کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی کۆڕێک لە لایەن یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە سوئێد

17:13 - 11 سەرماوەز 2719

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٣٠ ـ ١١ ـ ٢٠١٩ یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە سوئێد، کۆڕێکیان بە بۆنەی ڕۆژی ٢٥ی نوامبر ڕۆژی بەرنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژ بەژنان بە بەشداری کۆمەڵێک لە ژنان و پیاوانی یەکسانیخواز بەرێوەبرد. سەرەتا لە لایەن خاتوو لەتیفە جەباری ئەندامی بەڕێوەبەری کۆمیتەی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان بەخێرهاتنی گشت ئامادەبووان کرا و دواتر خولەکێک بێ‌دەنگی بۆ گیانی هەموو ئەو کەسانەی لە پێناو ئازادی نیشتمان و پرسی یەکسانیخوازی لە کۆمەڵگە دا گیانیان بەخت کردووە ڕاگەیاندرا و بە خوێندنەوەی چەند کۆپلە شێعری تایبەت بەو ڕۆژە سمینارەکە دەستی بە کارەکانی خۆی کرد. دوای ئەو بەشە گرووپی موزیکی "شەوگار" بەڕێزان ئەحمەد ئازەرپیرە، ھونەر ئازەرپیرە و سۆما ئارام ، بەدەست‌وپەنجە ڕەنگینەکانی خۆیان و بە دەنگی بە سۆزی خاتوو سروە حوسێنی بە گوتنی سرودێک لەژێر ناوی "ژن"، بەشدارانیان بردە نێو دونیای موزیک و لە درێژەی بەرنامەکەش دا چەندجار بە دەنگی بە سۆز و بلاوێنی خاتوو سروە و هەروەها دەست ڕەنگینی موزیک ژەنەکانی شەوگار سمینارەکەیان ڕازاوەتر کرد. بەشی دووهەمی بەرنامەکە بۆ خاتوو سۆزان ئەمینی ئەرمەندی، شارەزا لە بوارە کۆمەڵایەتیەکان تەرخان کرا بوو. لەو بەشەدا خاتوو سۆزان بە دوور و درێژی باسی شێوەی کارکردنی خۆیان و چۆنیەتی ھاوکاری و یارمەتی دان بەو بنەماڵانە و بەتایبەتی ژنان و منداڵان کرد کە دەکەونە بەر ھێرش و توندووتیژی. بەڕێزیان ئاماژەی بەچەندین خاڵ لە یاسای تایبەت بە پاراستنی تاک و بەتایبەتی منداڵ و ژنان لە نێو کۆمەڵگەی سوئێدی دا کرد و گوتی: "ئەرکی سەرشانی ھەر تاکێکە کە لە ئاست ھێرشە جۆراوجۆرەکانی توندووتیژی دا بێدەنگ نەبێ و شوێنی پێوەندیداری لێ ئاگادار بکەنەوە". لە بەشی کۆتایی دا خاتوو سۆزان گووتی: "بۆ چارەسەری و بن بڕ کردنی توندووتیژی و بۆ ئەوە کۆمەڵگەیەکی بەدوور لە توندووتیژیمان ھەبێ پێویستیمان بە یاسا و پەروەردەیەکی سالم ھەیە". بەشداربووان دوای باسەکەی خاتوو سۆزان، بە پرسیار کردن و تێبینی‌یەکانی خۆیان باسەکەیان زیاتر دەوڵەمەند کرد. دواتر خاتوو بەھار مفتی لە دوو بڕگەی جیاواز دا بە خوێندنەوەی چەند پارچە شێعر و ھۆنراوە بەدەنگە بەسۆزەکەی کۆڕەکەی گەرمتر کرد. بەشی کۆتایی ئەم سمینارە تەرخان کرا بوو بۆ ڕێز گرتن لە سێ خاتونی تێکۆشەری نێو ریزەکانی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان و پێشمەرگەی نێو سەنگەری خەبات لە حیزبی دێموکراتی کوردستان دا، کە بریتی بوون لە بەڕیزان خاتوو ماپەرە قەرەگۆلی، خاتوو نازدار کەریمی و خاتوو خەدیجە ڕۆستەمی، کە لە لایەن خاتوو لەتیفە جەباری ڕێزیان لێگیرا و دواتر هەر یەک لەو بەڕێزانە بە باسکردن لە ژیان و بە سەرهاتی خۆیان کۆمەڵێک باسی تایبەتیان بە ڕۆژانی سەختی خەبات لە نێو ریزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان دا کرد و باسیان لە شێوەی هاوکاری و خۆشی و ناخۆشی‌یەکانی ڕۆژانی پێشمەرگایەتی لە کوردستان و دواتریش لە دەرەوەی وڵات کرد. لە کۆتایی دا خاتوو لەتیفە جەباری سپاس و پێزانینی کۆمیتەی بەڕێوەبەری یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی لە سوئێد بە ھەموو ئەو کەسانە راگەیاند کە بەشداری کۆڕەکە بوون و بەو شێوەیە کۆتایی سمینارەکە راگەیندرا.