کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەستەیەکی دیکە لەکچان وکوڕانی کوردستان بەرگی پیرۆزی پێشمەرگایەتییان پۆشی

14:55 - 5 سەرماوەز 2719

دوانیوەڕۆی رۆژی دووشەممە ٤ی سەرماوەزی ٩٨ی هەتاوی، لە رێوڕەسمێکی پێشمەرگانە‌دا دەورەی ٢٣٥ی سەرەتایی پیشمەرگە لە فێرگەی سیاسی- نیزامیی حیزبی دێموکراتی کوردستان کۆتایی پێهات. سەرەتا بە سروودی ئەی رەقیب و ڕێژە وچەند نمایشێکی ڕەزمی دەستی پێکرد. دواتر برایم چووکەڵی بەرپرسی فێرگەی سیاسی - نیزامی وتارێکی بەو بۆنەوە پێشکەش کرد. ناوبراو لەسەرەتادا ئاماژەی بە رۆڵی فێرگە کردو گوتی: ئه‌ركی فێرگەی حیزبی دێموکرات بریتییە لە کردنەوەی دەلاقەیەک بۆ پەروەردەکردنی باری سیاسی و ‌فێركردنی لاوه‌كان له‌ سه‌ر شه‌ڕو، شارەزا كردنیان به‌ چه‌ك و كه‌رسته‌ی نیزامیی و ئه‌ركه‌كانی دیكه‌ی پێشمه‌رگایه‌تی و بردنه‌ سه‌ری توانای ئەو لاوانە له‌بواری سیاسی و نیزامیدا، دانانی به‌رنامه‌ی ئاموزشی به‌پێی ئاڵوگۆڕی دۆخی خه‌بات و جۆری‌ تاكتیكه‌كانی رێژیم وخۆ ئاماده‌كردن بۆ قۆناغه‌ جۆراوجۆره‌كان به‌پێی ئاموزشی نوێ وچۆنیه‌تی ره‌فتارو ئەخلاقی شۆڕشگێڕانەی پێشمەرگە لە نێو کۆمەڵانی هەراوی خەڵکی کوردستاندا. برایم چووکەڵی لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا بە ئاماژەدان بە دۆخی ئێران و کوردستان بە تایبەتی لەو پێوەندییە‌دا گوتی: "تازەترین رووداو و خۆپێشاندانەکانی رۆژی ٢٤ی خەزەڵوەر لە حەوتووی رابردوودا کە بەهۆی بەرزکردنەوەی نرخی بێنزین، بووە هۆی ئەوە کە لە ئێران ناڕەزایەتی بەربڵاو و هەمەلایەنەی جەماوەری دەست پێ بکاو زیاتر لە ١٤٨ شارو، لە کوردستانیش بە نیشانەی یەکگرتووی لەگەڵ جووڵانەوەی سەراسەری بە هاتنە سەر شەقام و گرتنی شەقامەکان و سووتانی چەندین دەزگای رێژیمی لێ کەوتەوە. لە رۆژەکانی ٢٥ و٢٦ی خەزەڵوەر تێکهەڵچوون لە نێوان خۆپێشاندەران وهێزەکانی کۆماری ئیسلامی رووی داو زیاتر لە ١٠٠ کەس کوژراون کە نیوەی خەڵکی شارەکانی کوردستانن و بە سەدان کەس بریندار و بەهەزارانیش ڕەوانەی بەندیخانەکان کراون. ئێمە هەست دەکەین کە قەیرانی ئەمجارەی رێژیم زۆر بەربڵاوە و لەئاستی جۆراوجۆری سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و نێودەوڵەتی گیروگرفتی لە ڕادەبەدەری بۆ کۆماری ئیسلامی درووست کردوە، بەشداری زۆری خەڵک و درووشمەکانی ئەو بزووتنەوەیە بەتەواوی شەرعییەتی رێژیمی هێنایە ژێر پرسیارو تووشی گیروگرفت و ئاستەنگی گەورەی کردووە." هەروەها چووکەڵی لە درێژەی قسەکانی‌دا باسی کۆنگرەی ١٧ی کردو وتی: "هەروەک ئاگادارن حیزبەکەمان کۆنگرەی ١٧ی خۆی لە رۆژەکانی ١٩ و٢٠ خەزەڵوەر گرت، حیزبەکەمان لەکاتێکدا کۆنگرەیەکی سەرکەوتووی بەست کە کۆماری ئیسلامی رۆژەکانی کۆنگرەی خسبووە ژێر زەڕەبینەوە، بەڵام بەوشیاری کادرو پێشمەرگە خەباتکارەکانی حیزبەکەمان هەموو پیلانەکانی رێژیم پووچەڵ کرانەوەو کۆنگرە کارەکانی خۆی لە کەش وهەوایەکی دێموکراتیک و ڕاپۆرتی کۆمیتەی ناوەندی بۆ کۆنگرە و لێکدانەوەی سیاسی لەسەر بارودۆخی سیاسیی کوردستان، ئێران، ناوچە و جیهان، گەڵاڵەی مودیرییەت و بەڕێوەبەریی حیزب، پێداچوونەوە بە بەرنامە و پێڕەوی نێوخۆ، گەڵاڵەی بڕیار و ڕاسپاردەکانی کۆنگرە چەند تەوەرێکی سەرەکیی کاری کۆنگرە بوون کە دوای تاوتوێی بەشداران وەک بەڵگەنامەی کۆنگرە پەسند کران." لەبەشێکی دیکەی بەرنامەکە سرودێک بە ناوی "خوایە وەتەن ئاواکەی" لەلایەن بەشدارانی دەورەوە پێشکەش کرا دواتر پەیامی بەشدارانی دەورە لەلایەن سەلاح هەزارە خوێندرایەوە و بەرنامەکە بە شێعر و گۆرانی ڕازایەوە.