کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی پاشایەتی بۆ ڕووخا؟

16:28 - 1 رەشەمه 2719

٢٢ی ڕێبەندانی ئەمساڵ هاوکات بوو لەگەڵ ٤١ ساڵەی تەمەنی سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران بەسەر ڕێژیمی پاشایەتیدا. شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی لە ڕیزی گرینگترین شۆڕشەکانی سەدەی بیستەمە کە بە شێوەیەکی چاوەڕاننەکراو ڕووخانی دەسەڵاتی پاشایەتی لێکەوتەوە. بەڵام ئێستا و لە دوای ٤١ ساڵ کە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لەو کاتەوە جێگیر بوو، دۆخەکە پێچەوانە بووەتەوە و خەڵک و هەموو لایەنە سیاسییەکان چاوەڕوانی ڕووخانی ئەم ڕێژیمەن و، ناڕەزایەتییەکانی خەزەڵوەری ئەمساڵ شایەدی ئەم ئیدیعایەیە. لەم نووسینەدا ئاماژە بە کۆمەڵێک لە هۆکارەکانی ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی دەکەین و لێکەوت و ئاکامی ئەم شۆڕشە، خاڵی هاوبەشی لەگەڵ هەلومەرجی ئێستا و داهاتووی کۆمەڵگەی ئێراندا هەیە و دەبێ. ئەم شۆڕشە بە یەکێک لە ئامانجەکانی کە ڕووخانی ڕێژیمی شا بوو گەیشت، بەڵام ئامانجەکانی تر کە ئازادی و دێموکراسی و ژیانێکی خۆشبژیوانە و ... بوو هێشتاکەش هەر دەستەبەر نەبوون کە هیچ، زیاتریش پشتگوێ خراون و، هەر بۆیە ئەم هەوڵ و خەباتانە هەر بەردەوامە.   کۆمەڵێک لە هۆکارە نێوخۆیی و دەرەکییەکان هۆکارە نێوخۆییەکان: گەندەڵیی ئابووری و ئەخلاقی یەکێک لەو هۆکارانە بوو؛ کە هەموو تانوپۆی سیستمی ئیداریی وڵاتی داگرتبوو و، ئەم گەندەڵییانە بە شێوەیەکی بەرچاو و زەق خودی دەربار و بە تایبەت بنەماڵەی شای گرتبۆوە. هەر ئەمەش ببوە هۆی سەرهەڵدان و پەرەگرتنی جیاوازیی چینایەتی لە ئێران. ئەمە لە کاتێکدا بوو کە پرۆپاگاندای شا و دەربار باسیان لە هێنانی شارستانیەت و پێشکەوتن بۆ ئەم وڵاتە دەکرد و؛ بۆمان دەرکەوت هێنانی شارستانیەت نەک پیشەسازی و پێشکەوتنی مادی بەڵکوو هێنانی بێ‌بەرنامەی کولتووری ڕۆژاوا بۆ کۆمەڵگەی سوننەتی و مەزهەبیی ئێران بوو، کە خۆی یەکێک لە هۆکارەکانی سەرهەڵدانی شۆڕش بوو.   گەشەی مەزهەب: دەسەڵات و دەزگا ئەمنییەکانی مەترسیی گەشەی مەزهەبیان بەهەند نەدەگرت و تەنانەت زۆر جاران ئەگەر ڕێگەی بۆ خۆش نەدەکردن لانی‌کەم کەمترین کێشە و لەمپەریشیان بۆ دروست نەدەکرد؛ لە ڕاستیدا نووکی پەیکانی سەرکوتی ڕێژیم بۆ پێکانی ڕێکخراوە چەپ و کۆمۆنیستەکان، نەتەوەییەکان بوو. لەم بەشەدا بۆ ئەوەی هەندێک لە وردەکارییەکان گەشەی مەزهەب لەو کاتەدا بێتە بەرچاو، ئاماژەیەکی ئاماری بە بڕێک لەو ڕووداو و دیاردانەی ئەو سەردەمە دەکەین کە لە کتێبی “دەنگێک کە نەبیسترا” لە نووسینی نووسەران: “عەباس عەبدی، عەلی ئەسەدی، مەجید تارانیان، موحسین گوودەرزی”دا هاتوە. مزگەوت یەکێک لە پێگە گرینگەکانی ئیسلامییەکان بوو، بە پێی ئامارەکانی ساڵی ١٣٤١ی ئیدارەی ئەوقاف، ٣٦٥٣ مزگەوت لە هەموو ئێراندا بووە کە پاش ١١ ساڵ و تەنیا لە بژاردنی ٢٣٣ شاردا ٥٣٨٩ مزگەوت دروست کراوە. لەسەر چاپی کتێبی مەزهەبی لە نێوان ساڵەکانی ١٣٣٣-١٣٤٢ ڕادەی ٥٦٧ کتێبی مەزهەبی لە ئێران چاپ و بڵاو بوونەتەوە و ساڵ بە ساڵیش ڕووی لە زیادبوون بووە. بە جۆرێک کە لە ساڵەکانی ١٣٥١-١٣٥٣ ئەو ڕادەیە گەیشتۆتە ١٦٩٥ کتێب. بەم جۆرە پەرەگرتنی هەستی مەزهەبیی خەڵک کە دژکردەوەیەک لە بەرامبەر هاوردەی کولتووری ڕۆژاوا بوو، توانی ڕێخۆشکەر بێ بۆ بەدەسەڵات گەیشتنی ڕۆحانیەت.   سەربەخۆ نەبوونی شا: دژبەرانی رێژیمی پاشایەتی لەسەر ئەوە کۆک بوون کە شا، مۆرەی دەوڵەتانی ڕۆژئاوایی و لە سەرووی هەمووانەوە ئەمریکای چاودێریەتی. کۆمۆنیستەکان خەبات بەدژی رێژیمیان لە سەنگەری خەبات بەدژی ئێمپریالیزم دادەنا و میللییەکان بە دوای سەربەخۆیی سیاسی و ئابوورییەوە بوون و، ئیسلامییە شێعەکانیش خوازیاری دابەزاندنی شەریعەت ئیسلام لە کۆمەڵگەدا بوون. دیارە ئیسلامییەکان هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ مۆدێرنیزاسیۆنی ئێران کێشەیان هەبوو، بۆ نموونە کاتێک شای ئێران لە ساڵی ١٣٤١دا مافی دەنگدانی بۆ ژنان لەبەرچاو گرت؛ بەرەوڕووی دژایەتیی خومەینی بووەوە و خومەینی بە نیشانەی ناڕەزایەتی‌دەربڕین نەورۆزی ئەو ساڵەی بە نەورۆزی ماتەمین ڕاگەیاند. لە گۆڕانی ڕۆژژمێریش لە کۆچی هەتاوییەوە بۆ شاهەنشاهی، دیسان ئەم هەڵڵایانە دروست بوو. لە ڕاستیدا گەورەترین کێشەی ئیسلامییەکان لەگەڵ ڕەوتی مۆدێرنیزاسیۆن و هێرشی کولتووریی ڕۆژاوایی بوو.   نەبوونی ئازادیی سیاسی: محەممەدڕەزاشا هەستی بەو ڕاستییە کردبوو بوونی حیزب لەنێو کۆمەڵگەدا پێویستە، بەڵام بە جێگای ئەوە ئیزنی کێبەرکێیەکی ئازادانە بدا، لە ڕێگای دامودەزگای دەسەڵاتداریی خۆیەوە بە تایبەتی ساواک هەوڵی ئەوەی دەدا خەڵکی ئێران لە یەک حیزبدا بە ناوی حیزبی “رستاخیز” ڕێک بخا و، کۆمەڵگە بەرەو یەک حیزبی بەرێ، ئەوە بوو بە هۆکارێک کەسانێک بە تایبەتی بازاڕیان و توێژی بازرگانان کە هیچ پێشینەیەکی سیاسییان نەبوو لەژێر فشاری ساواک ببنە ئەندامی حیزبی “رستاخیز”. ئەمەش هۆکارێکی سەرەکی بوو بۆ ئەوەی ئەم چینەش بکەونە بەرەی دوژمنانی ڕێژیمەوە و لە سەرهەڵدانەکاندا ڕۆڵی چالاکیان هەبێ.   هۆکارە دەرەکییەکان: تایبەتمەندیی جوغرافیایی: لە دنیای دووجەمسەریدا وڵاتی ئێران بە هۆی هەڵکەوتەی جوغرافیاییەکەی گرینگییەکی تایبەتی هەبوو، بەرەی ڕۆژهەڵات بە سەرکردایەتیی یەکیەتیی سۆڤیەت هەوڵی دەدا لە ڕێگای هەناردەکردنی بیری کۆمۆنیستی و پاڵپشتی لە چەپەکان جێ پێی خۆی لە ئێران بکاتەوە و، بەرەی ڕۆژاواش لە هەوڵی ئەوەدا بوو کە پێش بە نفوزی ئەوان بگرێ. بۆیە هەر هەڵسوکەوتێکی شا و دەوڵەتەکەی لەبەرچاوی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ون نەدەبوو. لە دەیەی پەنجادا شای ئێران بۆ ئەوەی نیشان بدا کە لە بڕیاردان و سیاسەتدا سەربەخۆیە هێندێک مامەڵەی ئابووریی لەگەڵ یەکیەتیی سۆڤیەت کرد کە ئەمە بۆ ئەمریکا و، بەرەی ڕۆژئاوا نیشانەیەکی باش نەبوو، بۆیە کەوتنە کارشکێنیی لەسەر ڕێی حکوومەتی پاشایەتی و بەتایبەتی لەژێر بە بیانووی نەبوونی کەشی ئازادیی سیاسی؛ شایان خستە ژێر فشارەوە.   ئاڵوگۆڕی سیاسیی ناوچە: لە بەرەبەری شکڵگرتنی ناڕەزایەتییەکانی گەلانی ئێران لە وڵاتی دراوسێی ڕۆژهەڵاتی ئێران واتا ئەفغانستان، حیزبی کۆمۆنیستی لایەنگری یەکیەتیی سۆڤیەت دەسەڵاتی ئەو وڵاتەی بەدەستەوە گرت و، دوای ماوەیەک بۆ سەقامگیرکردنی ئەو حکوومەتە یەکیەتیی سۆڤیەت سنوورە نێودەوڵەتییەکانی بڕیو بە لەشکر و جبەخانەوە هاتە نێو خاکی ئەفغانستان چوو و، ئەوەش هۆکارێکی دیکە بوو کە ئەمریکا و بەرەی ڕۆژئاوا ترسیان ڕێنیشت، لەوەی ئێرانیش بە مەرەدی ئەفغانستان بچێ.   نەخۆشیی شا: ماوەی چەند ساڵێک بوو شا تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە بوو و ئەوەشی شاردبۆوە لە هەموو دەوروبەرییەکانیشی، بەڵام ڕوخسارێکی زەردهەڵگەڕاو و ماندوو ئەم ڕاستییەی دەردەخست و کەمتر دەرکەوتنەکەی و لەو لاشەوە سەردانی شاژن بۆ زۆربەی شوێنەکان و، هەروەها هەندێک زانیاریی ئیتلاعاتی ئەمریکا گومانی نەخۆشیی شای بەهێزتر کرد و، هەر بۆیەش ئامادە نەبوون لەسەر کەسێک کە ئەگەری مردنی هەیە حیساب بکەن.   پێوەندیی خومەینی و کێنێدی: بە پێی بەڵگەکانی “سیا”ی ئەمریکا، خومەینی لە خەرمانانی ساڵی ١٣٤٢دا لە ڕێگای ئاخوندێکەوە لە سەردەمی سەرکۆماریی جان‌ئێف کێنێدی، پێوەندیی بە سازمانی ئەمنیەتی ئەمریکاوە گرتوە و، لەوێدا باسی لەە کردوە کە دژبە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا هەنگاو نانێ. خومەینی درێژەی بەم سیاسەتەی خۆی دا هەتا گەیشتن بە دەسەڵات. بەم کارەش دوو مەبەستی دەپێکا، یەک ئەمریکا وەکوو هێزێکی یەکلاکەرەوە نەبووە دوژمنی و دواتریش ئەرتەشی ئێران کە لەژێر کاریگەریی فەرماندە ئەمریکاییەکان بوو؛ دیسان وەک دوژمنێک چاویان لە خومەینی نەکرد و، خۆی وەک کەسێک ناساند کە دژایەتیی لەگەڵ بەرەی ڕۆژاوادا نییە و سەربە بلووکی کۆمۆنیزمیش نییە.   ڕۆڵی ژێنێڕاڵ هایزێر: بە پێی هەندێک بەڵگە لەو سەردەمەدا کە شاپوور بەختیار بووە سەرۆک وەزیران، ژێنەراڵ هایزێر وەک نێردراوی جیمی کارتێر، سەرۆک کۆماری ئەمریکا چووەتە ئێران ئەرتەشی ئێران هان بدا یا پشتیوانی لە بەختیار بکا و یا کوودەتا بکەن و شا لە سەر تەخت لابەرن و خۆیان دەسەڵات بگرنەدەست. بەڵام نوێنەرانی خۆپیشاندەران کە بە هایزێریان گوتوە ئەگەر دەیانهەوێ ئەمریکاییەکانی نیشتەجێی ئێران کە بە ٦٠ هەزار کەس مەزەندە دەکران زیان نەبینن، وا باشە ئەرتەش هان بدرێ خۆی ڕادەستی خەڵکی ناڕازی بکا. لە ئاکامدا دەبینین ئەرتەشێک کە بە ژاندارمی ناوچە دەناسرا و یەکێک لە ئەرتەشە بەهێزەکانی جیهان بوو؛ بە پێی بەرژەوەندیی ئەمریکاییەکان تەسلیم بوو. بەو خۆیندنەوەی سەرەوە دەتوانین بەو ئاکامە بگەین کە هۆکارە نێوخۆیی و دەرەکییەکان لە ساڵی ٥٧ی هەتاوی بە دژی ڕێژیمی پاشایەتی، یەکیان گرتەوە و ئەم دەسەڵاتەیان تێکەوە پێچا. بەڵام نەبوونی ئۆپۆزیسیۆنێکی یەکگرتوو و یەک ئامانج ڕەوتی شۆڕشی گەلانی ئێرانی گۆڕی و بە جێگای هاتنە سەر دەسەڵاتی نیزامێکی دێموکراتیک کە ماف و کەرامەتی ئینسانی و دەستاودەستکردنی ئاشتییانەی دەسەڵاتی تێدا پارێزراو بێ، دەستەیەکی پاوانخواز و بەدوور لە بەها ئینسانییەکان سواری شەپۆلی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک بوون و، لە نێوەرۆکدا هیچ جیاوازییەکیان لەگەڵ سیستمی پێشوو نەبوو و نییە. هۆکارەکەشی هەروەکی پێشتریش باس کرا نەبوونی یەک‌گوتاری و یەک‌هەڵوێستیی ئۆپۆزیسیۆنی پێشکەوتنخواز بوو کە ئەوە باشترین مەجالی بۆ لایەنگرانی خومەینی خولقاندبوو کە هەم فەزای خۆپیشاندانەکانی خەڵک بە شوعارەکانی خۆیان پڕ بکەن و هەم ئارام ئارام ئەو بیروباوەڕە لەنێو خەڵکدا بڵاو بکەنەوە و بیکەن بە ئەمری واقع، کە ئەوە تەنیا خومەینییەکە ڕێبەریی شۆڕشی گەلانی ئێران بەدژی دەسەڵاتی شا دەکا. ئێستای ئێرانیش ئەگەر ئۆپۆزیسیۆنی پێشکەوتنخواز و دێموکرات و باوەڕدار بە مافی مرۆڤ و نەتەوەکانی ئێران یەک نەگرن و یەک‌گوتار و یەک‌هەڵویست نەبن بە مەرەدی شۆڕشی ساڵی ٥٧ دەچن و لایەنی هەلپەرست بە پاساوی ئێرانچییەتی لە دوای ڕووخانی کۆماری ئیسلامی دەست بەسەر دەسەڵاتدا دەگرن.