کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرینگیی هەڵبژاردنەکان بۆ ڕێژیم لەنێوان پێگەی مەجلیس و چەندی و چۆنیی بەشداریی خەڵکدا

16:47 - 1 رەشەمه 2719

دوو ڕۆژی دی و جارێکی دی هەڵبژاردنەکانی مەجلیس لە ئێراندا بەڕێوە دەچن. ئەو هەڵبژاردنانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ئێستادا پتر لەوەی خەمی پێکهاتەکەی بێ، نیگەرانی بەشداریی خەڵکە لە پڕۆسەی دەنگدانەکەدا. ئەو هەڵبژاردنانەی بە هەموو ڕێگە و ئامرازێکەوە خەڵکیان بۆ ڕەکێشی سندووقەکانی دەنگدان دەکەن، بەڵام ئەوانەی دەبێ دەنگیان بدرێتێ لە پێشدا دەنگی خۆیان لە لایەن دەسەڵاتی سیاسیی وڵاتەوە وەرگرتوە و دەنگی خەڵک تەنیا لایەنە ڕوتووش‌کردنی پڕۆسەکەیە؛ بەڵام ئەمجارەیان زۆری و کەمیی دەنگدەران بۆ ڕێژیم باری حەیسییەتیی هەیە. لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک‌کۆماریشدا خۆ ئەگەر لە هەموو ئەو مەهەندیسی‌کردن و فرت و فێڵانە و تەنانەت دزیی چەند میلیونیی دەنگەکانی خەڵک بە قازانجی کەسی مەبەستی ڕێبەری _ئەحمەدی‌نژاد لە هەلبژاردنەکانی خولی دەهەمی سەرۆک‌کۆماری/ ١٣٨٨ی هەتاوی_ بگوزرێین؛ ئەوە خامنەیی وەک کەسی یەکەمی نیزامی سیاسییە کە دەبێ جەنابی سەرۆک‌کۆمار لە شوێنی خۆی دابنێ و بۆمان ڕوون بێتەوە کە هەڵبژاردن و دەنگی خەڵک پووڵێکی قەڵب ناهێنێ. بەڵام هەڵبژاردنەکانی ئەمجارە دیارە مەبەست تەنیا بەشی بەشداریی خەڵک لە دەنگدان، نەک مهەندیسی ڕەوت و ئاکامەکانی هەڵبژاردن لەبەرچی بۆ ڕێژیم گرینگە؟ بۆچی خامنەیی بە ئەرکی موسوڵمانێتیی دادەنێ و ڕوحانی لەبەر خەڵکی دەپاڕێتەوە؟ وەڵامەکەی ڕوون و ئاشکرایە کە لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا ئەوەی تۆسقالە ئابڕوویەکی نەبووی بۆ کۆماری ئیسلامیی لە لای بیروڕای گشتیی جیهان دروست دەکرد، پیشاندانی ئەو سەتا چەندە لە خەڵکی وڵات بووە لە هێنانە سەر شەقام لە بۆنە حکومەتییەکان و لە هەڵبژاردنە مهەندیسی کراوەکاندا. بەڵام نیزامی سیاسی باشتر لە هەموو کەس و لایەنێک دەزانێ کە ئیدی ناتوانێ خاوەنێتیی بەدرۆش لەم ئابڕووە نەبووەی بکا. ئەمەش کاتێک پتر دەردەکەوێ کە هەواڵدەریی فارس، میدیای نیزیک لە سپای پاسداران ئاکامی ڕاپرسییەکی دامەزراوەی توێژینەوە کۆمەڵایەتییەکانی زانکۆی تارانی بڵاو کردۆتەوە کە تێیدا هاتوە سەتا ٢٥ خەڵکی ئێران لەم هەڵبژاردنانەدا دەنگ دەدەن. هەر بۆیە بایکۆتی هەڵبژاردنەکان وەک چۆن پێشتر نموونەکەی لە ڤێنێزۆلا بیندرا، یەکێک لە میکانیزمە کارامەکانی سڕینەوەی ڕەواییەت لە دەسەڵاتێکی گەندەڵ و سەرکوتگەر و دیکتاتۆرییە و دەتوانێ وەک پاڕامێترێک لە ڕاکێشانی پشتیوانیی کۆمەڵگەی جیهانی لە بەرژەوەندەیی خەڵکدا دەور ببینێ. هۆکارەکانی پشت‌تێکردنی خەڵک لە سندووقەکانی دەنگدان چی بێهیوایی ئەوان لە نیزامی سیاسیی وڵات بێ، یان ناکارامەیی مەجلیس لە پێکهاتەی دەسەڵاتی وڵات و، چ لێکەوتەی قەیرانە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگە؛ بەرهەمی عەقڵییەتێکی گشتیگرە کە مەجلیس خۆی دەرەنجامی ڕانت و گەندەڵی حکومەتی و هەڵاواردنە. لەم سۆنگەیەشەوە هەرچەشنە دەنگدانێک بەوانەی دوای قەڵتوبڕی هەزاران پالێوراو بە پاکراوی خراونەتە بەر دەمی خەڵکی دەنگدەر، خۆی دەنگدان بەو حەقکوژی و هەڵاواردنەیە. ئەم عەقڵییەت و تێگەیشتنە ڕێگە نادا هیوا لەسەر هەڵبژاردن و پرۆسەی بەشدارییەک هەڵبچندرێ کە هەڵبژێراوانی پڕۆسەکە پێشتر لە چوارچیوەی نیزارەتی ئیستسوابیی شووڕای نیگابان و لە پاڵوێنەی چەند لایەی وەزارەتی نێوخۆ، سپای پاسداران، وەزارەتی ئیتلاعات و هێزە ئینتیزامییەکان دراون. هەڵبژاردنەکانی مەجلیس لە کاتێکدا بەڕێوە دەچن کە بەشداریی زۆر کەمی خەڵک لە ڕێوڕەسمی حکومەتیی ٢٢ی ڕێبەندان، ٤١ ساڵەی سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران سێبەری قورسی خۆی بەسەر چەندی‌وچۆنیی بەشداریی خەڵک ئەمجارەیان لە دەنگدانەکەی ٢ی ڕەشەمەدا بڵاو کردۆتەوە. بارودۆخی کارەساتباری ژیان و بژیوی خەڵک، قووڵبوونەوە و کەڵەکەبوونی قەیرانەکان لەسەر یەکتری، سەرکوتی خوێناویی خەڵک لە ناڕەزایەتییەکانی خەزەڵوەر، بەردانەوەی فڕۆکە نەفەرهەڵگرەکەی ئۆکراین لەلایەن سپای پاسداران و درۆ و چەواشەکارییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ هەڵخەڵەتاندنی بیروڕای گشتی زیاتر لە هەر کاتێک دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی لە نێوخۆ و لەلای خەڵک بێ‌متمانە و، لە دەرەوەی و لای وڵاتان بێ‌ئیعتبار کردوە. هاوکات لەگەڵ هەڵبژاردنەکان کۆبوونەوەی کارگرووپی تایبەتیی (FATF) لە حەوتووی داهاتوودا دەگیرێ و دوادەرفەتی ئێران بۆ جێبەجێکردنی کۆنڤانسیۆنی «پالێرمۆ» و بەربەرەکانی لەگەڵ تێرۆریزم کۆتایی دێ و وێناچێ کۆماری ئیسلامی بتوانێ لەم ماوە کەمەدا ئیمزایان بکا و هەنگاوەکانی خۆی لەگەڵ ویستی کۆمەڵگەی جیهانی ڕێک بخا. بۆیە تەنیا شتێک کە کۆماری ئیسلامی بەدەستیەوە ماوە ئەوەیە بەشداری و دەنگدانی خەڵک بکاتە کارتێک بۆ متمانەی خەڵک لە نێوخۆ و، بۆ چوونە شەڕ و بەربەرەکانیی کۆمەڵگەی جیهانی لە دەرەوەی سنوورەکانیدا. لێرەدایە کە خەڵک جارێکی دی چەکی سپی بۆ ئەم ڕێژیمە ئیمزا  ناکەنەوە. ئەوەی خەڵک ئێستا پتر لە هەموو کاتێک دەیزانن ئەمەیە کە لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا قەت هەڵبژاردن بەو مانا باوەی لە نیزام و کۆمەڵگە دێموکراتیکەکاندا پێناسە دەکرێ، لە ئێراندا نەبووە و لە قامووسی کۆماری ئیسلامیشدا جێی نابێتەوە. لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا هەڵبژاردنەکان نە ئازاد بوون و نە دێموکراتیک. خەڵک بە عام مافی هەڵبژاردنیان بووە، بەڵام مافی هەڵبژێران تەنیا بە کەمایەتییەکی زۆر بچووک دراوە. لە هەموو ماوەی تەمەنی کۆماری ئیسلامیدا حیزبە سیاسییەکانی ڕەخنەگری حکومەت و ئۆپۆزیسیونی مافخواز سەرکوت کراون و دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی دۆزەخێکی گەورەی لە ئێران بۆ خەڵکی ئەم وڵاتە دروست کردوە. خەڵکی ئێران وەک لە ڕابردوودا نیشانیان داوە ئامادەن باجی دەربازبوون لەو دۆزەخە بدەن و بێگومان بایکۆتی هەلبژاردنەکان دەکەنە دەسکەوتێکی دی لە خەباتی مافخوازانەیان بەدژی  دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی.ا