کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ١١ی ڕەشەمەی ١٣٥٧ـەوە بۆ ٢١ـی خەرمانانی ١٣٩٧

03:38 - 16 رەشەمه 2719

  لە ١١ی ڕەشەمەی ١٣٥٧ـەوە  بۆ ٢١ـی خەرمانانی ١٣٩٧ (گەورەترین سەرمایەی حیزبی دێموکرات، پشتیوانیی خەڵکی کوردستانە) دوای تێپەڕینی زیاتر لە سێ دەیە بەسەر ڕاگەیاندنی کۆمارە مەزنەکەی کوردستان لە مەهاباد لە لایەن حیزبی دێموکراتی کوردستان و بە سەرۆکایەتیی سەرۆک کۆماری شەهید قازی محەممەد، بۆ جارێکی دیکە و هەر لە شاری مەهاباد، حیزبی دێموکرات دەسپێکی زەمەنێکی دیکە لە شانازی و غرووری خەڵکی کوردستانی ڕاگەیاند. ئەم جارەیان جێگرەوە و درێژەدەری ڕێگا و ڕێبازی پێشەوای حیزبی دێموکرات، دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو لە کۆڕی دەیان هەزار کەس لە خەڵکی سەرجەم شار و ناوچەکانی کوردستان لە ئیستادیۆمی وەرزشیی شاری مەهاباددا باسی لە قۆناغێکی نوێی بزووتنەوەی نەتەوایەتیی خەڵکی کوردستان بە ڕێبەرایەتیی حیزبەکەی کرد. ڕۆژی ١١ی ڕەشەمەی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی کە تیایدا خەباتی ئاشکرای حیزبی دێموکراتی کوردستان دوای زیاتر لە سێ دەیە تێکۆشانی نهێنی ڕاگەیاندرا ، بۆ خەڵکی کوردستان بە گشتی و بە تایبەت بۆ حیزبی دێموکرات و شاری مەهاباد، وەبیرهێنەرەوەی مەزنترین ڕووداوی مێژوویی و پڕشانازیترین دەسکەوتی نەتەوەیی بزووتنەوەی نەتەوایەتیی خەڵکی کوردستان بوو. لەم میتینگە پڕحەشیمەتەدا، شەهید دوکتور قاسملوو وێڕای وەبیرهێنانەوەی ئامانج و داواکارییەکانی خەڵکی کوردستان و شیکردنەوەی سیاسەت و بۆچوونەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، پێشەوا ئاسا لەسەر نەخشە ڕێگای خەباتی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان و بەرنامەی حیزبەکە لەم پێناوەدا قسەی بۆ خەڵک کرد. *** ئێستا کە زیاتر لە چوار دەیە بە سەر میتینگە مەزنەکەی ١١ی ڕەشەمەدا تێدەپەڕێ، بزووتنەوەی نەتەوایەتیی خەڵکی کوردستان بە ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکرات مێژوویەکی پڕ لە سەروەری و شانازی لە پێناو دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییە نەتەوایەتییەکانی بەرامبەر دەسەڵاتی سیاسیی دژبە کوردی کۆماری ئیسلامی لە ئێران تۆمار کردوە. مێژوویەک کە هەڵگری دەریایەک تێچووی قورس و گرانی جۆراوجۆری ئینسانی، سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییە. لەم پێوەندییەدا هەر وەک شەهید دوکتور قاسملوو لە میتینگەکەدا باس لە زیاتر لە ٢٥ ساڵ خەباتی پڕ لە قوربانی و کوێرەوەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان دژبە نیزامی پاشایەتی دەکا. ئەم حیزبە لە پێناو بردنە سەری ئەو بەڵێن و پەیمانانەی لە ١١ی ڕەشەمەی ١٣٥٧دا بە خەڵکی کوردستانی دابوو، بەژانترین زامەکانی هەڵگرت. دوکتور قاسملوو کە پەیامی ئاشکرابوونی خەباتی ئاشکرای حیزبەکەی ڕاگەیاند و ڕاشکاوانە قسەی لەسەر گێرەشێوێنیی دوژمنانی گەلەکەی کرد و ڕایگەیاند کە “حیزبی دێموکرات و گەلی کورد بەرامبەر بە پیلانەکانی دوژمنان دەست لە سەر دەست دانانیشن”، زۆر باش دەیزانی کە ئەم ڕێگایە سەخت و ناهەموارە. بەڵام لێبڕاوانە و بە ئیمان بە ڕەوابوونی داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان و دروستبوونی سیاسەتی حیزبەکەی بەڵێنی بە خەڵک دا کە “حیزبی دێموکرات خۆی بە خزمەتگوزاری خەڵک دەزانێ و تا سەر درێژەدەری ڕێگای شەهیدان دەبێ”. بۆیە هەر لەم پێناوەشدا گیانی بەخت کرد و هاوڕێ لەگەڵ هەزاران کەس لە هاوسەنگەرانی وەفادار بە بەڵێنەکانیان مانەوە. هەروەک لە نەخشە ڕێگای حیزبی دێموکراتدا هاتوە و شەهید دوکتور قاسملووش لەو میتینگەدا بە دروستی ئاماژەی پێکرد، پشتیوانیی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بۆ حیزب گەورەترین سەرمایەیە. حیزبی دێموکراتی کوردستان کە ٢٥ی گەلاوێژی ساڵی داهاتوو (١٣٩٩) جێژنی ٧٥ ساڵەی دامەزرانی دەگرێ، زیاتر لە حەفتا ساڵی تەمەنی بە شێوەی نهێنی و ڕێگەپێنەدراو و دوور لە  ژینگە و گۆڕەپانی ئەسڵیی خۆی، درێژەی بە خەبات داوە. بەڵام سەرەڕای ئەوەی کە نەیتوانیوە بە ئاشکرا و ڕاستەوخۆ لەو بەشە لە کوردستان کە خەباتی بۆ دەکا، تێکۆشانی هەبێ، دیسانیش خاوەن پێگەترین هێزی کوردییە. ڕێژیمی پاشایەتی کە بە گرتن و بەندکردنی بەشێکی بەرچاو لە ئەندامانی حیزب لە نێوخۆی وڵات و بەڕێوەبردنی پیلانی جۆراوجۆر بۆ کوشتن و حەزفی ڕێبەرانی لە دەرەوەی وڵات، هەموو هەوڵی ئەوە بوو کە ئەم ڕێبازە سیاسییە تووشی شکست و لەنێو چوون بکات، بەڵام میتینگە دەیان هەزار کەسییەکەی شاری مەهاباد –کەمتر لە یەک مانگ دوای ڕووخانی نیزامی پاشایەتی– سەلماندی کە حیزبی دێموکراتی کوردستان خاوەنی چ سەرمایەیەکی جەماوەرییە. لە دەرەجەی یەکەمدا هەوڵدان بۆ لەنێو بردنی حیزبی دێموکرات کە بە دەیان جار لە لایەن هەر دوو ڕێژیمی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامییەوە تاقی کراوەتەوە، تووشی شکست بۆتەوە. بۆیە هەوڵیان داوە لە ڕێگای کەلێن خستنە نێو حیزب –وەک ڕێبەریی بزووتنەوەکە– و خەڵکەوە، ئەم حیزبە تووشی بێ‌هیوایی و لاوازیی بکەن. بۆ ئەم مەبەستە هەر لە حاشاکردن لە بوونی حیزبی دێموکرات و لە بە هەڵوەشاوە ناو بردنیەوە بگرە تا پەرەپێدان بە پروپاگاندای جۆراوجۆری بێ‌بنەما لەنێو خەڵک، هەوڵیان داوە مەوجوودیەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەم سەرمایە ئەساسییە (پشتیوانیی خەڵک) بەتاڵ بکەنەوە. پاراستنی ئەم سەرمایە بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستان بە تایبەت لە ماوەی ئەم چوار دەیەی ئاخردا یەکێک لە ئەرکە هەرە بنەڕەتی و ئەساسییەکان بووە. جیا لەو پیلانە جۆراوجۆرانەی کە لە لایەن دەسەڵاتی سیاسی لە تارانەوە بۆ دابڕاندنی خەڵک لە حیزب بەڕێوە دەچن و تا ئێستاش بەردەوامن، بەداخەوە کەم نەبوون و نین ئەو دەست و پێوەندییە بەناو خۆماڵیانەش کە دژبە پێگەی حیزبی دێموکرات ئاویان لەم ئاشە کردوە و لێی بەردەوامن. جیا لە هەمووی ئەمانە درێژەکێشانی خەبات و هاتنی نەسڵەکان بەدوای یەکدا و تەنگتر بوونەوەی دەرفەتی مەیدانی بۆ حیزب بە هۆکاری جۆراوجۆری نێوخۆیی و دەوروبەر، ئەم ئەرکەی لەسەر شانی حیزبی دێموکرات قورس و گرانتر کرد. بۆیە بۆ حیزبی دێموکرات پێویست بوو بە دەرکێکی دروست لە واقعیاتی ئەمڕۆی کۆمەڵگەی کوردستان، دەسنیشانکردنی دەرفەتەکان، تێگەیشتن لە پیلانەکانی ڕێژیم و پێداگری لەسەر مانا جەوهەرییەکانی بزووتنەوەی نەتەوایەتیی خەڵکی کوردستان و لە هەمووی گرینگتر دیتنی هەموو بەستێنەکانی خەبات و تیکۆشان و گرینگی دان بە نێوخۆی وڵات و جموجووڵە جۆراوجۆرەکانی، پێش بە دابڕانی لە خەڵک و کۆمەڵگە بگرێ. گرینگی دان بە خەباتی جەماوەری و مەدەنی، ڕێزگرتن لە کار و تێکۆشانی تێکۆشەرانی نێوخۆی وڵات لە بەستێنی جۆراوجۆری خەبات و هاندانی خەڵک بۆ کەلکوەرگرتن لە هەر دەرفەتێکی مومکین بۆ هێنانە ئارای ویست و داخوازییەکانی خۆیان بەرامبەر بە سیاسەتی ڕێژیم بۆ بەرتەسک کردنەوەی ڕێکارەکانی موبارزە و هەروەها هێنانە ئارای گوتاری ڕۆژهەڵات‌تەوەری بەرامبەر بە پیلانی بەلاڕێدا بردنی هێز و وزەی خەباتکارانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەشێک لەو ڕێکار و گوتارانە بوون کە حیزبی دێموکرات بە دروستی توانی لە ڕێگای ئەوانەوە هەم پێگەی خۆی لەنێو خەڵکدا قایمتر بکات و هەم لە ئاستێکی بەربڵاوتردا بە مەبەستی پێداگری لەسەر داواکانیان، سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بەگژ ڕێژیمدا ڕێک بخا. حزووری پڕ لە شانازیی پێشمەرگەکانی حیزب لە نێوخۆی وڵات کە بە حەق لە لایەن خەڵکی کوردستانەوە بە باوەشی ئاوەڵا و هیواوە پێشوازییان لێ کرا، بەشێک بوو لەم نەخشە ڕێگایە. هاوشان لە گەڵ حزووری پێشمەرگانە، ڕاگەیاندنی پشتیوانیی حیزب بە شێوەی ئاشکرا لە ڕێکخراوە مەدەنییەکان و جموجووڵی چالاکانی بوارە جۆراوجۆرەکان لە نێوخۆی وڵات، گڕوتینێکی بەرچاوتری بە بزووتنەوەی خەڵکی کوردستان بەخشی. پەرەسەندنی جموجووڵی جۆراوجۆری خەڵک و خەباتگێڕان لە بەستێنی جۆراوجۆردا کە ئادرەس و ڕێبەرییەکەی بۆ هەموو لایەک ڕوون بوو، بۆ جارێکی تر بە کاربەدەستانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی سەلماند کە بە پێچەوانەی ئەو ئیدیعایانەی دەیانکرد و هەزینەی قورس و گرانیان بۆ سەرخستنی تەرخان کردبوو، حیزبی دێموکراتی کوردستان وەک هەمیشە و زیاتر لە ڕابردووش خاوەنی پشتیوانیی خەڵکی کوردستانە. بۆیە وەک هەمیشە کەوتنە بیری زەربە وەشاندن لە سەرچاوە و ئادرەسی ئەم جموجووڵانە و لە ماوەی کەمتر لە دوو ساڵدا جیا لە هەوڵدان بۆ تێرۆری کادر و پێشمەرگەکانی ئەم  حیزبە، لە دوو هێرشی تێرۆریستیدا؛ تەقینەوەکانی شەوی یەلدای ١٣٩٦ـی بەردەم بارەگای ناوەندیی حیزب لە قەڵای دێموکرات و هێرشی مووشەکیی بۆ سەر کۆبوونەوەی کومیتەی ناوەندیی حیزب لە ١٧ی خەرمانانی ١٣٩٧دا کە لەنێو بردنی یەکجاریی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتیان ئامانج بوو. لە ئەنجامی هەموو ئەو هێرشە تێرۆریستییانەدا ئەوەی وەک هەمیشە خۆی دەرخست و کاربەدەستانی ڕێژیمی زیاتر تووشی ڕق و تووڕەیی کرد، پشتیوانیی سەرتاسەریی خەڵکی کوردستان لە حیزبی دێموکرات و ڕسواکردنی ئەم کردەوە تێرۆریستییانە بوو. لوتکەی هەڵوێستی پشتیوانیی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە حیزبی دێموکراتی کوردستان، مانگرتنی گشتی و سەرتاسەریی ڕۆژی ٢١ـی خەرمانانی ١٣٩٧ـی هەتاوی بوو کە هەر دوای سێ ڕۆژ تێپەڕین بە سەر هێرشی مووشەکیی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر کۆبوونەوەی ڕێبەریی حیزب لە قەڵای دێموکرات لە ١٧ی خەرمانان، خەڵکی کوردستان بە مانەوە لە ماڵەکانیان و داخستنی دووکان و بازاڕەکان وێڕای ڕسواکردنی ئەم کردەوە تێرۆریستییە، پشتیوانیی بەرینی خۆیان لە حیزب دەربڕی. ئەگەر خەڵکی کوردستان توانیبایان و ئیزنیان پێ درابا کە بە شێوەیەکی ئازادانە لە ڕۆژی ٢١ـی خەرماناندا هەڵوێست بگرن، هیچ گومانی تێدا نییە کە لە هەر شارێکی کوردستاندا میتینگی زۆر گەورەتر لە میتینگە دەیان هەزار کەسییەکەی ١١ی ڕەشەمەی ٥٧ـی شاری مهاباد بەڕێوە دەچوو. جا ئەو کات زیاتر و ڕوونتر لە ئێستا بۆ هەموو لایەک دەردەکەوت کە حیزبی دێموکراتی کوردستان خاوەنی چ سەرمایەیەکی گەورەیە. ***