کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیاندنی کۆبوونەوەی ناوەندی ھاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

22:06 - 27 خەزەڵوەر 2719

خەڵکی تێکۆشەری کوردستان! ئەوڕۆ ٢٧ی مانگی خەزەڵوەر لە بارەگای کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران کۆبوونەوەیەک بە بەشداریی بەرپرسانی یەکەمی ھێزەکانی ناوەند سەبارەت بە بارودۆخی ئێستای ئێران و کوردستان بەڕێوەچوو. لەو دانیشتنەدا بۆ جارێکی دیکە پشتیوانی لە ناڕەزایەتی و ئیعتیرازی ڕەوای خەڵک و یەکدەنگ بوونیان کرایەوە، سیاسەتی سەرکوتی دڕندانەی کۆماری ئیسلامی مەحکوم کرا و بە تایبەتی سەرکوت و کوشتاری بەرین لە کوردستان ئاماژەی پێدرا. ناوەندی ھاوکاریی ھاتنە مەیدان و خۆڕاگری و بوێری خەڵکی بەرز نرخاند و جەختی کردەوە کە خۆپیشاندانی مەدەنی مافی جەماوەرە و ڕاکێشانی بەرەو توندوتیژی ڕێک لە ئەستۆی ھێزەکانی کۆماری ئیسلامییە. ھەموو لایەک لە ئێستادا لەسەر ئەو خاڵانەی خوارەوە ھاودەنگ بوون: ١. ناوەند ڕوو دەکاتە ھەموو ڕێکخراو و ناوەندە نێونەتەوەییەکان بۆ گوشار خستنە سەر کۆماری ئیسلامی و پشتیوانی لە ناڕەزایەتی و داوا ڕەواکانی خەڵکی ئێران و کوردستان، بە تایبەتی کۆتایی ھێنان بە سیاسەتی کوشتار و میلیتاریزە کردنی شارەکانی کوردستان. ھەروەھا تەئکید کراوە کە ناوەند لەو ھەلومەرجەدا ھاوکاری و ھاوئاھەنگی زیاتر لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێران و بزوتنەوە ئیعتیرازییەکانی ئێران بە پێویست دەزانێ و چاوەڕوانی پشتیوانی و ھاوئاھەنگییە لەگەڵیان. ٢. داوا لە ھەموو کوردانی ھەندەران دەکەین کە بە خۆپیشاندان و گردبوونەوەی جەماوەریی پشتیوانی لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان بکەن. بە تایبەتی ڕوو دەکەینە تێکۆشەران و خەڵکانی رۆژھەڵاتی لە تاراوگە کە بەو پەڕی توانیان وەگەڕ بکەون. داوا لە ھێز و چالاکوانانی بەشەکانی دیکەی کوردستانیش دەکەین کە لەو ھەلومەرجەدا پشتیوانی دۆزی ڕەوا و خەباتی ڕۆژھەڵاتی کوردستان بن. ھەروەھا داوا لە ڕێکخراو و ئەندامانی چوار حیزبەکەی ناوەند دەکەین کە بە ھاوئاھەنگی لەگەڵ یەکتر و باقی لایەنە سیاسیەکانی دیکە ڕۆژی شەممە ٢٣ی مانگی نوامبر ڕێپێوان و ئیعتیرازی سەراسەری لە دەرەوەی وڵات ساز بدەن. ٣. داوا لە چالاکوانانی ناوەوەی کوردستان دەکەین کە چۆن بۆیان بگونجێ بە وشیاری ناڕەزایەتیەکانیان درێژە پێبدەن و تێبکۆشن کە پیلانەکانی ڕژیم پووچەڵ بکەنەوە. ئێمەش هەوڵ دەدەین کە بە ھاوفیکری لەگەڵ چالاکوانانی ناوەوە لە شێوازی دیکەی ئیعتیرازی گشتییش لە داھاتوودا کەڵک وەربگرین. ناوەندی ھاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران ١٨. ١١. ٢٠١٩ بەرابەری ٢٧ خەزەڵوەری ١٣٩٨ ھەتاویی