کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داڵاهۆ، مەیدانێکی نوێ دژی داگیرکەران

16:02 - 1 رەشەمه 2719

ئەگەر باسی هەموو لایەنەکانی هێزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە  ڕابردوودا بەوردی وەرد بدەینەوە دەبێ زۆر قووڵ و هەمەلایەنە لاپەڕەکانی قارەمانەتیی هێزی پێشمەرگە هەڵدەینەوە، بەسەدان و هەزاران عەمەلیات و بەرخۆدان لە مێشک و بیری ئینسان خول دەخۆن و دادەمێنی کام یەک لەوان باس بکەی. کاتیک سەر هەڵدەبڕم و لەهەر گۆشەیەکی ئەم کوردستانە ناوی بەرزی هێزی پێشمەرگە خۆی نیشان دەدا، لە کرماشانەوە تا خۆی وسەڵماس، خەبات وفیداکارییان لە بست بە بستی ئەم کوردستانە نەخشاوە و لاپەڕەکانی زێڕینی حەماسەکانی کوردستانیان پێ رازاوەتەوە ، ئەو پێشمەرگانەی لەگەڵ لێدانی باڵی هەڵۆ خۆیان ڕێک دەخست و لە چیا ڕژد و هەڵەموتەکان لەنگەریان دەگرت. لەنێو هێزەکانی دێموکرات دەنگ و سازی زۆر ‌هێز، لەنێو کوردستاندا دەنگی دەدایەوە. یەک لەوانە کە درەنگیش درووست بوو، هێزی قارەمانی «داڵاهۆ» بوو کە لەساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی مەیدانی شەڕی خۆی لە دژی داگیرکەرانی کوردستان ڕێک خست و بۆ دەرپەڕاندنی هێزی داگیرکەر هاتە مەیدان. کاتێک دوژمنی ماڵوێران تەپڵی شەڕی دەست دایە و ویستی خۆی لە مەیدانی هێزی تازە دامەزراوی دێموکرات تاقی بکاتەوە، خۆی لەبەرامبەر کێوی «داڵاهۆ»ی سەربەرزدا دیتەوە و لەو مەڵبەندەش کوڕانی وەک خەلیل خەلەبان و دەیانی دیکە لمبۆزی داگیرکەرانیان لە قوڕ و چڵپاوی ئەو دەڤەرە وەردا. هه‌موو کاتێ که‌ ئاوڕێک بۆ ڕابردووی حەماسەکانی هێزی پێشمەرگە لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی کوردستان ده‌ده‌مه‌وه‌، خەم ‌و خەفەت هه‌موو ئازای له‌شی ئینسان داده‌گرێ. خه‌فه‌تی نیشتنی تۆزی فه‌رامۆشی له‌ حه‌ماسه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌، تۆمار نه‌کرانی هه‌موو ڕووپه‌ڕه‌کانی خه‌باتی هێزی پێشمه‌‌رگه ‌و زۆر جار ونبوونی ناو و بیره‌وه‌ریی ئه‌و قارەمانەتییەی هێزەکانی حیزب خوڵقێنه‌ری ئه‌و شانازییانه‌ بوون. هه‌رچی بێ مێژووی جووڵانه‌وه‌ی کورد له‌ ده‌یه‌کانی ڕابردوودا له‌ سات‌ به‌ ساتی ئه‌و ساتانه ‌و ئه‌و ڕۆژه‌ سه‌خت‌ و ناهه‌موارانه ‌و له‌و حه‌ماسه ‌و سه‌رکه‌وتنه‌ شیرین ‌و شکسته‌ تاڵ ‌و ناخۆشانه‌ پێک دێ. که‌واته‌ ئه‌و مێژوویه‌ خۆی به‌ خۆی قه‌رزداره ‌و ئه‌گه‌ر له‌ ڕۆژانی سه‌ختی به‌رگریی خوێناوی‌ و چه‌کداریدا ده‌رفه‌ت‌ و ده‌ره‌تان‌ و بوار و ئیمکاناتی تۆمار کردنی ئه‌و ڕۆژانه‌مان نه‌بووه‌، ئەمڕۆ ئەگەر دەرفەت هەیە نەیان نووسینەوە غەدرێکی گەورەمان لەخۆمان و حیزبەکەمان کردوە. ئەگەرچی مێشکی ماندوو ناتوانێ بۆ فیداکاری و بوێری هێزی پێشمەرگە لە رەستەیەک کەلک وەرگرێ کە بتوانی حەقی خۆیان بەو فیداکاریی ‌و لێهاتووییان بدا. لێرەدا «هەگبەی شاخ‌ و شۆڕش» جێگەی هێزی قارەمانی داڵاهۆ دەکاتەوە باس لە فیداکاری ئەو هێزە دەکەین. پاییزی ١٣٦٤ تەنیا سێ ڕۆژ بوو سەری بەماڵاندا کردبوو کە دەنگوباسی عەمەلیاتی قارەمانانەی ئەو ناوچەی لە هەموو ناوچە دەنگی دایەوە و شادی خستە دڵی خەڵکی ڕۆژهەلاتی کوردستان. کوڕانی دێموکرات بەپێی گەڵاڵەی ڕێکوپێکی داڕێژراو، ئیوارێی ٣ی ڕەزبەری ١٣٦٤ی هەتاوی تەقسیم کار دەکەن و بە بڕیاری فەرماندەری عەمەلیات دەستبەکار دەبن. دەستەیەک لە پارتیزانەکانی داڵاهۆ کاتژمێر ١١ی شەو بە شێوەیەکی زیرەکانە لە پایەگای رێژیم لە «امام‌ حسن ازگلە» لە ناوچەی سەلاسی باوەجانی نزیک دەبنەوە و لەکاتی دیاریکراودا قرمەی چەکی دەستی پێشـمەرگە و موشەکی ئارپیجی بێدەنگی شەو دەشکێنێ و تاریک پەرەستان ئەوانەی لە نێو پایەگادا جیگیر بوون بەتەواوی دەکوژێن و پایەگا بەتەواوی ئاگر دەگرێ. هاوکات بەپێی دەستوری کاری خۆیان دەستەیەکی دیکە لە تێکۆشەرانی دێموکرات پایەگایەکی دیکە کە بەناوی فەرماندەیی و پێرسینلی لە دەورووبەری ئەوێ دانرا هێرشیان کردە سەر و قارەمانانی دێموکرات لەگەڵ یەکەم تەقەی پێشمەرگە سەنگەرەکانی پێشەوەی دوژمنیان دەست بەسەرداگرت و شەڕێکی دەستەویەخە لەنێو پایەگا دەستی پێکرد، ئەوە لەکاتیکدایە کە پایەگای یەکەم بە تەواوی ئاگری گرتوە هیچ چاوەڕوانییەک بۆ یارمەتی نەماوە. پێشـمەرگەی قارەمانی هێزی داڵاهۆ لە شەڕێکی حەماسیی ٥ سەعاتە‌دا توانییان دەست بەسەر پایەگا دابگرن و زیاتر لە ٥٠ کەس بکوژن، ژمارەیەکی بەر چاو بەدیل بگرن و ژمارەیەکی زۆر چەکوچۆڵ و ماشێن و لۆدێر ئاگر بدەن. خوێنبایی ئەو سەرکەوتنە کادرێکی تێکۆشەر و خەباتگێڕ بە ناوی «موحەبیتوللا مێحرابی»، ئەندامی کۆمیتەی شارستانی داڵاهۆ بوو. پێشمـەرگەکانی هێزی داڵاهۆ دوای عەمەلیات لە نیوان «خورنوک» و «امام‌حسن» تووشی تێک هەڵچوون بوونەوە و لەوێش ژمارەیەکیتر لە هێزەکانی دوژمن کوژران. ڕێژیم هەر بەوەندە نەوەستا کاتێک زانی زەبرێکی کاریگەری خواردوە لەسەر ڕێگای پێشمەرگەکان لە نێوان پایەگای «امام‌ حسن» و ئاوایی «کورەی» کەمینیان نایەوە، بەڵام قارەمانانی دێموکرات هەستیان بە بوونی بۆسەی دوژمن کرد و هەڵۆ ئاسا لە دوژمن ڕاپەڕین و کەمینیان تێک شکاند و بەسەربەرزی ناوچەیان بەجێ هێشت. عەمەلیاتێكی ئەتۆ لە ناوچەیەکی وەک داڵاهۆ کاریگەریی زۆری لەسەر خەڵک دانا و خەڵکی ناوچەکەی دڵخۆش کرد، و هەروەها ترس و دڵەخورپەی خستە نێو هێزی دوژمن‌. لەلایەکی دیکەوە شوێنی عەمەلیاتەکە بوو کە هێزێکی زۆری دوژمنی بۆ پشتی بەرەی شەڕی ئێران و عێراقی لێ جێگیر کرابوو، بۆیە دوژمن چاوەڕوانیی ئەوەی نەدەکرد کە قارەمانانی دێموکرات زەبری ئاوا گاریگەری لێ بدا، جیا لەوە خەڵکێکی زۆری ناوچەی دژی جووڵانەوەی کورد چەکدار کردبوو. ئەگەرچی هەرسەرکەوتنێک خوێنی کوری کوردی پێویست بووە لەو عەمەلیاتەش‌دا بە خوێنی لاوێکی کورد بە رێژیمیان سەلماند دوژمن هەرچەند هێزی ڕەش و زۆرو بۆر لەناوچەدا  جێگیری بکا قارەمانانی دێموکرات کە سیمبولی خەبات و تێکۆشانن دەتوانن زەبری خۆیان لەدوژمنی گەلی کورد بوەشین وسوکنایی بخەنە نێو دڵی خەڵکی کوردستان و بنەماڵەی شەهیدانی کوردستان.