کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی نەورۆزیی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان

00:24 - 28 رەشەمه 2719

خەڵکی تێکۆشەری کوردستان! نەورۆزی هەموو لایەکتان پیرۆز بێ. هیوادارم ماڵاوایی لە ساڵی ڕابردوو و پێشوازی لە ساڵی تازە سەرەتایەک بێ بۆ دەسپێکێکی نوێ لە ژیان و تێکۆشان و هیوا بە داهاتوویەکی ڕوون بۆ هەموو لایەکمان. هاونیشتمانیانی بەڕێز! ئێمە لە حاڵێکدا ماڵاوایی لە ساڵی ڕابردوو دەکەین کە خەڵکی ئێران لەو ساڵدا و لەژێر دەسەڵاتی ناکارامە و نامەسئوولانەی کۆماری ئیسلامیدا گەلێک ڕووداوی تازەیان بینی کە دووانەیەک بوون لە تاڵی و شیرینی و کارەسات و حەماسە. لە ساڵی ڕابردوودا لە سایەی سیاسەتی پڕ لە هەڵە و دەستتێوەردانی ناڕەوای کۆماری ئیسلامی لە وڵاتانی ناوچە و پێمل نەبوونی بە یاسا و ڕێساکانی نێودەوڵەتی، وای کرد کە ئەو وڵاتە زیاتر بکەوێتە پەراوێزەوە و گەمارۆی زۆرتری بخرێتە سەر. بەجۆرێک کە ئاکامەکەی بووە بە هۆی گرانی و نەداری و بێکاریی لە ڕادەبەدەر و دۆخێکی وا هاتووەتە ئاراوە کە بڕستی لە خەڵکی بێدەرەتان بڕیوە و ژیان و گوزەرانی ئەوانی ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ سەختتر و ناخۆشتر کردوە. خەڵکی خەباتکاری کوردستان! بەداخەوە بەشی کوردستان لەو سەرکوتکارییانەی کۆماری ئیسلامی وەک هەمیشە زیاتر لە شوێنەکانی دیکەی ئێران بووە و لە خۆپیشاندانەکانی خەزەڵوەریشدا خەڵکێکی زۆر لە کوردستان شەهید و بریندار بوون. زیندانیکردنی چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە کوردستان بووەتە پیشەی ڕۆژانەی مافیاکانی وەزارەتی ئیتلاعات و سپای پاسداران. بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەدا خاڵی موسبەت و گرینگی دوای ئەو ڕووداوانە ئەوەیە کە، خەڵک ترسیان لە هێزە سەرکوتکەرەکان شکاوە و چاو لە چاوی دیکتاتۆر، داوای مافەکانی خۆیان دەکەن. ئازیزان! لە کۆتاییەکانی ساڵی ڕابردوودا یەکێک لە باشترین و مەدەنیانەترین ڕێگاکانی بەرەنگاریتان دژ بە کۆماری ئیسلامی، تەحریمی هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی شۆڕای ئیسلامی بوو کە یەکی گەورە ی دیکە بوو بە دەسەڵاتێکی موستەبید و نامەسئوول. ئێوە بەو هەڵوێستە بە هەموو دنیاتان ڕاگەیاند کە ئەو دەسەڵاتە لە لایەن خەڵکی وڵاتەکەیەوە هیچ مەشرووعیەتێکی نەماوە. دەسەڵاتێک کە تەنانەت بەئاشکرا فڕۆکەیەک کە زۆربەی موسافیرەکانیشی خەڵکی خودی وڵاتەکەی خۆیەتی لە ئاسمانی تارانی پایتەخت دەکاتە ئامانجی مووشەک و زۆر بێ‌ڕەحمانە دەیانکوژێ و بە پاشان حاشای لێدەکا و بە ڕژی روون لە گەڵ بیروڕای گشتی دنیا درۆ دەکا. هاونیشتمانیانی خۆشەویست! ئێستا کە ئێمە ساڵی کۆن بەڕێ دەکەین و بەرەوپیری ساڵی تازە دەچین، بەداخەوە بڵاوبوونەوەی ویروسی کۆرۆنا بۆتە مەترسییەکی جیددی لەسەر ژیانی خەڵک. کۆماری ئیسلامی لەو پێوەندییەشدا دیسان لەگەڵ خەڵک شەفاف نەبوو و لە کات و ساتی خۆیدا خەڵکی لە تووشبوون بەم پەتایە ئاگادار نەکردەوە. وای لێهات کە ئێستا جیا لە تووشبوونی خەڵکی هەندێ لە شارەکانی ئێران، ئەو ویروسە لە ئێرانەوە بۆ زۆر وڵاتی دیکە گوازراوەتەوە. بۆیە بە یەکڕیزی و هاوکاری و هەماهەنگی هەموو چین و تۆێژەکانی خەڵک لەگەڵ یەکتر و بە لەبەرچاو گرتنی ڕێنماییەکانی پێویستی پزشکی و ڕێوشوێنی گونجاو، هەمومان بە یەکەوە دەتوانین یاریدەدەرێکی باش بین بۆ کەمکردنەوەی زەرەر و زیانەکانی ئەو ویروسە. خەڵکی بە هەڵوێستی کوردستان! لەبیرمان نەچۆتەوە کە ئێوەی هەمیشە خاوەن هەڵوێست، ساڵانی ڕابردوو بە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز، شکۆیەکی تایبەتیتان بە وەرزی نوێبوونەوەی ساڵ و وەرزێکی نوێی ژیان و تێکۆشان لە کوردستان بەخشیبوو. هەرچەند ئەوساڵ لەبەر خۆپارستن لە تووشبوون بە ویروسی کۆرۆنا ڕەنگە نەکرێ وەک ساڵان لە دەوری یەک کۆببنەوە، بەڵام ئێمەی کورد هەرگیز نەورۆزی کوردیمان لە بیر ناچێتەوە. وێڕای پیرۆزبایی سەری ساڵی نوێ لە سەرجەم خەڵکی کوردستان، بە تایبەت بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی، هاوخەمیی خۆمان لەگەڵ بنەماڵەی قوربانیانی کۆڕۆنا و توشبووان بەو ویروسە دەردەبرین. ئێمەی کورد لەگەڵ زۆر بوحران و ڕۆژی ناخۆش ڕووبەڕوو بووین، بەڵام کۆڵمان نەداوە. ئەم جارەش کۆڵ نادەین و دڵنیام بەسەر ویروسی کۆڕۆناشدا زاڵ دەبین و هیوادارین دەسپێکی ساڵی تازە سەرەتاییەکی باش بێ کە بە هیمەت و هاوکاری هەرەوەز و خەمخۆری هەمو لایەکمان بە یەکەوە بوحرانی کۆرۆناش تێپەڕ بکەین.   بە هیوای داهاتوویەکی گەش بۆ نەتەوەکەمان و ئارەزووی ساخی و سڵامتی بۆ هەموو لایەکتان نەورۆز و ساڵی نوێتان پیرۆز.   خالید عەزیزی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان