کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سمینارێک لە ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان

18:35 - 5 سەرماوەز 2719

ڕۆژی ۵ی سەرماوەزی ٩٨ی هەتاوی، یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان، بەبۆنەی ڕۆژی بەربەرەکانیی لەگەڵ توندوتیژی دژ بە ژنان، سمینارێکی بۆ هەر کام لە بەڕێزان شاڕوخ حەسەن‌زادە و خاتوو نەسرین یوسف زادە لە یەکێک لە بنکەکانی حیزبی دێموکرات پێکهێنا. لەسەرەتای ڕێوڕەسمەکەدا موژگان عەلیپوور، ئەندامی بەڕێوەبەریی ژنان، باسێکی کورتی سەبارەت بە پشتیوانیی ڕێکخراوەکەیان لە ڕاپەڕینی ئەم دواییەی گەلانی وەزاڵەهاتوو کە ژنانیش دەوری کاریگەریان تێدابووە، پێشکەش بە ئامادەبووان کرد و هاوخەمیی یەکیەتیی ژنانی بۆ قوربانیانی ئەمجارەی ڕاپەڕینی جەماوەریی ئێران دەربڕی. دواتر بەڕێز شاڕوخ حەسەنزادە، باسێکی سەبارەت بە ڕۆڵی ژنی کورد لە کۆمەڵگەی سیاسیدا، پێشکەش کرد. ناوبراو لە سەرەتای باسەکەیدا، ئاوڕێکی کورتی لە دەور و کاریگەریی ژن لە سیاسەت و دەسەڵات بەتایبەتی لە سەردەمی فیرعەونەکان کرد. ڕۆڵی ژنی کورد لە ئەدەبیاتدا، بەشێکی دیکە لە باسەکەی حەسەنزادە بوو و باسی لەوە کرد کە یەکەم ژنی مێژوونووس، خاتوو مەستوورە ئەردەڵانە و زۆرێک لە ژنان لە سەردەمی میرنشینەکان و دواتردا بۆ وێنە عادیلەخان، خانزادە سوڵتان، شەمسی خاتوون، قەدەمخێری لوڕ و مایا خاتوون و ... لە لوتکەی دەسەڵات و بڕیارداندا بوون و کەواتە ژنانی کورد نابێ خۆیان بە کەم بگرن و دەبێ لەو بوارانەدا شانازیی بە خۆیانەوە بکەن. لە درێژەی سمینارەکەدا، خاتوو نەسرین یوسف‌زادە، باسێکی لە ژێر ناوی "بەراوردی شێوەی ژیانی ژنانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەگەڵ ژنی کورد لە ڕابردوو تا ئێستا، پێشکەش بە ئامادەبووان کرد. ناوبراو لە سەرەتای باسەکەیدا باسی لە ئۆریانا فالاچی، نووسەری ژنی بەتوانای ئیتالیایی کرد کە هەوڵ دەدا بوێرانە تابۆکانی سەر ژنان بشکێنێ و بۆ ئەم مەبەستە سەردانی زۆرێک لە وڵاتان دەکا و بەرەنجامی گەڕان و لێکۆڵینەوەکانی لە توێی کتێبێکدا لەژێر ناوی "جنس ضعیف" واتە "ڕەگەزی لاواز" بڵاودەکاتەوە. خاتوو نەسرین یووسف‌زادە لە درێژەی باسەکەیدا، بەراوەردی ژنانی وڵاتانی ئیسلامی و ژنانی کوردی کرد و هەوڵ و تێکۆشانی ژنانی کوردی شانبەشانی پیاوان بەرز نرخاند و گوتی کە لە زۆربەی سەردەمەکاندا، ژنان هاوشانی پیاوان لە دەسەڵات و کاروباری ڕۆژانەدا، بەشدار بوون. ناوبراو پاشان، چەند نموونەیەکی لە زوڵم و سنووردارێتی ژنانی هێندوستان و چین و ژاپۆن لە سەردەمانی پێشوودا هێنایەوە و بەراوەردی کرد لەگەڵ دۆخی ژنانی کورد لە هەمان سەردەمدا. خاتوو نەسرین لە کۆتایی باسەکەیدا، خەبات و بەرخۆدانی ژنانی ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بەرز نرخاند و وەک نموونەیەکی سەرکەوتووی لە خەباتی ژنان لەقەڵەم دا. شایانی باسە بەشێکی بەرچاو پێشمەرگەکان و ژنان و لاوان حیزبی دێموکراتی کوردستان لەو سمینارە‌دا بەشدارییان کرد.