانی سووریە پێک هاتوون، لە کردەوەی نائینسانیدا هیچ سنوورێکی ئینسانی ناپارێزن. بۆ نموونە لە دوایین ڕووداوەکاندا، تانکێکی تورک، لاوێکی ناڕازیی کوردی کردە ژێرەوە و بەسەر جەستەیدا تێپەڕی. شایانی باسە کە مەزلووم کۆبانی، دوو مەرجی بۆ دەوڵەتی سووریە داناوە کە بریتییە لەوەیکە ئەو بەشەی سووریە خودموختاری هەبێ و هێزەکانی هەسەدە لەو ناوچەیە سەربەخۆ بن. سەربەخۆیی ئەو هێزانەی هەسەدە لەو ناوچەیەدا دەبێتە هۆی پاراستنی ئەو ناوچەیەی وڵاتی سووریە. ناوبراو لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی ڕووداو ڕایگەیاندووە کە مەبەستی ئێمە ڕوونە، ئێمە هەموو کاتێک داوای ئەوەمان لە دەوڵەتی سووریە کردووە کە دەبوو خودموختاری بداتە بەشەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریە و ئەو بابەتە لە یاسای بنەڕەتیی سووریەدا تۆمار بکات و دواتریش هێزەکانی سووریەی دێموکرات، بە بەشێک لە هێزە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە ئەژمار بکرێن. دەوڵەتی سووریە بۆ تێکەڵ کردنی هێزەکانی سووریەی دێموکرات لەگەڵ ئەرتەش، ئامادەیی خۆی دەربڕیوە، بەڵام لەوەیکە ئەو هێزانە بتوانن ناوچە دیاری کراوەکانی سووریە بپارێزن، خۆی پاراستووە. دەوڵەتی سووریە داواکاری ئەوەیە کە هێزەکانی سووریەی دێموکرات و فەرماندەکانی بۆ خۆیان پەیوەست بن بە ئەرتەشی ئەو وڵاتەوە، بەڵام هێزەکانی ڕۆژاوا لەگەڵ ئەو داواکارییەدا نین و لەوبارەوە ناڕەزایەتیی خۆیان بە دەوڵەتی سووریە ڕاگەیاندووە.