کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە کام ئازان و بە چی بەزیون؟

04:06 - 16 رەشەمه 2719

قەیرانە سروشتییەکان لە سۆنگەی کۆمەڵێک دیاردەی وەک هەردهەژان، لافاو و بڵاوبوونەوەی پەتا و نەخۆشییەوە لە هەموو  شوێن وکۆمەڵگەیەکدا ڕوو دەدەن، بەڵام ئەوەی گرینگە شێوەی مودیرییەتی ئەم جۆرە قەیرانگەلەیە. لە وڵاتە گەشەکردووەکاندا مودیرییەتی قەیران بەر لە هەر شتێک لەسەر بنەمای پێشگرتن ئەویش بە پشتبەستن بە هەموو توانا زانستی و تێکنۆلۆژییەکان دەوەستێ و، بێتوو بەوە دەروەست نەهاتن و قەیرانەکە ڕووی دا؛ ئەمجارەیان هەموو ئیمکاناتی وڵات و حکومەتی بۆ تەرخان دەکەن هەتا بە کەمترین زیان بەسەریدا زاڵ ببن. بەڵام لە وڵاتانی ڕوو لە گەشە یان گەشە نەکردوو و نادێموکراتیکەکاندا _کە بەتایبەت دەسەڵاتی سیاسی لەو وڵاتانە خۆی سەرچاوەی قەیرانگەلی جۆراوجۆریشە_ مودیرییەتی قەیران جۆرێکی ترە. لەم وڵاتانەدا کەمترین بایەخ و گرینگی بە بنەڕەتی پێشگرتن نادرێ، چونکی ئەمە پلان و تێچووی مادی و مشوور خواردنی گەرەکە. دوایەش کە بەسەردا کەوتن، چەندی بکرێ هەوڵی شاردنەوەی ڕاستییەکان بەمەبەستی خۆدزینەوە لە ئەرک و بەرپرسایەتییەکانی دواتریان دەدەن و پەردەی ئاخریش بریتییە لە هەندێک هەڵتوزداتوز و خۆنواندنی بێ‌بنەما. بەفرانباری ساڵی 95 کاتێک قالیباف، شارەداری ئەوکاتی تاران لە مەجلیس ڕاپۆرتی ڕووداوەکەی “پلاسکۆ”ی دەداوە، سەرەباسێکی گرینگی کردەوە و گوتی “مودیرییەتی قەیران لە وڵاتی ئێران خۆی لە قەیران‌دایە”. بەڵام خۆی لە پلەی کەسی یەکەمی شار و بەدوای ئەم کارەساتەدا نە وازی لە بەرپرسایەتییەکەی هێنا و نە تەنانەت داوای لێبوردنیشی کرد. بەفرانباری سێ ساڵ دواتر و کاتێک کە پەتای کڕۆنا لەسایەی مودیرییەتی قالیبافەکانەوە گەیشتە ئێران، کاربەدەستانی ڕێژیم لەبەر ئەوەی تەندووری هەڵبژاردنەکانیان سارد نەبێتەوە، ماوەی زیاتر لە مانگێک خۆیان لێ گێل و نەبان کرد و هەر لەگەڵ تەواوبوونی هەڵبژاردنەکان دەزگای مانۆڕ و تەبلیغاتی ڕێژیم کەوتە خۆ؛ بەڵام ئیدی کار لە کار ترازابوو، و ئێران نەک هەر قوربانیی ئەم پەتایە، بەڵکوو ببوو بە سەرچاوەی هەناردەکردنیشی بۆ وڵاتانی دی. پێش ئەوەش بوومەلەرزەکەی کرماشان، لافاوەکەی شیراز و لوڕستان و هەر لەم ماوەیەدا هەردهەژێنەکەی قوتوور و لێکەوتەکانی پێمان دەڵێن لە ئێراندا نە بنیات و دامودەزگا دەوڵەتییەکان لە هەلومەرجی قەیراندا فریای خەڵک دەکەون و نە خەڵکیش متمانەیان بە ڕێژیم و دەسەڵاتە هەتا بایەخ بۆ کار و کردەوەکانی ڕێژیم دابنێن. لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا مودیرییەت تەنیا بە هەندێک کاری ڕۆتێن و هاوئاهەنگیی چەند ئیدارەیەک پێناسە کراوە و ئەوەی ئیدارە و ڕێکخراوەکانی بەناو مودیرییەتی قەیران بەلایدا نەچوون، خەسارناسی و شرۆڤەی ڕووداوەکان، پلانی پێشگیرانە، ئامادەیی بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ قەیرانەکان، گەیاندنی بەوەختی زانیارییەکانی پێوەندیدار بە خەڵک و فێرکردنی گشتی و تایبەتییە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی قەیرانەکان و کەمکردنەوەی زیان و خەسارە مرۆیی و مادییەکانە. ئێران لە ڕیزی دە وڵاتی پڕ رووداوە سروشتییەکاندایە و لە ٤٠ جۆر بەڵای سروشتی زیاتر لە ٣٠ دانەیان لە ئێران ڕوو دەدەن و لە سۆنگەی ناکارامەیی دەوڵەتەوە بەرۆکی خەڵکی ئەم وڵاتە دەگرن. لە ئێران مودیرییەتی قەیران دوای ڕوودانی قەیرانەکە دەست پێدەکا و ئەویش تەنیا خۆی لە پرسی بەهاناوەچوونێکی سەقەتدا دەبینێتەوە، سروشتییە لەو بارودۆخەدا لەبەر ئەوەی جۆری ڕووداوەکە پێشبینی نەکراوە و کەرەستە و ئیمکاناتی بەرگرتن و چارەسەری بۆ تەرخان نەکراوە؛ جارێ هەتا گەیشتنی هێزی یارمەتیدەر زەبر و زیانە سەرەکییە خەڵکی بەرکەوتوو چێشتوویەتی. دوایەش هەموو شتێک پشتگوێ دەخرێ و لەبیر دەکرێ. هەڵبەت ئەمجارەیان بابەتی “کڕۆنا” لە دیاردە و بەڵا سروشتییەکانی دی کەمێک جیاوازترە. دەسەڵاتی سیاسی لە ئێران پەتای کڕۆنای سەرەتا  بەسیاسی کرد و دواتریش لە پڕۆسەیەکی ئایینی_ئەمنیەتیدا هەوڵیدا بەسەریدا زاڵ ببێ کە نەیتوانی. سەرەتا بە مەبەستی نەسڵەماندنەوەی خەڵک لە سندووقەکانی دەنگدان بڵاوبوونەوەی ئەم پەتایەی لە ئێراندا شاردەوە و دوایەش کەمیی بەشداریی خەڵک لە هەڵبژاردنەکانیشی بۆ ترسی خەڵک لە کڕۆنا گەڕاندەوە. لەبیرمانە کە خامنەیی تەنانەت لەو بابەتەشدا دیسان قامکی تاوانی بۆ “دوژمن”ە خەیاڵییەکە درێژ کردەوە و دوایەش ئەوە ئایەتوڵڵاکانی قوم بوون کە بە ڕوانگەی ئایینی و ئەمنیەتی ئەوەندەی بۆیان کرا ڕێیان لە ڕێکارە زانستییەکانی بەگژداچوونەوەی ئەم قەیرانە گرت. بەئەمنیەتی‌کردنی دیاردە، ماف و بابەتە سیاسی و تەنانەت مەدەنییەکانیش لە هەموو ماوەی تەمەنی کۆماری ئیسلامیدا چەکی دەستی ئەو ڕێژیمە بووە بۆ سەرکوتی هەرچەشنە ناڕەزایەتی و مافخوازییەک؛ هەروەها لە ڕوانگەی ئایینیش هەم بۆ شەرعییەتدان بە حەزفی فیزیکیی نەیارانی سیاسی کەلکیان وەرگرتوە و هەم بۆ مەرامی بێبەش‌کردنی هەموو ئایینزا و کەمایەتییە ئایینییەکانی دیکە لە مافەکانیان. بۆیە لە بابەت کڕۆناشدا سەرەتادا مەلاکانی قوم و مەرجەعە تەقلیدەکان ئامادە نەبوون ئەم مەیدانە بۆ خەڵکی پسپۆڕی خۆی بەجێ بێڵن و دەسەڵاتیش لە ڕەهەندی ئەمنیەتییەوە هەتا ئێستاش لە بەرژەوەندیی خۆیدا بەکاری بێنێ. بەڵام وەنەبێ ئەم ڕێژیمە لە مودیرییەت‌کردنی هەموو پلان و بەرنامە و  دیاردە و قەیرانێکدا کورتی هێنابێ، ئەساس ئەوەیە کە چیی لە بەرژەوەندیی دەسەڵات _نەک خەڵک_دا بووە بەباشترین شێوەی دڵخوازی خۆی ڕایی کردوە و چیش زەرەری بۆ پەز بووە، لەبۆ قازانجەکانی خۆی سیاسەتی لەگەڵدا کردوە. کارنامەی ٤١ ساڵەی ئەم ڕێژیمە پڕە لەو شێوەی مودیرییەتە: ڕێژیم هەر لە ڕۆژەکانی یەکەمی گرتنەدەستی دەسەڵات کەوتە پڕۆژەی نەهێشتنی نەیارانی سیاسیی خۆی و تەنافەکانی ئێعدامی دەمودەست لە سەربان و حەوشەی مەدرەسەی ڕیفاهـ هەڵخست و هەتا ئێستاش تێرۆر و حەزفی فیزیکیی دژبەرانی سیاسیی خۆی مودیرییەت دەکا! ئەم ڕێژیمە ٨ ساڵ شەڕی ماڵوێرانکەر لەگەڵ عێڕاقی لەپێناو سەقامگیریی دەسەڵاتی سیاسیی خۆیدا درێژ کردەوە، شەڕێک کە بە میلیون کەسی تێدا کوژران و بریندار بوون و ژێرخانی ئابووریی وڵاتی هەڵتەکاند، بەڵام ئەوان بەپێی بەرنامەکانی خۆیان مودیرییەتیان کرد و ئاکامی دڵخوازی خۆیان لێ وەرگرت! ئەوان ئازابوون لە مودیرییەتی کوشتارەکانی کوردستان، خوزستان و تورکەمەن‌سەحرا و، کوشتاری زیندانیانی سیاسی لە هاوینی ساڵی ٦٧. ئەوان ئازا بوون لە مودیرییەتی ئینقلابی فەرهەنگی! و ئیدۆلۆژیستە کردنی نیزامی پەروردە و هەموو ئەو نەهامەتییانەی بەسەر مێژوو و هونەر و ئەدەبییاتی ئەم وڵاتەیان هێنا. سەرکوتی کۆمەڵگەی مەدەنی، بێبەشکردنی کەمایەتییە نەتەوەیی و ئایینییەکان لە مافەکانیان، کپ‌کردنی هەرچەشنە ناڕەزایەتییەک و سەرکوتی سیستماتیکی ماف و داخوازییەکانی ژنان و هتد بەشێکی دی لەو پڕۆژانەن کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە مودیرییەت‌کردنیاندا ئازا بووە! ئەم ڕێژیمە خۆی شێرپەنجە و پەتایەکی کوشندەیە و وەک بەڵایەکی ئاسمانی بەرۆکی خەڵکی ئێرانی گرتوە و نە دەیهەوێ و نە دەتوانێ بەرەوڕووی پەتایەکی وەک کۆڕۆنا بێتەوە کە خۆی ڕۆڵی سەرەکیی بووە لە تەشەنەکردنی لە وڵاتدا؛ بۆیە بەر لە هەموو شتێک ئەوە خەڵکن کە دەبێ فریای حاڵی خۆیان کەون و دواتریش ڕێکخراوی جیهانیی تەندروستییە کە دەبێ چاوی بەسەر ئێران و ڕەفتار و بڕیارەکانی کۆماری ئیسلامییەوە هەبێ لەو پێوەندییەدا.