کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیگەرانیی ئەمریکا لە پێبەند نەبوونی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ڕێککەوتنی بەرجام

16:39 - 18 خەزەڵوەر 2719

مایک پۆمپێئۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە پێبەند نەبوونی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ڕێککەوتنەکان و هاوکاری نەکردنی لەگەڵ ئاژانسی وزەی ناوکی بەردەوامە. ناوبراو دەڵێ: وادیارە کە کۆماری ئیسلامی لە ناوەندە ئەتومییەکانیدا ماددەی" ڕادیۆ ئەکتیڤ"ـی هەبووە و ڕاینەگەیاندوە و ئاژانسی وزەی ناوکیش پێی نەزانیوە. هەرلەو پێوەندییەدا، پۆمپێئۆ ناڕەزایەتیی خۆی لە هەمبەر دەسبەسەر کردنی پشکێنەری ئاژانسی ئەتۆمی و دەرکردنی لە ئێران وتی کە ئەو کارەی کۆماری ئیسلامی نایاساییە. شایانی باسە کە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش سەبارەت بە ناردنەوەی ئەو ژنە پشکێنەرەی ئاژانسی وزەی ئەتۆم ناڕەزایەتیی دەربڕیوە و ڕایگەیاندووە کە کۆماری ئیسلامی پێبەندی یاسا نێودەوڵەتییەکان نییە. هەر بۆیە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەوبارەوە ڕایگەیاندووە کە کۆماری ئیسلامی دەبێ ڕێگە بدات بە پشکێنەر و چاوەدێرەکانی ئاژانسی وزەی ناوکی تاکوو بە باشترین شێوە کار و ئەرکەکانیان لە ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران جێبەجێ بکەن. شایانی باسە کە کۆماری ئیسلامی ماوەیەک لەمەوبەر ڕایگەیاند کە هەنگاوی چوارەم بۆ جێبەجینەکردنی ڕێککەوتنی بەرجام و گاز بۆ سانتریفییوژەکانی دابین دەکا و ناوەندی ئەتۆمیی نەتەنز زیاتر چالاک دەکاتەوە. هەر ئەوەش ناڕەزایەتی و وەدەنگ هاتنی وڵاتانی ئەندام لە ڕێککەوتنی بەرجامی لێکەوتەوە و چەند وڵاتی دیکەش ئەو کارەی کۆماری ئیسلامییان بە شکاندنی یاساکان ناوبرد. بۆ نموونە ئێمانۆئێل ماکرۆن سەرۆک کۆماری فەڕانسە لەوبارەوە نیگەرانیی خۆی دەربڕی و زۆربەی وڵاتانی دیکەی جیهانیش ناڕەزایەتی خۆیان لەو بڕیارەی کۆماری ئیسلامیی ئێران راگەیاند.