کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی بوومەلەرزەی باکووری کوردستان

23:47 - 6 رێبەندان 2719

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان کۆڕو کۆمەڵە مرۆڤدۆستەکان وەک ئاگادارن شەوی هەینی ٤ی ڕێبەندانی ۱۳۹۸ی هەتاوی بەرانبەر بە ۲٤ی ژانویەی ۲۰۲۰ی زایینی بوومەلەرزەیەکی بەهێز پارێزگای خارپێت لە باکووری کوردستانی هەژاند کە ناوەندی ئەو بوومەلەرزەیە شاری سڤیریج بوو. بەهۆی ئەو ڕووداوە ماڵوێرانکەرە کە ڕۆژی دواتر ناوچەکانی دیکەشی لەو پارێزگایە و هەروەها پارێزگای مەلاتییەی گرتەوە، مخابن دەیان هاونیشتمانی گیانیان لەدەست داوە و سەدان كەس بریندار بوونە و سەدان خانوو ڕووخاون و خەڵکێکی زۆر تووشی کارەسات و بێ ماڵ و حاڵی بوونە و لە چارەنووسی بەشێکیان کە لەوانەیە لە ژێردار و پەردووی خانووە ڕووخاوەکاندا مابن، هێشتا هەواڵێک لە بەردەستدا نیه. بەپێی هەواڵی گەیشتوو، خەڵکی لێقەوماوی ئەو دەڤەرانە  ئێستا بەهۆی کاریگەریی بەفر و سەرمای تاقەتپڕووکێن و زیان و ماڵوێرانییەک کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە تووشی هاتوون، لە دۆخێکی زۆر نالەباردان و پێویستیی خێرایان بە یارمەتیی مرۆیی و فریاکەوتن هەیە. ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەم بۆنەیەوە هاوخەمیی خۆی ئاڕاستەی کەسوکاری قوربانیانی ئەو کارەساتە سروشتییە دەکات و هیوای چاکبوونەوە بۆ برینداران دەخوازێت. هەروەها داوا لە خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستان، مرۆڤدۆستان لە هەر شوێنێکی جیهان و کۆڕ و کۆمەڵە مرۆڤدۆست و خێرخوازییەکان دەکات بە هەر شێوەیەک کە پێیان دەکرێت، بە هانای خەڵکی لێقەوماوی ناوچە بوومەلەرزە  لێدراوەکانەوە بچن و یارمەتیی مرۆیی خێرا و پێویست بگەیەننە فریای ئەو خەڵکە بێ دەرەتانە و ڕێگە نەدەن سەرما و زوقمی زستان ببێتە هۆی قووڵتربوونی برینی ئەو کارەساتە گەورەیە. ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران ٦ی ڕێبەندانی ۱۳۹۸ی هەتاوی ۲٦ی ژانویەی ۲۰۲۰ی زایینی