کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی کۆڕێک بە بۆنەی ساڵیادی کۆچی‌دوایی کاک نەبی قادری

17:20 - 11 سەرماوەز 2719

بە بۆنەی ٢٣ ساڵەی کۆچی‌دوایی پێشمەرگەی دێرین و ئەندامی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات کۆڕیادێک بەو بۆنەوە لە دانمارک بەڕێوەچوو. ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٣٠ نوامبری ٢٠١٩ زایینی لە لایەن کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان و ھەروەھا بنەماڵەی کاک نەبی قادری کۆڕێکی ڕێزلێنان بە بۆنەی ٢٣ ساڵەی کۆچی دوایی سیمای خۆشناوی گەل و حیزبەکەمان ، کادر و ڕێبەری بەوەجی حیزب، کاک نەبی قادری پێک ھات . سەرەتای ئەو بەرنامە ئەحمەدی ڕەحمانی بەڕێوەبەری ئەو کۆڕیادە پێشەکیەکی کورتی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد. پاش سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب، خولەکێک بێ دەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەھیدان و تێکۆشەرانی کۆچکردوو ڕاگەیەنرا . دواتر خاتوو خەیاڵ ھاوژینی کاک نەبی قادری چەند قسەیەکی پێشکەش کرد و لە وتەکانی‌دا ئاورێکی لە ژیانی سیاسی و شۆڕشگێڕانەی کاک نەبی قادری دایەوەو ڕێبازەکەی بە ڕێبازێکی پیرۆز لە قەڵەم دا. پاشان ناسری پیرانی تێکۆشەری دێرینی حیزب لە سەر کەسایەتیی کاک نەبی قادری دواو گەلێک ڕەھەندی جۆراوجۆری ژیانی کاک نەبی لەم کۆڕیادە دا باس کرد . لە بڕگەیەکی دیکەدا بەکرە مــارەغانــی و ئەحمەد ڕەحمانی لە دوو ھۆنراوەدا ھەستی شۆڕشگێڕانەی خۆیان تێکەڵ بە وشەو پەیڤی شۆڕشگێڕی کرد و ھۆنراوەیان بۆ باڵای بەرزی پێشمەرگە ھۆنیەوە . دواتر وریا مەلاک بەرپرسی گشتی تەشکیلاتی حیزبی دێموکرات بە نوێنەرایەتی کۆمیتەی حیزب چەند وتەیەکی پێشکەش کرد . لە بەشێکی دیکەی ئەو کۆڕیادە ئارام قادری کوڕی نەمر کاک نەبی قادری و بە نوێنەرایەتیی بنەماڵەی قادری سپاسی ھەموو ئەو ھاوڕێیانەی کرد کە ئامادەی کۆڕیادەکە بوون. دوابرگەی ئەم کۆڕیادە بەشداربووان سەردانی گۆڕی چەند ھاوڕێیەکی دیکەی حیزبی دێموکراتیان کرد، کە لە وڵاتی دانمارک کۆچی‌دواییان کردووە و لە گەڵ ئاوات و ئامانجیان پەیمانی وەفادارییان نوێ کردەوە.