کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی دوو هەیئەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان و حیزبی شیوعیی کوردستان

13:36 - 14 سەرماوەز 2719

لە سکرتاریای حیزبی دێموکراتی کوردستان، دوو هەیئەتی حیزبی شیوعیی کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستان کۆبوونەوە و دوا گۆڕانکارییەکان لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەم کۆبوونەوەیەدا ئاڵوگۆڕی بیروڕایان لەسەر کرا. ڕۆژی چوارشەممە، 13ی خەزەڵوەر شاندێکی حیزبی شوعیی  کوردستان بە سەرپەرستیی د. کاوە مەحموود، سکرتێری گشتیی ئەم حیزبە لە سکرتاریای حیزبی دێموکراتی کوردستان لەگەڵ هەیئەتێکی حیزب بە سەرپەرستیی کاک خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزب کۆ بوونەوە. لەم دیدارەدا پرسی ناڕەزایەتییەکان لە عێڕاق و ئێران بە دژی گەندەڵی و ناکارامەیی دەسەڵات لە بەغدا و تاران هاتنە بەرباس. شاندی میوان ڕای وابوو کە گۆڕانکارییەکان لە عێڕاق هەم دەتوانێ دەرفەت بێ بۆ گواستنەوەی ئەم وڵاتە لە قۆناغی قەیرانەکان بەرەو سەقامگیری و، هەم دەتوانێ هەڕەشە بێ لەسەر قەوارەی باشووری کوردستان وەک هەرێمێکی فیدڕاڵ لە عێڕاقدا. هەروەها بۆچوونەکان وابوون کە کۆمەڵگەی سیاسیی کورد لە هەرێمی کوردستان پێویستە بە دروستکردنی یەکڕیزی و تەبایی لە نێوماڵی کورددا و دەکارکردنی هەموو زەرفییەتەکانی خۆی لە دەرەوەی هەرێم، هاوکێشەکان لە بەرژەوەندیی کورد و هێشتنەوەی دەسکەوتەکانی تا ئێستای کورد بەرنە پێشێ. لە باسی ناڕەزایەتییەکان لە ئێرانیش هەیئەتی خانەخوێ ڕوونی کردەوە کە ئەم ناڕەزایەتییانە درێژەی بزووتنەوەیەکی بەرینی دژ بە کۆماری ئیسلامی و دەسەڵاتی گەندەڵ و ناکارامەی ئەم ڕێژیمەیە کە سەرەڕای دەوڵەمەندیی زۆری وڵات، بەڵام لە سۆنگەی سیاسەتە چەوتەکانی دەسەڵاتەوە خەڵک لە بێمافی و هەژاری و بێکاریی لەڕادەبەدەر و بازنەی حاکمییەتیش لە گەندەڵی هەوسارپچڕاودا نوقم بوون. هۆکارەکانی سەرکوتی توندوتیژی خۆپیشاندانەکانی ئەمجارە لەلایەن دەسەڵات و ئاسۆ و داهاتووی بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی خەڵک لە ئێران لەگەڵ تاوتوێی لێکەوتەکانی ناڕەزایەتییەکان لە عێڕاق و تاوتوێی پێوەندیی دۆستانە و لەمێژینەی نێوان حیزبی دێموکراتی کوردستان و حیزبی شیوعیی کوردستان چەند تەوەرێکی دیکەی ئەم دیدارە بوون.