کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی بەرپرسی پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی دێموکراتی کورستان لەگەڵ ئاندریاز شیدەر لە پارلمانی ئورووپا

23:56 - 21 سەرماوەز 2719

رۆژی چوارشه‌ممه ڕێکەوتی ١١ی دیسامبری ٢٠١٩ی زایینی بەرامبەر بە (١٩ی سه‌رماوه‌زی ١٣٩٨ی هه‌تاوی) ‏‎د. کوێستان گادانی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دیموکراتی کوردستان و بەرپرسی بەشی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانی حدک لە دەرەوەی ولات، لەگەڵ ئاندریاز شیدەر ئەندام پارلمانی ئوروپا لە سەر لیستی سوسیال دێموکراتەکانی ئوتریش دیدارێکی تایبەتی لە سەر کۆمەڵێک پرسی گرینگ لە ئۆفیسی تایبەت بە خۆی لە برۆکسێل پێکهێنا. باسەکانی ئەم دیدارە بریتی بوون لە بارودوخی ئێران لە نێوخۆ و خۆپێشاندانە ناڕەزایەتییەكان لە زۆربەی ناوچەكان لە ئیران دا بەگشتی و رۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی و هەروەها جێگە و پێگەی ئێران لە ناوچەکە دا. شایانی باسە کە بەڕێز د.کوێستان سەرنجی بەرێز ئاندریازی بۆ باسێکی پەیوەندیدار بە کوردەكان و پارلمانتارانی ئورووپا سەبارەت بە پرسی کورد و مافەكانی بە گشتی و کوردانی رۆژهەلات بەتایبەتی ڕاکێشا و چەند نموونەی لە سەر ویست وداخوازی و مافەکانی کورد باس کردن. خاتوو کوێستان بەشێکی دیکەی باسەکەی تەرخان کردبوو بۆ کۆتایی کۆنگرەی حەڤدەهەمی حیزب لەو هەلومەرجە پڕ مەترسی‌یەی ناوچەکەدا و لە درێژەی باسەکەیدا باسی لە بڕیار و راسپاڕدەكان و ئاكامی کارەكانی کۆنگرە بۆ بەرێزیان کرد. جێگای ئاماژەیە كە وێرای تاوتوێ کردنی ئەم باسانە بەرێز ئاندریاز شیدەر لەو بروایە دابوو کە لە داهاتوودا، پێویستە کە پەیوەندیی نێوان حدک و پارلەمانتارانی ئوروپا لە جاران پتەوتر بن و هەروەها زیاتر لە وەزعی کوردانی رۆژهەڵات ئاگادار بکرێنەوە. ناوبراو گووتی: پەیوەندی نێوانمان دەبێتە پردێک بۆ ئەوەی بتوانین داخوازی و داواکارییەکانتان لە ئاست پێشێلکردنی مافی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بگەیەنینە لایەنە پەیوەندارەكان و بە تایبەت پارلەمانی ئوروپا. ‏‎د. گادانی وێرای گرینگ نرخاندنی هاوکاری دوو لایەنە بەمەبەستی لەقاو دانی ستم و چەوسانەوەی گەلی کورد لە رۆژهەلاتی کوردستان بە دەستی کۆماری ئیسلامی ئێران، سەرنجی بەرێزیانی بۆ دەست تێوەردانەکانی ئێران لە ناوچەکەش دا ڕاكێشا. بەرێزیان گووتی: رێژیمی ئێران تەنیا بە زوڵم و زۆری لە نێوخۆی ئێران قەناعەت ناهێنێ، بەڵکوو ئەو رێژیمە دیکتاتۆر و دژە مرۆڤە، پەل و پۆی هاویشتۆتە دەرەوەی سنوورەكانی ئێران و بە دەست تێوەردانەکانی ئاژاوەیەکی زۆری خستۆتە ناوچەکە و پیلانگێری تاوانکاری زۆر دەکا. وەک نموونەی دەستێوەردانەکان و سنوور بەزاندنەکان باس لە مووشەکبارانی قەلای دێموکرات لە ۸ی سپتامبری ۲٠۱۸ دا کرا و گووتی پێویستە کە سنوورێک بۆ دەستدرێژی‌یەکانی ئێران دابندرێ. بەرێز ئاندریاز وێڕای خۆشحاڵی دەربرین هیوای خواست کە ئەو جۆرە پەیوەندییانە هەروا درێژەیان هەبێ و بەتایبەت لە ئاست هاوکاری کردن لەگەڵ گرووپی دۆستانی کورد لە پارلمان دا . جێگەی ئاماژەیە کە هەر لەم رۆژەدا بەرێز گادانی لەگەڵ بەشی سیاسەتی دەرەوەی پاڕڵمانی ئورووپا، سەبارەت بە بارودۆخی ئێران و رۆژهەڵاتی کورستان دیداری تایبەتی هەبووە و کۆمەڵێک باسی سەرنج ڕاکێشی لەگەڵ ئەم بەشە باس کردن.