کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپاسنامەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و ئێران

23:41 - 3 رەشەمه 2719

کۆمەڵانی ئازادیخوازی ئێران خەڵکی بەشەرەفی کوردستان حیزب و لایەنە سیاسییە شۆڕشگێڕەکان جارێکی دیکە هەڵویست و ئازایەتیتان لە هەمبەر پیلان و شانۆگەرییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران نموونەیەکی حەماسی و پڕشکۆی لە پێکەوەبوون و هاوهەڵویستیی خەباتگێڕانە خوڵقاند و بە دنیای سەلماند کە هەیمەنە و سامی خەفەقانی ڕێژیم شکاوە و کۆماری ئیسلامی زیاتر لە هەموو جارێک لە بەدەستهێنانی ڕەوایی و پێگەی سیاسی و جەماوەریدا تووشی شکست و داڕمان بووە. شانۆی بەناو هەڵبژاردنی ڕۆژی هەینی ٢ی ڕەشەممەی ١٣٩٨ی هەتاوی تاقیکارییەکی گەورە لە ململانێی دەسەڵاتێکی ملهوڕ و خۆسەپێن لە لایەک و کۆمەڵانی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران و کوردستان لە لایەکی دیکەوە بوو کە ئاکامەکەی شکست و ڕیسوایی ڕێژیم لە بەر چاوی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و کۆمەڵانی خەڵکی نێوخۆی وڵاتدا بوو. هەڵویستی ڕەوا و ئازایانەی ئەمجارەی خەڵک درێژە و تەواوکەری قۆناغەکانی خەبات و تێکۆشانی ڕابردوو بە تایبەتی ڕاپەڕینە خوێناوییەکانی خەزەڵوەر و بەفرانباری ئەمساڵ بوو کە ڕێژیمی تووشی داڕمان کرد و بناغەکانی دەسەڵاتی بە تەواوی وەلەرزە هێنا. سەرەڕای هەموو هەوڵ و پیلانداڕێژی و گوشارێکی ڕێژیم بۆ بەشداریکردنی خەڵک لەو شانۆگەرییەدا شاهیدی ئەوە بووین کە لەو بەناو هەڵبژاردنەدا لە هەموو پارێزگا و شار و شارۆچکەکاندا لە ئێران و کوردستان دەنگی بایکۆت و گوتنی "نا" بە کۆماری ئیسلامی بەرزترین دەنگ بوو کە چۆکی ڕێژیمی شکاند و شانازیی سەرکەوتنێکی بۆ هەموومان لە بەرامبەر ئەو ڕێژیمەدا تۆمار کرد. لەم نێوانەدا دەبێ ڕۆڵی ئەو حیزب و لایەن و کەسایەتییانەی کە لەگەڵ هەڵویستی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لەمەڕ بایکۆتی هەڵبژاردن تەبا بوون، بەرز بنرخێنین. هەروەها دەبێ سپاسێکی تایبەت لە خوێندکارانی چاوکراوەی زانکۆکانی ئێران بکەین کە هەر لە یەکەم ڕۆژەکانی هەوڵی ڕێژیم بۆ گەرمکردنی تەنووری هەڵبژاردندا بە دروشم و هەڵویستی شۆڕشگێڕانەی خۆیان، کۆتاییان بە سێناریۆی هەڵبژاردن لە نێوان "خراپ" و خراپتر" هێنا و ڕچەشکێنی ڕەوتێک بوون کە سەرکەوتنیی ڕۆژی ٢ی ڕەشەممەی لێ کەوتەوە. هەروەها دەبێ سپاسی ڕێکخستنەکان و ئەندام و لایەنگرانی هەر چوار حیزبی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بکەین کە هەر لە یەکەم ڕۆژەوە تا کۆتایی، بە هەوڵ و ماندووبوونی خۆیان ڕۆڵێکی شۆڕشگێڕانەیان لە هاندانی خەڵک بۆ بایکۆتی ئەو شانۆگەرییەدا گێڕا. لە تۆمارکردنی ئەو سەرکەوتنەدا هەروەها دەبێ سپاسی ئازایەتی و هەڵویستی جوامێرانەی ژنانی بوێر و ئازادیخواز و هەموو چین و توێژەکانی خەڵک بە تایبەتی کرێکاران و یەکسانیخوازان و نەتەوە ستەملێکراوەکانی ئێران و بە تایبەتی خەڵکی کوردستان بکەین کە ڕێگەیان نەدا ڕێژیم لە سەرەلێژی نەمانیدا دەنگی ئەوان بکاتە گەرەنتی و پاڵپشتێک بۆ مانەوە و نیشاندانی ڕەوایی سیاسی و ئایینیی دەسەڵاتەکەی لە بەرچاوی بیروڕای گشتیی گەلانی ناوچە و کۆڕ و کۆمەڵە نێودەوڵەتییەکاندا. ئێمە لە ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێراندا خۆمان بە ئەرکدار دەزانین کە لە کۆتاییدا جارێکی دیکە وێڕای پیرۆزبایی ئەو سەرکەوتنە، دەستی خەبات و شۆڕشگێڕیتان بە گەرمی بگوشین و سپاسی بەرخۆدانی جەماوەری و هەڵویستی سیاسیی مۆدێڕن و ئازادیخوازانەتان بۆ بە چۆکداهێنانی ئەو ڕێژیمە سەرکوتکەر و چەواشەکارە بکەین. دڵنیاتان دەکەینەوە کە تا کۆتایی ئەو ڕێگا پیرۆزە کە ڕووخانی یەکجاریی ڕێژیم و دابینکردنی ئازادی، یەکسانی و ڕزگاری لە ستەم و چەوسانەوە لە هەموو بوارەکاندایە، شانبەشانی ئێوە لە سەنگەری خەبات و قوربانیداندا پتەو ڕاوەستین و قۆناغ بە قۆناغ تا سەرکەوتنی یەکجاری هاوهەنگاو دەبین. هەروەها هیوادارین ئەو بەشە لە خەڵکیش کە بە هەر هۆیەک نەیانتوانی لە شانازیی ئەو سەرکەوتنەدا بەشدار بن و کەوتنە داوی پیلانەکانی ڕێژیم، لەوە تێبگەن کە ڕێژیم هیچ ڕەوایی و ئاسۆیەکی بۆ مانەوەی دەسەڵاتە نگریسەکەی نەماوە و وەک لە ڕابردووشدا سەلماندوویە نایهەوێ و ناتوانێ دابینکەری ماف و ئازادییەکانی ئەوان و ڕۆڵەکان و نەوەکانی داهاتووشیان بێت و تاقە ڕێگای گەیشتن بە هەموو مافەکانیان بەشداریکردن لە هەوڵ و خەباتی هەموو گەلانی ئێران و خەڵکی کوردستان بۆ ڕزگاری و بنیاتنانی سیستمێکە کە تەنیا بە تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی، دەرەتانی پێکهێنانی دەڕەخسێت. سڵاو لە ئیرادەی شۆڕشگێڕانەتان بژی یەکیەتیی شۆڕشگێڕانەی نەتەوەکانی ئێران بڕووخێ ڕێژیمی کۆنەپەرەستی کۆماری ئیسلامیی ئێران ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران ٣ی ڕەشەممەی ١٣٩٨ی هەتاوی ٢٢ی فیورییەی ٢٠٢٠ی زایینی