کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەردانی شاندێکی بزووتنەوەی دێموکراتی گەلی کوردستان لە سکرتاریای حیزبی دێموکرات

21:36 - 20 سەرماوەز 2719

شاندێکی بزووتنەوەی دێموکراتی گەلی کوردستان سەردانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی کرد. ڕۆژی سێشەممە، 19ی سەرماوەز شاندێکی بزووتنەوەی دێموکراتی گەلی کوردستان بە سەرپەرستیی کاک خدر ڕووسی، سکرتێری ئەم ڕێکخراوەیە سەردانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی کرد و لەلایەن شاندێکی ڕێبەریی حیزب بە سەرپەرستیی کاک خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزب پێشوازییان لێکرا. لەم سەردانەدا سەرەتا شاندی میوان پیرۆزبایی سەرکەوتنی کۆنگرەی 17ی حیزبی دێموکراتی لە ڕێبەریی حیزب کرد و دواتر کۆمەڵە باسێکی پێوەندیدار بە پرسی کورد لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان خرانە بەر باس و ئاڵوگۆڕی بیروڕایان لەسەر کرا. پرسی نائارامییەکانی عێڕاق و کاریگەریی لەسەر داهاتووی ئەم وڵاتە و هەرێمی کوردستان، هەروەها باس لە ناڕەزایەتییەکانی ئەمدواییانە لە ئێران و جێگەی کورد لە بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی گەلانی ئێراندا تەوەری سەرەکیی باسەکان بوون. لەو پێوەندییەدا شاندی میوان پێی وابوو چوارچیوە سیاسییەکانی ئێستا بە درێژایی دەیەکانی ڕابردوو واقعی جیاوازی لە پرسی کورد لە هەر کام لە بەشەکانی کوردستان دروست کردوە و ئەمەش کاریگەریی لەسەر فۆڕمی دیاریکردنی چارەنووسی سیاسی و نەتەوەیی کورد لە هەر کام لەو بەشانە داناوە، بەڵام ئەوەی ڕوونە ئەمەیە کە کورد لە هەر کام لە بەشەکان دەبێ بە یەک گوتار بچێتە نێو هاوکێشەکان و لە هەموو حاڵەتێکیشدا بەرژەوەندەیی گشتیی کورد لە پانتاییە بەرفراوانەکەی لەبەرچاو بێ. لایەنی حیزبی دێموکراتی کوردستانیش بە ئاماژە بە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانە و پرسی مافخوازیی خەڵکی ئێران تیشکی خستە سەر ئەوە کە خەڵکی ئێران بڕستیان لێ بڕاوە و بە هەموو هێز و توانای خۆیانەوە داوای ماف و ویستەکانیان دەکەن؛ بەڵام کۆماری ئیسلامیی ئێران هەتا ئێستاش هەر میکانیزمی سەرکوت و حاشای هەڵبژاردوە. هەروەها کوردستان جیا لە پرسی ئابووری، پرسی نەتەوەیی و شوناسخوازیی تایبەت بە خۆی هەیە و بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان لە کوردستان خەسڵەت و تایبەتمەندیی خۆی هەیە کە دەتوانێ شوێنی دیار و کاریگەری لەسەر داهاتووی بزاوتی ڕزگاریخوازانەی گەلانی ئێران هەبێ.