کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆنگرەی 17ی حیزبی دێموکرات بە سەرکەوتوویی کۆتایی بە کارەکانی هێنا

17:30 - 21 خەزەڵوەر 2719

حیزبی دێموکراتی کوردستان حەڤدەهەمین کۆنگرەی خۆی گرت. کۆنگرەی 17ی حیزبی دێموکراتی کوردستان کە لە ژێر ناوی "کۆنگرەی شەهیدانی 17ی خەرمانان" و بە دروشمی " یەکڕیزی و تێکۆشان و هیوا بە دواڕۆژ زامنی سەرکەوتنمانن " بەڕێوەچوو، دوای دوو ڕۆژ کاری چڕوپڕ بە ڕاپەڕاندنی ئەرک و بەرنامە کارییەکانی بە سەرکەوتنەوە کۆتایی بە کارەکانی هێنا. کۆنگرەی 17ی حیزبی دێموکراتی کوردستان کە لە ڕۆژانی یەکشەممە و دووشەممە، 19 و 20ی خەزەڵوەر (10 و 11ی نوامبری 2019ی زایینی) بەڕێوە چوو، کۆمەڵە ئەرکێکی بۆ خۆی دستنیشان کردبوو. ڕاپۆرتی کۆمیتەی ناوەندی بۆ کۆنگرە و لێکدانەوەی سیاسی لەسەر بارودۆخی سیاسیی کوردستان، ئێران، ناوچە و جیهان، گەڵاڵەی مودیرییەت و بەڕێوەبەریی حیزب، پێداچوونەوە بە بەرنامە و پێڕەوی نێوخۆ، گەڵاڵەی بڕیار و ڕاسپاردەکانی کۆنگرە چەند تەوەرێکی سەرەکیی کاری کۆنگرە بوون کە دوای تاوتوێی بەشداران وەک بەڵگەنامەی کۆنگرە پەسند کران. کۆنگرە لە بەشێکی دیکەی کارەکانیدا کۆمیتەی ناوەندیی نوێی بۆ بەردەوامیی کار و تێکۆشانی حیزب هەڵبژارد. کۆمیتەی ناوەندیی هەڵبژێردراوی کۆنگرەی حەڤدەهەمی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە یەکەم کۆبوونەوەی خۆیدا بەڕێز "خالید عەزیزی"ی بە سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کورستان هەڵبژارد. وردەکاریی زیاتر لە پێوەندی لەگەڵ حەڤدەهەمین کۆنگرەی حیزب لە بەیاننامەیەکدا بە ئاگاداریی کۆمەڵانی خەڵک ڕادەگەیەندرێ.