کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی تێکوشەرێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان

04:15 - 19 خەزەڵوەر 2719

رەحمان قاقڕ پێشمەرگەی دێرینی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە شاری هەولێر کۆچی دوایی کرد. ڕۆژی پێنجشەممە ١٦ی خەزەڵوەری ١٣٩٨ی هەتاوی، ڕەحمان قاقڕ پێشمەرگەی دێرینی حیزبی دیموکراتی کوردستان بەهۆی سەکتەی دڵ لە تەمەنی 53 ساڵیدا لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری هەولێر کۆچی دوایی کرد. هاوڕێ رەحمان قاقڕ کوڕی محەممەد ساڵی 1345ی هەتاوی لە ناوچەی نەغەدە لە بنەماڵەیەکی هەژار لەدایکبووە و لەدوای شۆڕشی گەلانی ئێران هۆگری حیزبی دێموکرات دەبێ و دەبێتە پێشمەرگەی ئەم حیزبە و تا کۆتایی تەمەنی وەفادار بە ڕێبازە پیرۆزەکەی مایەوە. نەمر ڕەحمان قاقر لە ماوەی پێشمەرگایەتییدا لە ناوچەکانی نەغەدە، شنو، مهاباد، سەردەشت و پیرانشار ئەرکی پێشمەرگایەتی بەوپەڕی دڵسۆزی و دڵپاکی بەجێگەیاندوە. ڕەحمان قاقڕ لە شەڕ لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا چەند جار بریندار بووە و دوای ساڕێژ بوونەوەی برینەکانی درێژەی بە ئەرکە پێشپێردراوەکانی دەدا. رەحمان لە ساڵی ١٣٨٢ی هەتاوی ژیانی هابەشی پێکهێناوە و خاوەنی سێ مناڵ بوو. نەمر ڕەحمان قاقڕ چ کاتی پێشمەرگایەتی و چ کاتێکدا کە لە هەولێر وەک ئەندام چالاکی دەکرد بە بەردەوامی ئەرکە حیزبییەکانی بەجێدەگەیاند. بەداخەوە نیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە ١٦ی خەزڵوەر لە ناکاو رەوشی تەندروستی تێکدەچێت و لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی هەولێر گیانی سپارد. سادەیی، بێ تەکەبووری و نیشتمانپەروەری سێ تایبەتمەندین کە رەحمان قاقڕیان پێدەناسرێتەوە. نەمر ڕەحمان قاقڕ کوڕێکی ساددە و دەم بەپێکەنین بوو و هەمیشە بە گاڵتەوگەپ و گۆرانی کۆڕی هاوڕێیانی پێشمەرگەی دەڕازاندەوە و بە ئاکار و ئەخلاقی سادە و پێشمەرگانەی ببووە خۆشەویستی پێشمەرگەکان و خەڵکی ئەو ناوچانەی کە ئەرکی پێشمەرگایەتی تێدا بەجێدەگەیاند. لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانەوە سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی بەڕێزی نەمر ڕەحمان قاقر و خزم و کەسوکەری دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.