کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بێهیوایی ڕووحانی، سەرۆکی دەوڵەتی ئومێد

16:50 - 1 رەشەمه 2719

٢٢ی ڕێبەندانی ئەمساڵ یادی ٤١ ساڵەی سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە دژی ڕێژیمی پاشایەتی حەمەڕەزاشا بوو. لەگەڵ ئەوەی هەموو ساڵێک خەڵکی ئێران یادی ئەم ڕۆژەیان بەرز نرخاندوە، دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیش هەوڵیان داوە کە ئەم هەست و هەڵوێستەی خەڵک بە قازانجی خۆیان بقۆزنەوە و بە ئێعتباری ڕێژیمەکەیانی دابنێن. هەرچەند هەر ساڵێک کە تێدەپەڕی ڕێژەی بەشداریکردنی خەڵک لە رێوڕەسمەکان کەم دەبۆوە، ڕێژیمیش بەو ڕادە هەوڵی گەورەکردنەوەی دەدا و بە بەشداریی میلیۆنی ناو دەبرد. بەڵام ئەمساڵ بە دوای خۆپیشاندانی بەربڵاوی خەڵکی وەزاڵەهاتوو لە چنگ ستەمکارییەکانی کۆماری ئیسلامی لە سەرانسەری ئێراندا و سەرکوتی خوێناوی ئەم ڕاپەڕینە لە مانگی خەزەڵوەردا لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم، سەرەڕای هەوڵ و داواکاری و پاڕانەوەیەکی زۆر لە لایەن ڕێبەرانی ڕێژیمەوە خەڵک خۆی لەم بەشداری کردنە ساڵانەیە بوارد و بەم جۆرە ڕیزی خۆیان لە دەسەڵات و دەستوپێوەندەکانیان جیا کردەوە و هۆکارەکەشی ڕوونە. ئیستا خەڵک نایانەوێ دەسکەوتەکانی ئەوان لە شۆڕشدا بە ناوی ڕیژیمەوە تەواو بێ و تەنانەت شانازیی ئەم دەسکەوتە لەگەڵ ئەو کەسانەی لە سەرکەوتنی شۆڕشدا تەنیا بیریان لە دەسەڵات کردوەتەوە بەش بکەن. هەرچەند سەرۆککۆمار گەورەیی کرد و لە وتەیەکیدا بەم جۆرە لە ڕادەی ئازادی خەڵک دوا کە “خەڵک ئازادن بێنە سەر شەقام و پشتگیری شۆڕشەکەیان بکەن”، بەڵام تەنیا دەستوپێوەندەکانی خۆیان لەو ئازادییەی سەرۆک کەڵکیان وەرگرت و لە دەوریان کۆبوونەوە. دیارە یادی ٢٢ی ڕێبەندانی ئەمساڵ بە دوو هۆکاری تایبەت هەم بۆ ڕێژیم و هەم بۆ خەڵک لەگەڵ ساڵانی پێشوو جیاوازی هەبوو. یەکەم خۆپیشاندانەکانی ئەم ساڵ و سەرکوتی بێبەزەییانە و جینایەتکارانەی خەڵک و کوشتن و بریندارکردنی هەزاران کەس لە سەر شەقامی شارەکانی ئێران دابڕانێکی یەکجاریی وەهای لە نێوان خەڵک و دەسەڵاتدا دروست کرد کە  خەڵکی ئێران ئامادە نەبوون هاوبەشی دەربڕینی خۆشیی ڕۆژی شوڕش لەگەڵ حکوومەتییەکان بن، دووهەم نزیکبوونی ئەم یادە لە ڕۆژی هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی شووڕای ئیسلامی کە دەسەڵات مەبەستی بوو لەم یادە بۆ هاندانی خەڵک بۆ چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان کەڵک وەرگرن. دیارە بە پێچەوانەی هەوڵەکانی ڕێژیم خەڵک بە دەم بانگەوازی بکوژەکانی هاووڵاتیانیانەوە نەچوون و ئەمەش ئەو پەیامە دەدا کە بەو جۆرەی ڕێژیم چاوەڕوانە بازاڕی هەڵبژاردنیان بۆ گەرم ناکرێ و خراپتر لەوەش بە قسەی سەرۆککۆمار ئاغای ڕووحانی بێ، دەبێ چاوەڕوانی ڕووداوی مژدەبەخشی ئینقلاب بین. ئەگەر سەرنج بدەینە وتەکانی حەسەنی ڕووحانی کە لە ڕێوڕەسمی تاران و لە نێو ژمارەیەکی زۆر کەمتری خەڵک لەوەی چاوەڕوانییان هەبوو قسەی دەکرد، بێهیوایی و ترس نەتەنیا لە وەزعی خۆی و دەوڵەتەکەی، بەڵکوو لە داهاتووی نیزامەکەشیان بە هەموو قسەکانیەوە دیار بوو. ڕووحانی لە کاتێکدا داوای بەشداری هەڵبژاردن لە خەڵک دەکا کە بە هۆی شووڕای نیگەهبانەوە سەڵاحییەتی زۆرترین کاندیدەکانی ئیسڵاحتەڵەب و نیزیک لە خۆی ڕەد کراوەتەوە، هەر بۆیە پێشتریش گوتوویەتی “دەترسێ ئینتخابات ببێ بە تەشریفات” و ئەوە بە گەورەترین مەترسی بۆ سەر دەسەڵاتی نەتەوەیی دەزانێ. زیاتر لەوەش رەدی سەڵاحییەتی دەیان کەس لە نوێنەرانی مەجلیسی دەیەم کە ئیستاش لە مەجلیسدان گاڵتەجاڕییەکە کە ڕووحانی ناتوانێ پاساوی بۆ بێنێتەوە. بەڵام لە هەموو سەرنجڕاکێشتر دانپێدانانی ناوبراو بوو بە نەبوونی هەڵبژاردنی ئازاد لە هەڵبژاردنە فەرمایشییەکەی نیزامەکەیدا کاتێ دەڵێ، “ ئەگەر ڕێژیمی پێشوو ڕێگەی هەڵبژاردنیی ئازادیان بە خەڵک بدایە پێویستیی بە ئینقلاب نەدەکرد”. حەسەنی ڕووحانی بەم وتەیەی دەیەوێ هەم گلە و گازەندەی خۆی لە ڕێبەر دەرببڕێ کە لە ڕێگەی بەکارهێنانی  “ نظارت استصوابی” و بە لادانی زۆربەی بەربژێرەکان لە کێبەرکێی هەڵبژاردندا و بە تایبەت ئیسڵاح تەڵەبە حکوومەتییەکان و کەسە نیزیکەکانی خۆی، ڕێگەی هەڵبژاردنێکی ئازادیان لەو لایەنانە کە بە بیری جیاوازەوە پاڵپشتی ڕێژیم بوون، بەستووە و هەم مەترسی بەرپابوونی ئینقلاب لە ئێراندا بە هۆی دوورڕاگرتنی خەڵک لە دیاریکردنی چارەنووسیان و بەربەستکردنی ئازادیی، بە گوێی ڕێبەردا بدا. ڕووحانی باش دەزانێ ئەو ئازادییەی ئێستا بۆ سەرکوت و گرتن و پڕکردنی سندووقەکانی دەنگدان بۆ لاینگرانی نیزامەکەیان هەیە لە ڕێژیمی پێشووشدا هەر بەو ڕادەیە هەبوو. کەوابوو جیاوازییەک لە نێوان شا و ڕێبەر و یاسا ئیستێبدادییەکانیاندا نییە و دەردەکەوێ زۆرتر گلەیی ئەو لە ڕادانی لاینگرانی خۆیەتی نەک خەڵک و ئازادی بۆ ئەوان. سەرۆککۆمار باش دەزانێ کە خامنەیی لە مێژە هەستی بە وەڕێکەوتنی شۆڕش کردوە و ئەوەی ئەمجارە لە هەڵبژاردنی مەجلیسەوە دەستی پێکردووە و لە داهاتووشدا سەرۆککۆماریش دەگرێتەوە تەنیا بۆ خۆپارێزی و پاراستن و درێژکردنەوەی تەمەنی دەسەڵات و نیزامەکەیەتی لە بەرامبەر شەپۆلەکانی ئەو ناڕەزایەتییانەی کە لە هەموو وڵات وەڕێ کەوتوە. لە ڕاستیدا سەرەڕای ئەوەی قسەکانی ڕووحانی تێکەڵەیەک لە ترس و گلەیی و نائومێدی پێوە دیار بوو بەڵام لەگەڵ ئەوەش هەوڵی دا، ئەرکی خۆی بۆ گەرمکردنی بازاڕی هەڵبژاردن بەجێ بگەیەنێ و ئەویش وەک خامنەیی داوای لە خەڵک دەکرد کە بۆ پاراستنی مەشرووعییەتی نیزام بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان. لە حالێکدا مەشرووعییەتی نیزام کە ئەوان تەنیا لە بەشداری خەڵک لە هەڵبژارنەکاندا دەیبینن و دەیانەوێ ئەوە بخەنە بەر چاوی وڵاتانی جیهان کە بەوجۆرە پشتیوانی خەڵکیان هەیە، لە مێژە لە لایەن خەڵکەوە و بە هاتنە سەر شەقام و بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکاندا و بە تایبەت بەم دروشمانە “ کۆماری ئیسلامیمان ناوێ” و “مردن بۆ ئەم ویلایەتە” دژایەتی خۆیان لەگەڵ تەواوەتی نیزام دەربڕیوە. ئەوەش ڕوونە کە خەڵک ئیستا نە بە هۆی وەلادانی بەربژێرە ئیسڵاح تەڵەبەکان لە کێبەرکێی هەڵبژاردندا بەڵکوو بەهۆی نائومێدییان لە هاتنە ئارای هەر چەشنە گۆڕانکارییەک لە ساختاری کۆماری ئیسلامیدا بایکۆتی ئەو هەڵبژاردنە دەکەن. بێگومان ڕێژیم لە هەوڵدایە و دەتوانێ ڕێژەیەکی سەدی لە لاینگران و خەڵکی چاولەدەست و ترسەنۆک بکێشێتە سەر سندووقەکانی دەنگدان، بەڵام ئەوەی دیارە ئەو بەشدارییەی کە ئەوان دەیانەوێ مەشرووعییەتی نیزامی پێ دەرخەن لێی بێبەش دەکرێن و بەمجۆرە جارێکی دیکەش دەنگی ڕاستەقینەی خەڵک بۆ نا گوتن بەو شێوە دەسەڵاتدارییە دەردەکەوێ. ئیستا کە هەموو بەرنامەکان بۆ یەکدەست کردنی نیزام و دەسەڵاتێکی یەکدەنگ دەچنە پێش، داخۆ ڕێبەرانی سەرەکی کۆماری ئیسلامی ڕێگەیەکی دیکەیان لەبەر دەمدایە بۆ گۆڕانکارییەک بە ئاڕاستەی دابین کردنی داواکارییەکانی خەڵکی ئیران و بە دەست هێنانەوەی دڵی ئەوان یا بەمجۆرە قەیرانێکی بێ چارەسەری نوێ بۆ ڕێژیمەکەیان دەخوڵقێنن؟