کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سانسۆر بەدرێژایی چوار دەیە

14:27 - 16 رێبەندان 2719

«سانسۆر/ Censure» لە وشەدا واتە پێداچوونەوە، پشکنین، سڕینەوە، مقەست و ... ئەم وشەیە لە زمانی لاتین وەرگیراوە و هەتا ئێستاش کەم و زۆر هەر بەو واتا کۆنەی بەکار دەهێندرێ. لە ڕۆمی کەونارا بە سەرژماریی حەشیمەت و چاودێریی هەڵسوکەوتی خەڵکیان وتوە سانسۆر. بەڵام لە مەعنا ئەمڕۆییەکەیدا بریتییە لە پێداچوونەوە بەسەر هەر شێوەیەک لە دەربڕین، کە وتە، کتێب، فیلم، شانۆنامە، نامە و ... بەر لە بڵاوبوونەوەیان لە خۆ دەگرێ؛ بەو مەبەستەی کە پەیامێکی دژبە بەرژەوەندیی لایەنی دەسەڵاتداری تێدا نەبێ، کە لە لایەن دەوڵەت و دەسەڵاتە سیاسییەکانەوە بەڕێوە دەچێ. بەکورتی دەتوانین بڵێین سانسۆر مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە و هەر لە سەرەتای دەسەڵاتی مرۆڤ و زاڵبوونی بەسەر ژێردەستەکانی خۆیدا سەری هەڵداوە و گەشەی کردوە. بە درێژایی مێژوو کەسانی ژێردەست بۆ خۆشیرین کردن بە بەژنی سەردەستەکاندا هەڵیان‌گوتوە و خۆیان لە وتەیەک کە بکەوێتە خانەی بەرەوڕوو بوونەوە لەگەڵ باڵی دەسەڵاتدا، بە جدی پاراستوە؛ کە ئەمەیان دەکەوێتە چوارچێوەی خۆسانسۆر کردن و لە ڕاستیدا هەر لێکەوتەوەی شێوەی یەکەمە. کەواتە بەپێی ئەم پێناسەیە، سانسۆر پێشگیری لە تێکچوونی بەرژەوەندیی لایەنی هێزدار دەکا و، لە باری دەروونیشەوە ئەم ڕوانگەیە بۆ دەوروبەر دەگوازێتەوە کە تەنیا چینێکی تایبەت لە کۆمەڵگە هەیە چاک و خراپ لێک بداتەوە و، ئەوەی دەمێنێتەوە دەبێ چاو لە دەمی ئەو چینە تایبەتە بێ و گوێ بداتە ئەو بڕیارانەی کە دەر دەکرێ. ویستی ئەم باسە ئەوەیە بەکورتیش بووبێ ئاوڕێک لە سانسۆر و سانسۆرکردن لە چوار دەیەی ڕابردووی مێژووی هاوچەرخی ئێران لە ڕووی کولتووری، هونەری، ئەدەبی، کۆمەڵایەتی و هتد بدرێتەوە. کۆماری ئیسلامیی ئێران دەسپێکی دەسەڵاتەکەی، لە وردترین جومگەکانی ژیانی کۆمەڵگە و تایبەتترین بەشەکانی ژیانی تاکەکەسیش دەستێوەردانی کرد. سەپاندنی خۆداپێچانی زۆرەملی لەسەر ژنان و تەنانەت پیاوانیش، نەهێشتنی بەکارهێنانی هەر جۆرە خواردنەوەیەکی ئەلکولی، دەست‌داگرتن بەسەر سینەما و شوێنە گشتییەکان، داگیرکردنی میدیا و ڕاگەیەنەکان و بەدەستەوە گرتنی هەموو جومگەکانی دەسەڵات؛ بە مەبەستی دابەزاندن و دامەزراندنی ئیدئۆلۆژیی تایبەتی خۆی و سڕینەوە و نەهێشتنی هەر ڕەنگێکی جیاواز و دژبەر، حەولی یەکدەست‌کردنی وڵاتی دا. ئەمانە بەستێنێک بوون بۆ بەرەوڕوو بوونەوەیەکی گشتیتر و دواتریش بەڕێوەبردنی شۆڕشی کولتووری لە زانستگەکان –کە خومەینی هەر لە ساڵەکانی چلەوە لەگەڵ ئەم بەشە کێشەی هەبوو و هەوڵی هەڵوەشاندنی دەدا و بەڕاشکاوی ئەوەی لەگەڵ عەلی ئەمینی، سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتی حکوومەتی پەهلەویدا هێنابووە بەر باس- کە هەتا بەم کاتەش بەردەوامە و لەسەر کار لابردنی مامۆستایان و گرتنی خوێندکاران دەرخەری ئەوەیە کە هێشتا دەسەڵات بە زانستگەی یۆتۆپیایی خۆی دەستی ڕانەگەیشتوە. گرتنە بەری ئەم شێوە لە بەڕێوەبردنە کە شێوەیەکی ئۆختاپووسانەیە و هەموو بەش و جومگەکان لەخۆ دەگرێ، بۆ کۆماری ئیسلامی لە سەرەوەی هەموو شتێکی تر بوو. یەکێک لەو ڕێگایانەی ڕێژیم بۆ سانسۆر و دەسڕاگەیشتن بە داگیرکردنی چاو و گوێ و مێشکی خەڵک بەکاری هێناوە؛ پێکهێنان و دامەزراندنی ناوەندگەلێک بە ناوگەلی زۆر، بەڵام لە نێوەرۆکدا یەک ئامانجن. بۆ نموونە دەزگاکانی پان و بەرینی سانسۆر قوتابخانەکان و زانستگەکان و هەموو ئیدارە دەوڵەتییەکانی و تەنانەت قەوارەی کۆمەڵگەشی بەگشتی لەژێر ناوەکانی «شۆڕای چاودێری»، «بنکەکانی ئەمر بە چاکە و گێڕانەوە لە خراپە»، «حراست/ چاودێری»، «گزینش/ هەڵسەنگاندن و تاقیکردنەوە بە مەبەستی هەڵبژاردن» و ... بە گشتی تەنیوەتەوە. ئەم بارستاییە لە بەکار هێنانی سانسۆر تەنانەت بەڵگە و زانیارییە بنەڕەتییەکانیش دەگرێتەوە و کەسێک کە بیهەوێ لە بارەی ڕووداوێکی مێژوویی تایبەتەوە توێژینەوەیەکی هەبێ ناتوانێ متمانە بە ئامار و بەڵگە دەوڵەتییەکان بکا و، ئەمەش زیاتر لەو کاتانەدا خۆ دەردەخا کە کەسێک ئەگەر بیهەوێ ئامارێکی ڕاست و دروست لە ڕێژەی خۆکوشتن، زیندانییانی سیاسی، قەتڵە نامووسییەکان، بێکاری، بەندییە سیاسییە ئێعدام کراوەکان، کوژراو و بریندارەکانی ناڕەزایەتییە گشتی و لۆکاڵییەکان و ... بەدەست بێنێ؛ تووشی لەمپەر دەبێ و بە زانیارییەکی ورد و دروست ناتوانێ بگا. لە ئێران تیغی سانسۆر کتێبی بەتەواوی بێسەر کردوە. کتێب یەکێک لە قوربانییانی سەرەکیی سانسۆر لە ئێرانە، ئەمەش لەسەر بەرهەمە نێوخۆییەکان و وەرگێڕانەکانیش هەر ڕاستە. بە پێی ئامارەکان بەرهەمە ئەدەبییەکان زیاترین ڕێژەی سانسۆریان لەسەرە و ساڵانە بیست لەسەدی ئەم ژانرانە لە کتێب ڕێگەی چاپ و بڵاوبوونەوەیان پێ نادرێ، لەم نێوەشدا ئەو بەرهەمانەی لە ئەدەبیاتی ئەمریکاوە وەردەگێڕدرێنەوە بە وردبینییەکی زۆرترەوە دەکەونە ژێر گیووتینی سانسۆر. ئەمەش بوترێ کتێبگەلی ئایینی _کە لەسەر ئەرکی دەوڵەت و بودجەی گشتی چاپ دەکرێن_  زۆرترین ڕێژەی چاپ و بڵاوبوونەوەیان لە ئێراندا هەیە و لەوانیشدا ئەو کتێبانەی تایبەت بە ئایینی ئیسلامن ٩٥ لەسەدی ئەم کتێبانە لەخۆ دەگرن. هووشەنگ گوڵشیری نووسەری گەورەی فارس لە بارەی کێشەی سانسۆرەوە، لە کۆبوونەوەیەکی ئەدەبی لە وڵاتی ئاڵمان، لە وڵامی پرسیاری هەواڵنێرێکدا دەڵێ: «بەهەر حاڵ ئێران کامپیۆتێری لێیە، زیراکسی لێیە، کتێبی ژێرزەمینیی لێیە و [...] سانسۆریش هەیە، کوشتوبڕیش هەر هەیە، هەموو لەسەریەک و پێکەوە. بۆ نموونە ئەگەر کتێبەکانی میلان کۆندرا بە دەستی ئێمە دەگا؛ پڕ پڕە لە سێ خاڵ (نوقتە). دواتر ئێمە دەتوانین بۆ خۆمان خەیاڵ بکەین بزانین چی ڕووی داوە. با من نموونەیەکتان بۆ بێنمەوە، ئەگەر ئێمە لە چیرۆکێکی سادەدا بنووسین: «کوڕ، کچی ماچ کرد.» ئەگەر لە جیاتی سێ خاڵ دانێن؛ ئێوە پێتان وایە چی ڕووی داوە؟! .» بە گشتی ڕووکردێکی ڕوون بۆ سانسۆرکردن لە کۆماری ئیسلامیدا نییە و زیاتر بەستراوەتەوە بە سەلیقە و شێوازی بیرکردنەوەی سانسۆرچی، ڕاستە کە خوێندنەوەی دەسەڵات لە ئایینزای شێعە بنەمایەکی گشتییە لەم پێوەندییەدا بەڵام بەشێکی دەگەڕێتەوە سەر جۆری بیرکردنەوەی سانسۆرچییەکان. بەگشتی دەتوانین بڵێین ئەوەی بەرچاوە ئەوەیە کە سانسۆر لە دەوری دوو بابەتی ئیدئۆلۆگ و ئەوەی تریش هەر جۆرە وشە و ڕستەیەکی پێوەندیدار بە ئاشقایەتی و تێکەڵبوونی ڕەگەزی نێر و مێ و بە گشتی ئەو شتانەی بێتەوە سەر سێکس؛ دەخولێتەوە. بەم پێیە ئەوەی ڕەخنەیەکی لەسەر ئایینی ئیسلام، ئایینزای شێعە، ئیمامانی شێعە، کۆماری ئیسلامی و ڕێبەرەکانی هەبێ و هەروەها، گومانی لە «ڕەوایی ویلایەتی فەقیهـ» هەبێ، بڕەودان بە ئەندێشە و بیری ڕۆژاوایی بدا و، بڵاوکردنەوەی بیرۆکە و تێئۆرییەکانی داروین و ... دەکەوێتە ژێر تیغی تیژی سانسۆر. لێرەدا دەتوانین ئاماژە بە هەندێک لەو گۆڕانکارییانە بکەین کە سانسۆرچییەکان بەسەر بابەتی کتێبەکاندا دەیسەپێنن و بە شێوەی دڵخوازی خۆیان بڵاوی دەکەنەوە؛ بۆ نموونە شەراب: شەربەت، مەشرووب: خواردنەوە، ئاشق: خۆشەویست، تێکەڵاوبوونی ژن و پیاو: مارەبڕین، سەما: وتووێژ، مەیخانە: کافە، گۆشتی بەراز: گۆشتی مانگا، ماچ و مووچ: قسەکردن، دۆستی کچی پیاوی خێزاندار: هاوسەری دووەم و ... لەو نموونانەن کە باس کران. ئەم پاوانخوازی و هەستیارییە لەسەر وشە و وێنەی ڕووت و یان بە جۆرێک سێکسی، گشت بەشەکانی هونەری گرتوەتەوە، فیلم و سینەما لەم بەشەدا زیاترین زەبری لێکەوتوە. هەر لە سەرەتای شۆڕشەوە کۆمەڵێک لە باشترین فیلمەکانی سینەمای ئێران چ ئەوانەی پێش لە شۆڕش دروست کرابوون و چ دوای ئەو ڕووداوە کە ئاڵوگۆڕی بنەڕەتیی بەسەر وڵاتی ئێراندا هێنا، ڕێگەی بڵاوبوونەوەیان پێ نەدرا و سڕدرانەوە. هەر ئەم شێوازی هەڵسوکەوتە لە بارەی مووسیقیشەوە ڕاستە و، نەرمی نەنواندنی کۆماری ئیسلامی لەم بوارانەدا بەرچاوترین هونەرمەندانی ئەو کاتی ئەم وڵاتەی یا خانەنشین کرد و دەستیان لە کار کێشاوە و یان وڵاتیان بەجێ هێشت و لە هەندەرانیش نەیانتوانی بەگوێرەی پێویست کاریگەرییان هەبێ و زۆربەشیان هەر بە گشتی دەستیان لە کار کێشایەوە. ئەمە بۆشاییە ڕێگەی بەو کەسانە دا کە بە ڕانتیی حکوومەتی و لەسەر ڕاسپاردەی حکوومەت دەستیان لە هەموو جومگەکانی هونەر وەردا و، لەم ڕێگەیەوە بوونە بانگەوازکەری ڕێژیمی تازە پێگەیشتوو و، بنەمای بیر کردنەوە و ڕوانینەکانیان گۆڕی و ئەدەبیاتی «پایداری» و سینەمای «دفاع مقدس» و هونەری بەرگرییان پەرە پێدا و، ئەو هونەرمەندانەی بەو ئاقارەدا نەچوون کەوتنە بەر ڕق و قینی بەرپرسان و نانخۆرانی فەرهەنگی ئێران. بۆ نموونە لە کاتێکدا کە عەباس کیاڕۆستەمی فیلمی «ژیان و هیچی تر»ی لە باکووری ئێران دروست دەکرد کەوتە بەر گلەیی و گازندەی توندی، مورتەزا ئاوینی -دۆکیۆمێنت‌سازی حکوومەتی کە ڕاپۆرتی لە شوێنەوارەکانی شەڕی ئێران و عێراق ئامادە دەکرد-؛ لەوێدا ڕوو لە کیاڕۆستەمی دەڵێ کەسێک کە بە مەودای پتر لە هەزار کیلۆمیتر سنووری نێوان عێراق و ئێران کە لەشەڕدا بووە نابینێ و دەچێ لە منداڵێکی باکووری ئێران دەگەڕێ چ چاوەڕوانییەکمان هەبێ؟! ئەمە تایبەت نەبوو لەسەر کیاڕۆستەمی و دەرهێنەری وەک بەهرام بەیزایی کە پێی دەوترێ شکسپیێری ئێران بەردەوام تووشی ئەم تەنگەژانە و تەوقیفی فیلم بوو و تەنانەت لە گەرمەی قەتڵە زنجیرەییەکاندا سەعیدی ئیمامی چاوپێکەوتنی لەگەڵ بوو و، هەڕەشەی لێ کردبوو. ئەم کۆسپ و کەلێنانە کە لەسەر ڕێی هونەرمەندانی بەتوانای ئەم وڵاتە بوون، بووە هۆی بێکار بوون و کۆچکردنیان لە ئێران. هەر بۆیەش زڕەهونەرمەند و هونەربەندانێکی زۆر لەسەر سفرەی هونەری ئیدئۆلۆگی کۆماری ئیسلامیدا خواردیان و گووپیان لێ خڕ کرد. ئەوەی لێرەدا گرینگە و مەترسییەکی گەورەیە، ڕووخان و هەرەسهێنانی هەموو ژێرخانە فەرهەنگییەکانی وڵاتێکی ٨٠ میلیۆن کەسیی وەک ئێرانە کە، ڕەنگە هەر ئەمڕۆش کۆماری ئیسلامی بڕووخێ، لە سبەینێوە هەتا ساڵانێکی زۆر کات پێویستە بۆ چاککردنی خراپەکارییەکانی ٤٠ ساڵی ڕابردوو تەنیا لە بواری کولتووری و دەروونیی خەڵکی ئەم وڵاتە.