کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوا وێستگەی هەڵبژاردنەکانی مەجلیس لە ئێران

03:34 - 5 رەشەمه 2719

هەڵبژاردنی خولی یازدەیەمی نوێنەرانی پارلمانی ئێران وەک پڕۆسەیەکی سیاسی و کومەڵایەتی ، بە دەرەنجامگەلی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی، بە هەر دوو بەرەی بایکۆت و بەشداری کۆتایی پێ‌هات . ئەو نوێنەرانەی دەنگی متمانەیان بە ڕێژەی کەم یا زۆر بەدەست هێنا، دەچنە پارلمان و بۆ ماوەی چوارساڵ دەبنە نوێنەری ئەو خەڵکانەی وا هەڵیانبژاردوون. سەرەڕای ئەوەی خۆیشیان باش دەزانن کە دەبێ لە پارلمانێک کە لە بواری بڕیاری سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و دیپلۆماسی لەنێو وڵاتێکی وەک ئێران کە ناوەندێکی بێ‌دەسەڵاتە و، تەنیا دەبێ دەست بۆ پڕۆژەیاسایەک کە لە لایەن ناوەندی باڵاتر (کۆڕی بەرژەوەندییەکانی نیزام)ـەوە بۆیان دێ بەرز کەنەوە و؛ هیچ کارئاسانییەک بۆ خزمەتگوزاریی هاونیشتمانییان ناتوانن بکەن. بەڵام ئەو دروشمانەی لە ماوەی پڕۆسێسی هەڵبژاردن چ لیستە سیاسییەکان (بناژۆخواز، میانەڕەو و ڕێفۆرمیستەکان) و چ بەربژێرە بەناو سەربەخۆکان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەکاریان دەهێنا، دەبێتە پێوەری فکری و سیاسیی دواڕۆژیان لە پڕۆسەی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووریی یەک وڵات و نێو پارێزگاکەیان بەرامبەر به شارۆمەندانیان. ئەوەی لەم نێوەدا جێگای هەڵوێستە کردنی جیدی و خەسارناسییەکی لۆژیکیانەیە؛ پڕۆسەی هەڵبژاردن لە پارێزگای ورمێ لە نێوان دوو نەتەوەی کورد و ئازەریدایە. سەرەڕای ماهیەتی دیکتاتۆریی کۆماری ئیسلامی و نەبوونی هیچ چەشنە ئازادییەکی سیاسی لە ئێران و بە تایبەت کوردستان و ئازاد نەبوونی تاکەکان لە پڕۆسەی دێموکراتیکی هەڵبژاردن و بەچاوی ئەویدی لە کورد و دۆست و برا و هاونیشتمانی بۆ تورک ڕوانین، ئیزنی بە تاکی دڵسۆز، لێوەشاوە و کارگێڕی کورد نەدا بچێتە بەستێنی سیاسیی کێبەرکێی هەڵبژاردنەوە . لە ئاکامدا سەرەڕای بەدڵخواز نەبوونی، هیندێک کوردی بۆ پڕۆسەی بەناو هەڵبژاردن لە فیلتێرەکانی شۆڕای نیگابانەوە دەرچوواند و بازاڕی دەنگدانی پێ بەڕێوە برد. کە ئەوە دیوێکی مەسەلەکەیە، بە دیوێکی تردا نەتەوەی کورد کە ٧٠٪ی دانیشتووانی ئەم پارێزگایە پێک دێنێ و تورکەکانیش لە سەدا ۲٥٪، بەڵام ئەوەی لە فەزای سیاسیی تورکی و لە سایکۆلۆژیی ئەقڵی تاکی تورک بەرجەستەیە و لە سۆشیال میدیا وەک بەستێنێکی گشتگیری ئەمڕۆی ژیانی خەڵک ڕەنگی داوەتەوە، ئەو ئەقڵیەتە شووەنیستی و ڕاسیستییەی تاکی تورکە بەنیسبەت نەتەوەی کوردەوە، کە لە ڕووی شوناسەوە بڕوای پێیەتی و لە گوتاری ڕۆژانە و تاکتیک و ستراتێژییەکەیدا بەکاری دێنێ. گەر سەرنجی سۆشیال میدیای تورکەکان لە پێش و دوای هەڵبژاردن بدەین دەبینین هێرشێکی ناڕەوا و نالۆژیکییانە و دوور لە هەر جۆرە مەنتقێک لە سەردەمی هاوچەرخدا بۆ مێژوو و سیمبولی کورد کراوە و کوردیان بە میوان لەم سنوورە جوغرافییەدا ناساندوە. دیارە ئەم ئەقڵیەتە دواکەوتووە دەرەنجامی دەوڵەتداریی حاکمیەتەکانی پێشووە کە لە ڕێژیمی ئاخوندیدا لە فۆڕمی دینی بەنیسبەت گەلی کوردەوە، خراوەتە نێو هزری تاکی تورک و هاوکات شێواندنی مێژووی هاتنیان و خولقاندنی مێژووی درۆویینە و، لە لایەکی تریشەوە بە سیاسەتی شەڕ و ئاژاوە لەنێو ئەم دوو نەتەوەدا، ویستوویانە هەم نەتەوەیەکی(تورک) کوێر و کەڕ بەرامبەر بە خۆیان و ڕابردوویان بەرهەم بێنن و هەمیش بیانکەنە داشەهارە بۆ ئامانجی خۆیان. گەر وەک میناک ئاماژە بە شەڕی چاڵدێران لە ۱٥۱٤ لە نێوان ئیمپراتووریی سەفەوی و عوسمانی بکەین و کتێبی گەڕیدە ئورووپاییەکان لەم بارەوە بخوێنینەوە باس لەوە دەکەن، کە نەتەوەی کورد خاوەنی سەرەکیی ئەم ناوچەیەیە؛ بێجگە لەمەش دۆزینەوەی ئاسەوارە مێژووییەکانیش هەر ئەم ڕاستییە دەسەلمێنن. پاش گیرسانەوەی تورکەکان لە زێدی کوردان سیاسەتەکانی دەسەڵاتەکانی قاجار هەتا کۆماری ئیسلامی، دوژمنایەتیی کورد و بەرز نرخاندانی تورک بووە. هەر بەم پێیە هەموو کات لە تورکەکان وەک کەوا سووری بەر لەشکری فارسەکان بەدژی کوردان کەلک وەرگیراوە. دیارە نابێ دوو ئامرازی ئەم سیاسەتە لەبیر بکەین کە بریتین لە: مەزهەب و بە کافر ناساندنی کورد و ئەوی تریش جیاوازیی نەتەوەیی کە بە کەلکوەرگرتن لە کەسانی وەک ئاخوند حەسەنی، شەڕی نەتەوایەتییان لەنێوان ئەم دوو نەتەوەدا وەڕێخست. هەر چەند ئەم سیاسەتەش لە بەر چاوی ڕەشی تورک نەبووە، بەڵکوو بۆ دژایەتی کردنی نەتەوەی کورد و باوەڕمەندی ڕەوتە سیاسییەکانی ئەم نەتەوە بە عەداڵەت و گەیشتن بە مافی ڕەوای نەتەوایەتی بووە، کە هیچ کات هێژمۆنیی نەتەوەی سەردەستی قەبووڵ نەکردوە. لە کاتێکدا کە تورکەکان بێڕێزی بە یەکێک لە سیمبولەکانی مافخوازیی نەتەوەی کورد (سمکۆی شکاک) دەکەن، دەبێ بزانن کە سمکۆ لەپێناو داکۆکی لە کەرامەتی کورد و پاراستنی شوناسەکەی دەستی بۆ خەباتی ڕەوا بردوە، نەوەک هێرش کردنە سەر نەتەوەیەکی تر. ئێستاش ئەم جۆرە بیرکردنەوە شووەنیستییە واتە تواندنەوەی کورد لە بەردەم نەتەوەی فارسدا بووەتە ڕەمزی مانەوەی بەشێکی بەرچاو لە تورکەکان. لە پڕۆسەی بەناو هەڵبژاردنی نوێنەرانی پارلماندا زۆرینەی نەتەوەی تورک بەرامبەر نەتەوەی کورد خۆیان پێناسە دەکرد و، تەنیا باسی بناژۆخوازەکان نەبوو و بەڵکوو بەداخەوە هەموو ڕێفۆرمیستەکانیش لە بەرەی دژایەتیی کولتوور، مێژوو، زمان و بە گشتی نەتەوەی کورددا بوون و، ڕەمزی کوردانیان دا بەر چەقۆی فاشیستیی خۆیان. لە کۆتاییدا ئەوە بڵێین کە وەک چۆن ئێمە و هەموو لایەنە سیاسییە کوردەکان دێموکراسی و عەداڵەت و ئازادیمان لە سەرووی هەموو داواکانمانەوە داناوە؛ هیوادارین گەلانی دراوسێشمان بایەخ بە بنەما مرۆڤایەتییەکان بدەن و چیتر داوێن بە کێشە و ئارێشە نەتەوەییەکان نەدەن.