کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی خۆکوژی لە ناوچەی ئیلام

16:43 - 18 خەزەڵوەر 2719

خۆکوژی لەنێو خەڵکی پارێزگای ئیلامدا ساڵانێکە پەرەی سەندووە و کۆماری ئیسلامی نەک هەر هیچ هەوڵێک بۆ بەرگری یا کەم کردنەوەی ئەو دیاردەیە نادا، بەڵکوو ئامارەکانیش ڕاناگەیەنێ. دۆخی نالەباری ئابووری و نەداری و پیاوسالاری و نەبوونی ئازادیی ژنان لە پارێزگای ئیلام و ناوچەکانی دەوروبەریدا، تۆمەتی ناڕەوا لێدان لە ژنان و جیابوونەوەی هاوسەرەکان، سەرەکیترین هۆکاری خۆکوژیی ژنانە لەو پارێزگایە. ناڕەزایەتی دەربڕینی ژنان بە دۆخی خراپی بنەماڵە و کۆمەڵگە دەبێتە کێشەیەکی گەورە بۆیان و لەلایەن بنەماڵەکانیانەوە ئازار دەدرێن. تا ماوەی چەند ساڵێک پێش ئێستا، ئاماری خۆکوژییەکان زیاتر کەسانی بەساڵاچووی نیشان دەدا بەڵام ئەو ماوەیە، زیاترین ئامارەکانی خۆکوژی، گەنجان و لاوان دەگرێتەوە. لە ساڵی ١٣٩٦ی هەتاویدا، ناوەندی پزیشکی یاسایی کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاند کە ٤ هەزار و ٦٢٧ کەس لەو ساڵەدا خۆیان کوشتووە کە ٣٠٠٠ کەسیان ژن بوون، بەڵام ئەو ئامارە بە خێرایی لەسەر ماڵپەڕەکان سڕایەوە تاکوو خەڵک نەیبینن. پارێزگای ئیلام یەکێک لە هەژارترین پارێزگاکانی کوردستان دیتە ئەژمار و شاری ئەیوان کە سەر بەو پارێزگایەیە، رادەیەکی بەرچاوی لە خۆکوژیی ژناندا هەیە و بەو بۆنەوە ناویان ناوە شاری بووکی مەرگ. شایانی باسە کە ئیلام، کوهگیلوویە و بوێر ئەحمەد، کرماشان و لوڕستان سەرەکیترین و بەرچاوترین ڕادەی خۆکوژییەکانیان هەیە. ئەو پارێزگایانە لەڕووی مێژوو و فەرهەنگ و کولتوورەوە، ڕابردوویەکی وەکوو یەکیان هەیە. جێگای ئاماژەیە کە کۆماری ئیسلامی و ناوەندەکانی پێوەندیدار بەو ڕێژیمەوە، وەکوو بێهزیستی و ناوەندە دەرمانییەکانی پێوەندیدار بە نەخۆشیی خەمۆکی و کێشەکانی کۆمەڵگەوە، زۆر کەمتەرخەمن و بۆیان گرینگ نییە کە بە خۆکوژیی تاکەکەسێک، شیرازەی بنەماڵەیەک تێکدەچێ و دۆخی کۆمەڵگە بەرەور ئاقارێکی نالەبار هەنگاو دەنی.