کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێرانی داهاتوو لەسەر تەوافوقی پێکهاتەکانی ئەم وڵاتە و پێبەندییەکان بەو تەوافوقانە دروست دەکرێتەوە

15:48 - 1 رەشەمه 2719

خالید عەزیزی: ئێرانی داهاتوو لەسەر تەوافوقی پێکهاتەکانی ئەم وڵاتە و پێبەندییەکان بەو تەوافوقانە دروست دەکرێتەوە )دەقی قسەکانی سکرتێری گشتیی حیزب لە سێهەمین کۆنفڕانسی شوڕای دێموکراسیخوازانی ئێران/ ستۆکهۆلمی سۆئێد(   ژنان و پیاوانی بەڕێز! نوێنەری ڕێکخراو و حیزبە سیاسییەکانی ئێران، لە هەموو گەلانی ئەم وڵاتە و حیزبە سەراسەرییەکان! هاوڕێیانی شۆڕای دێموکراسی‌خوازان! کومیتەی بەڕێوەبەریی کۆبوونەوەی ئەمڕۆ! هەموو لایەکتان بەخێر بێن و، خۆشحاڵم ئەمڕۆ هەموومان لێرەین بۆ ئەوەی لەمەڕ داهاتووی ئێران و ئەو پێناسەیەی لەسەر ئەم وڵاتەمان هەیە، باس و وتووێژ دەکەین. زۆر ئاسانە هەر وەک پێشووتر تەرکیز بخەینە سەر ئەم پرس و باسە و بە ئەدەبیاتی جیاوازەوە ساختاری کۆماری ئیسلامی پێناسە بکەین. لەم پێوەندییەدا، بەڕوونی ڕێکخراوە سیاسییە ئێرانی و کوردستانییەکان؛ پێم‌وایە زیاتر لە ڕادەی چاوەڕوانیش کاریان کردوە. من زۆر جاران لەسەر ئەم باسە جەختم کردوەتەوە کە دژایەتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و هەر لە بنەڕەت‌ڕا دژبەر بوون؛ زۆرینەی خەڵکی ئێرانی گرتوەتەوە، چونکوو زۆربەی خەڵکی ئێران کۆماری ئیسلامییان ناوێ. بەڵام ئەرکی ئێمە وەک ڕێکخراوە سیاسییەکان و بەگشتی سیاسەتوانان شتێکی ترە. ئەوە هونەرە کە ئێمە چۆن بە لەبەرچاو گرتنی واتا گشتییەکەی وشەکە، کە وەک دژبەر دەناسرێین؛ بچینە نێو پێناسەی تایبەتیی ئەم چەمکە و ببینە جێگرەوە و ناونیشانێک. کەواتە دژبەر بوون و دژایەتی کردن لەگەڵ کۆماری ئیسلامی چەمکێکی گشتگیرە، کاری ئێمە وەک حیزبە سیاسییەکان دەگەڕێتەوە بۆ لایەنە تایبەتییەکەی بابەتەکە؛ کە ئەویش ئەوەیە بڕیار بدەین ببینە جێگرەوە و ئالتێرناتیڤ. هەتا ئەو کاتەی ئەم جێگرەوەیە لە هەموو لایەنەکانی گۆڕەپانی سیاسیی ئێران نەبێ، هەتا ئەو کاتەی ئێمە نەتوانین ئەم ناونیشانە دروست بکەین، سروشتییە کە خەڵک دێنە سەر شەقام و ناڕەزایەتی دەردەبڕن و نرخی بۆ دەدەن؛ بەڵام ئەو کاتەی دەڵێن کۆماری ئیسلامیمان ناوێ، دەی کێ لە جیات کۆماری ئیسلامی بێ؟ پرسیار ئەمەیە و ئەم بەدیلە چۆن دروست دەبێ؟ ئەگەر ئێمە دەڵێین کەشوهەوای ئێران، کەشوهەوایەکی شۆڕشە و ئەم شۆڕشەش ڕووخانی کۆماری ئیسلامیی لێ بکەوێتەوە؛ دەی کێن ئەوانەی وا دەبنە ڕێبەری ئەم شۆڕشە؟ شۆڕشی بێ‌ڕێبەر لێکەوتەی نەرێنیی هەیە و ئێمەش دەبێ ئەم لێکەوتانە لەبەرچاو بگرین. کەواتە ئەو پێناسەیەی کە ئێمە بە ناوی حیزبی دێموکراتەوە و هەتا ڕادەیەکی زۆر لە شۆڕای دێموکراسی‌خوازاندا هەمانە؛ ئەم گەڵاڵەیە دەتوانێ بەستێنێک بۆ پێکهێنانی وەها جێگرەوە و بەدیلێک دروست بکا. ئێران وڵاتێکی فرەنەتەوەیە، ئەگەر لە سەد ساڵی ڕابردووەوە بە پێی ئەم پێناسەیە وڵاتی ئێران پێک دەهێندرا، سیستمی برۆکراسی و گۆڕەپانی سیاسیی ئەم وڵاتە پێناسەیەکی لەم چەشنەی بەخۆوە دەگرت؛ سروشتییە ئێمە ئێستا لەگەڵ ئەم کێشانەی ئەمڕۆمان بەرەوڕوو نەدەبووینەوە. کەواتە ئامانجە سەرەکییەکەی ئێمە ئەوەیە، لەسەر بنەمای ئەم پێناسەیە، ئێرانێک دروست بکەین ناوەندگەرا نەبێ. ئێمە هەر لە بنەڕەتەوە لەگەڵ ناوەندگەرایی دژایەتیمان هەیە، ئەزموونی سەد ساڵی ڕابردوو ئەوەمان پێ دەڵێ کە گەلانی دیکەی ئەم وڵاتە لە سۆنگەی ئەم سیاسەتەوە پەراوێز خراون، هەڵاواردن و ئاپارتاید هاتوەتە ئاراوە و، هەروەها لە بەشداریی سیاسی بێبەش کراون. هەر بۆیە ناوەندگەرایی ناتوانێ چارەسەری کێشەکانی کۆمەڵگەی ئێران بێ. ئەگەر پێناسەکەی ئێمە لەسەر ئەم ڕاستییەیە کە ئێران وڵاتێکی فرەنەتەوەیە، سروشتییە دەبێ بە پێی بەشداریی ئەم گەلە جیاوازانە ئێران دروست بکرێتەوە. ئەگەر ئەو کات هەموو لایەنەکان لە گۆڕەپانی سیاسەتدا بەشدار بن و هەڵاواردنێک نەمێنێ، ئەوە دەبێتە گاڕانتییەک بۆ پاراستنی داهاتووی سیاسیی ئێران. کاتێک کە ئێمە باس لە نەمانی ناوەندگەرایی دەکەین و کاتێک کە بەپێی سیاسەتەکانی شۆڕای دێموکراسی‌خوازان ئەم ئالتێرناتیڤەمان گرتوەتە بەر، بەشداریی هەموو لایەک باشترین شێوەیە بۆ بەرەوڕوو بوونەوە لەگەڵ ئەم “تجزیەهراسی”ـیە کە بەردەوام لە ئێران باسی لێ دەکرێ. دێموکراسی و بەشداریی هەموو لایەک لە چۆنیەتیی دروست‌بوونی داهاتووی سیاسیی ئێران هیچکات نابێتە هەڕەشە لەسەر لەتبوونی ئەم وڵاتە. دیکتاتۆری لە تاران، دەسەڵاتە ناوەندگەراکانی تاران و زۆر کاتیش لەبەرچاو نەگرتنی ڕاستیی فرەنەتەوە بوونی ئێران و بەشداری نەکردنی ئەم نەتەوانە لە ئیدارەی سیاسیی وڵاتدا؛ قەبووڵ نەکردنی ئێران وەکوو وڵاتێکی لەم چەشنە جدیترین هەڕەشەی سەر ئەم وڵاتەیە. کەواتە ئێمە کورد، ئازەری، فارس، لوڕ، بەلووچ، عەرەب، تورکەمەن و ... بەدوای لەتکردنی ئێرانەوە نین، بەڵکوو ئەمە دانپێدانەنان بەم ڕاستییەیە کە وەکوو هەڕەشەیەک لەسەر ئێران لە داهاتووشدا دەمێنێتەوە. کەواتە ئێمە هەموو پێکەوە گارانتییەکین بۆ دامەزرانی وڵاتێک کە لەسەر بنەمای دێموکراسی، مافی هاوبەش و بەشداریی هەمووان پێک دێ و؛ لە داهاتوودا پاراستنی ئەمنیەتی حقووقی، سیاسی، ئێتنیکی، ئایینی و هتدی گشت لایەک مسۆگەر دەبێ.   بەڕێزان! هەتا ئەو جێگەی پێوەندیی بە ئازموونی کوردستانەوە هەیە، لە ڕاستیدا لە دوای شۆڕش ئێمە بەشێک لە ڕۆڵگێڕە سەرەکییەکانی سەحنەی سیاسیی ئێران بووین، چ ئەو کات کە وتووێژ کرا و، چ کاتێک کە شەڕیان بەسەرماندا سەپاند و ئێمەش بەرگریمان کرد و درێژەی ئەم خۆڕاگرییە، کوردستانی کرد بە یەکێک لە فاکتۆرە گرینگەکانی هاندان بۆ گەیشتن بە دێموکراسی و فێدرالیزم و نەمانی ناوەندگەرایی؛ بە جۆرێک کە ئەم ڕاستییە هیچکات لە ناوچە و کۆمەڵگەی نێونەتەوەییشدا حاشای لێ نەکراوە. کەواتە چونکوو شۆڕای دێموکراسی‌خوازان لێرە بە مەبەستی گەیشتن بە وەها چارەسەرێک کۆ بووەتە، لێرەدا لە پێوەندی لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاماژە بە دوو _سێ فاکتۆر کە بەڕوونی کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر چۆنیەتیی شکڵگیریی داهاتووی سیاسیی ئێران دەبێ، بکەم. فاکتۆری یەکەم؛ سازان و تەوافوقە. هەموومان داکۆکی لە دێموکراسی دەکەین و، دێموکراسی‌تەوەری سەرەکیی چۆنیەتیی پێوەندیی حیزبە دێموکراتیکەکان و گشت حیزبەکان و هەموو پێکهاتەکانی نێو ئێرانە. ئێمە باوەڕمان وایە کاتێک کە بیر لە ئاڵوگۆڕی دەسەڵات و تێپەڕین لە دۆخی ئارایی لە کۆمەڵگەی ئێران دەکەینەوە و، قسە لەسەر پارلمانی دامەزرێنەران (مجلس مؤسسان) دەکەین؛ دەبێ تەوافوق لە نێوان گرووپە ئێتنیکییە جیاوازەکانی ئێران و ڕێکخراو و لایەنە سیاسییەکانی ئێران لە ئارادا بێ. ئەگەر ئەم تەوافوقە هەبێ پێبەندی بەدوای خۆیدا دێنێ؛ لەسەر ئەم پێبەندییانەیە کە دەتوانین وڵاتی ئێران سەرلەنوێ دروست بکەینەوە. فاکتۆری دووهەم؛ هەتا ئەو جێگەی پێوەندیی بە فاکتۆری دووهەمەوە هەیە، من باسەکەم بە ڕێفراندۆمی باشووری کوردستانەوە دەست پێدەکەم. سێ ساڵ لەمەوبەر لە باشووری کوردستان ڕێفراندۆمێک کرا. زۆرینەی خەڵکی باشووری کوردستان لەسەر چارەنووسی خۆیان لەم ڕێفراندۆمەدا بەشدارییان کرد، ڕێفراندۆم بۆچی؟ دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان لەو کاتدا لە بارودۆخێکی باشی ناوچەییدا بوو و، یەکێک لە فاکتۆرە یەکلاکەرەوەکانی بوونی عێراق دوابەدوای ڕووخانی دەسەڵاتی بەعس بوو؛ ئەگەر کوردەکان نەبووایەن بەڕاشکاوییەوە دەڵێم عێراق لەت دەبوو. ئێمە چۆن دەتوانین لە کوردەکان لە ڕاستای دروستکردنەوەی ئێران، عێراق، تورکیە و سووریە کەلک وەر بگرین؟ لە کاتێکدا ئێمە بە ناوی حیزبی دێموکراتی کوردستان و هەموو حیزب و ڕێکخراوە عەرەب، تورکەمەن، ئازەری، بەلووچ و فارسەکان –دەیانهەوێ هەموویان پێکەوە ئێران دروست بکەن- ئەگەر دەوڵەتی بەغداد بەڕاستی بەو بەڵێنییانەی کە لە نێوانیاندا لەگەڵ کوردستان هەیبوو، پێبەند دەبوو؛ خەڵکی باشووری کوردستان وا بە ئاسانی پەنایان نەدەبردە بەر ڕێفراندۆم. دەوڵەتی بەغداد لە باری ئابوورییەوە گەمارۆی خستبووە سەر کوردستان، ئەم دەوڵەتە بەکردەوە بەڵێنەکانی نەبردەسەر. ئێستا ئێمە دەمانهەوێ لەسەر بنەمای ئەو ئەزموونەی لەوێ وەرمان‌گرتوە، لە ڕێگەی چەسپاندنی دێموکراسی لە ئێران و یەکیەتیی گشتی بەکاری بێنین؛ کەواتە کوردەکان هەڕەشە نینا بەڵکوو کوردەکان و نەتەوەکانی تریش دەرفەتن، چۆن لەم دەرفەتە کەلک وەربگیرێ؟ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان –هەندێک جار بەڕاشکاوییەوە لە حیزبی دێموکراتی کوردستان و تاکی خۆم ڕەخنە دەگیردرێ، تەنانەت لە زۆربەی ڕێکخراو و گرووپە ئێتنیکییەکانی تریش- هەوڵمان داوە لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی بە ڕێککەوتنێک بگەین، بەڵام بەشێک لەوان وڵاممان نادەنەوە و ئێمە بە لەتکەری ئێران دەزانن. دەی ئەگەر دەیانهەوێ وڵاممان نەدەنەوە ئەم هەمووە دابەزینە لەبەر چی و لەپێناوی چیدا؟ ئەگەر هەموو هەوڵێکی ئێمە بۆ ئەوەیە بە ڕێککەوتنێک بگەین و ئەوان قەبووڵی ناکەن، دەی بۆچی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەدوای مافی ڕەهای نەتەوەیی خۆیدا نەبێ و بەدواداچوون بۆ پێکهێنان و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان نەکا؟ دەمهەوێ بڵێم دژکردەوەی بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لە بەرامبەر مافی ڕەوای نەتەوەکانی نێو ئێراندا و، لە بەرامبەر چۆنیەتیی داکۆکی لە نەهێشتنی ناوەندگەرایی و هێنانە بەر باسی پێناسەیەکی نوێ بۆ کۆمەڵگەی ئێران، لە کوردستاندا دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی خەبات و هەڵوێستێکی پەرچەکردارانە. لە ڕێگەی وتووێژ و ئەقڵیەتەوە دەکرێ وەها هەڕەشەگەلێک لەنێو بچێ و شانسی زیاتر بدەین بەم دەرفەتانە. لەبەر ئەوەی کات هەبێ بۆ هاوڕێیانی تریش، لێرەدا هەوڵ دەدەم باسەکەم کورت بکەمەوە. شۆڕای دێموکراسی‌خوازان و ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی نابێ ڕەوتێکی پەرچەکردارانە بن، هەر کاتێک لە ئێراندا کردەوەیەک ڕوو بدا، ئێمە بەدوایدا دژکردەوە لە خۆمان نیشان بدەین. هەمیشەش دەوترێ کات زۆر هەستیارە، چل ساڵە من بۆخۆم گوێم لەم قسەیەیە. ئەرکی ڕێکخراوێکی سیاسی کە دەیهەوێ بۆ داهاتووی ئێران پلانێکی ڕێکوپێکی هەبێ، نابێ بەرنامەکانیان پێڕەوی لە دۆخی ئارایی بکا، ئەم دۆخە ئەگەری گۆڕانی هەیە. ئێمە نابێ بە دژکردەوە سیاسەت بکەین، ئێمە پێویستە بە ڕەچاوکردنی بەرنامە سیاسەت بەرینە پێش. هەر کات لە ئێران خۆپیشاندان دەکرێ، ئێمە لێرە کۆ دەبینەوە و باس لە ڕێگەچارەی جیاواز دەکەین و، لە دوای ئەوەی هەڕەشەکانی ئەمریکا کز بوو، خۆپیشاندان نیشتەوە؛ دیسان هەموو لایەک بە ڕێگەی خۆیدا دەڕواتەوە. بەرنامەی درێژخایەن و ستراتێژیک کە پێویستە پێکەوە هەمانبێ، لەوێدا پتر هەست بە نەبوونەکەی دەکەین. بەم پێیە نابێ بزووتنەوەی ئێمە دژکردەوانە بێ، دەبێ بە شێوەیەک بێ کە ئێمە لەسەر بنەما جیاوازەکان بە ڕێککەوتن بگەین. گەلێک سپاس. ***