کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەردانی شاندی حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان لە سکرتاریای حیزبی دێموکراتی کوردستان

21:15 - 6 سەرماوەز 2719

شاندێکی ڕێبەریی حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان لە سکرتاریای حیزبی دێموکراتی کوردستان لەگەڵ هەیئەتێکی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان کۆ بوونەوە. لەم کۆبوونەوەیەدا ئێستا و دوورەدیمەنی گۆڕانکارییەکان لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان تاوتوێ کران. ڕۆژی چوارشەممە، 6ی سەرماوەز شاندێکی ڕێبەریی حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان بە سەرپەرستیی کاک بەڵێن عەبدوڵڵا، سکرتێری ئەم حیزبە سەردانی سکرتاریای حیزبی دێموکراتی کوردستانی کرد و لەگەڵ هەیئەتێکی ڕێبەریی حیزب بە سەرپەرستیی کاک خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزب کۆ بوونەوە. لە سەرەتای ئەم کۆبوونەوەیەدا بە لەبەرچاو گرتنی ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا حیزبی دێموکراتی کوردستان کۆنگرەی حەڤدەیەم و حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان کۆنگرەی دەیەمی خۆیان گرتبوو، دوو لایەن تاوتوێی هێڵە گشتییەکانی ڕاپۆرتی سیاسی و ڕاسپاردە و بڕیارەکانی کۆنگرەکانی خۆیان بۆ یەکتری کرد. لە بەشێکی دیکەی ئەم کۆبوونەوەیەدا دوا گۆڕانکارییەکان لە باشووری کوردستان و عێڕاق، هەروەها ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران خرانە بەر باس. دوو لایەن لەم بەشەدا بە هەڵسەنگاندنی دەرفەت و ئاستەنگەکانی بەردەم دۆزی کورد لەم دوو بەشەی نیشتماندا، باسیان لە دوورە دیمەنی گۆڕانکارییەکان کرد و تیشکیان خستە سەر ئەم خاڵ و ئەرکانەی دەکەوێتە سەر شانی حیزبە سیاسییەکان و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان. بابەتی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانەی ئێران کە زۆربەی شارەکانی ئەم وڵاتە و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیشی گرتەوە، هۆکار و دەرەنجامەکان و مێتۆدی بەرەنگاریی خەڵک و ڕێژیم لەگەڵ ڕووداوەکان تەوەرێکی دیکەی باسەکانی ئەم دانیشتنە بوو. لەم بەشەدا دوو لایەن لەسەر ئەم باوەڕە بوون کە کەڵەکەبوونی قەیرانە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان لە ئێران و ناکارامەیی دەسەڵاتی سیاسی لە وەڵامدانەوە بە ماف و داوا ڕەواکانی خەڵک، وڵاتی ئێرانی بەرەو ناسەقامگیریی هەرچی زیاتر بردوە و؛ توندوتیژی و سەرکوتی بێبەزییانەش ناتوانێ هەتا سەر پێش بە ڕاپەڕینی جەماوەری و ناڕەزایەتییەکانی خەڵک بگرێ. لەم دیدارە چەند کاتژمێرییەدا چەند باس و بابەتێکی دیکەی پێوەندیدار بە پرسە سیاسییەکانی نێوماڵی کورد تاوتوێ و ئاڵوگۆڕی بیروڕایان لەسەر کرا.