کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تاوتوێی تێزی دوکتۆرای بەڕێز سمایل بازیار، تێکۆشەری دێرینی حیزبی دێموکرات

17:45 - 1 سەرماوەز 2719

تێزی دوکتۆرای بەڕێز سمایل بازیار، مامۆستای زانکۆی کۆیە، لە ژێر ناوی "کاریگەریی ئەندێشەی چەپ لەسەر بزاڤی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان, حیزبی دێموکراتی کوردستان بە نموونە 1945_1991"(1370_1324) لەلایەن لێژنەیەکی ۶ کەسی لە زانکۆی سەلاحەدین لە هەولێر گفتوگۆی لەسەر کرا. پێش‌نیوەڕۆی ڕۆژی پێنج‌شەممە، ڕێکەوتی ۳۰ی خەزەڵوەری ۱۳۹٨ی هەتاوی بەرانبەر بە 21ی نوامبێری 2019ی زایینی، لە هۆڵی سەنتەری ڕۆشنبیریی زانکۆی سەلاحەدین لە هەولێر، تاوتوێی تێزی دوکتورای بەڕێز سمایل بازیار، تێکۆشەری دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستان و مامۆستای زانکۆی کۆیە، لە ژێر ناوی "کاریگەریی ئەندێشەی چەپ لەسەر بزاڤی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان"، لە لایەن لێژنەیەکی پێکهاتوو لە شەش پڕۆفیسۆری بواری مێژوو و بە ئامادەیی ژمارەیەک لە مامۆستایان، خوێندکارانی زانکۆ و تێکۆشەرانی دێرینی حیزبی دێموکرات، گفتوگۆی چڕوپڕی لەسەر کرا. لەم دانیشتنەدا، هەرکام لە بەڕێزان پڕۆفیسۆر د.خەلیل عەلی مراد لە زانکۆی سەلاحەدین؛ پڕۆفیسۆر د.عەبدولفەتاح عەلی یەحیا لە ئەکادیمیای کوردی؛ پڕۆفیسۆر د.سەروەر عەبدولڕەحمان عومەر لە زانکۆی سلێمانی، د.ئەحمەد حەمەدەمین عومەر، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە زانکۆی سەلاحەدین، د.هیوا حەمید شەریف، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە زانکۆی کۆیە؛ پڕۆفیسۆر د.ئیسماعیل محەممەد حەساف لە زانکۆی سەلاحەدین، بەشدار بوون کە سەرەتا پڕۆفیسۆر د.عەبدولفەتاح عەلی یەحیا پڕۆفسۆر د.سەروەر عەبدولڕەحمان عومەر، تێبینی و نرخاندنەکانی خۆیان لەسەر لایەنە جۆراوجۆرەکانی تێزی دوکتورای تێکۆشەر سمایل بازیار دەربڕی و دواتر مۆڵەت بە بەڕێز بازیار درا کە تێبینی و ڕوونکردنەوەکانی بخاتە بەرباس. پاشان پڕۆفیسۆر د.ئەحمەد حەمەدەمین لە زانکۆی سەلاحەدین، لەسەر جۆری داڕشتن، زمانەوانی و ڕێزمان، پەراوێزەکان و وەرددانەوەی بەشێک لە ڕووداوە مێژوویییەکان لە تێزەکەدا، نرخاندنەکانی خۆی خستەڕوو. لە درێژەی هەڵسەنگاندن بۆ تێزی دوکتۆرای بەڕێز بازیاردا، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر د.هیوا حەمید شەریف، مامۆستای زانکۆی کۆیە، خوێندنەوەکانی خۆی بۆ تێزەکە و بەتایبەتی گەشەی بیری چەپ لە کوردستان لەباری پڕاکتیکەوە خستەبەر باس. دواتر پڕۆفیسۆر د.خەلیل عەلی موراد، مامۆستای زانکۆی سەلاحەدین، پلان و سەرچاوە و زانیارییەکانی تێزەکەی بە دەوڵەمەند و پڕناوەرۆک ناوبرد و تێبینی و هەڵسەنگاندنەکانی خۆی بۆ دەقەکە دەسنیشان کرد. پێویستە بگوترێ، کە تێزەکەی بەڕێز سمایل بازیار، لە ژێر ناوی "کاریگەریی ئەندێشەی چەپ لەسەر بزاڤی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک نموونە حیزبی دێموکراتی کوردستان لە 1991_1945" ( 1370_1324) لێکۆڵینەوەیەکی تێروتەسەل و هەمەلایەنە بوو لەمەڕ کاریگەریی بیری چەپ لەسەر بزووتنەوەی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەتایبەتی مێژووی ۴۶ ساڵەی "حیزبی دێموکراتی کوردستان" ی لە ساڵی 1991_ 1324 وەک نموونە خستبووە بەر شرۆڤە و لێکدانەوە و خاڵە بەهێز و لاوازەکانی بە وردی دەسنیشان کردبوو. لە کۆتایی باسەکەدا، لیژنەکە بڕوانامەی دوکتۆرای بە بەڕێز سمایل بازیار بەخشی. لەلایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی بەڕێز دوکتۆر ئیسماعیل بازیار تێکۆشەری دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستان دەکەین و هیوای سەرکەوتنی لە ژیان و کار و ئەرکەکانیدا بۆ بە ئاوات دەخوازین.