کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بزووتنەوەی ژنان و دینامیزمی دەسەڵات لە ئێران‌دا

22:12 - 29 رەشەمه 2719

نیوەی دووهەمی مانگی ڕەشەممە دوو بۆنەی تێدا کە بۆ باس لەسەر پرسی ژنان گرینگن. ٨ی مارس، ڕۆژی نێونەتەوەیی ژنان و ٢٤ی ڕەشەممە، ڕۆژی دامەزرانی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان. ئەم بۆنە مێژووییانە هەم دەرفەت و هەم بیانوون بۆ ئەوەی پرسی ژنان و چەندی‌و‌چۆنیی ڕەوتی مافخوازیی ئەوان هەڵسەنگاندنیان بۆ کرێ. کە باس لە بزووتنەوەی ژنان لە ئێران، یان تایبەت کە باس لە بزووتنەوەی ژنانی کورد لە ئێران دەکەین، چاومان دەچێتە سەر ئەو قۆناغگەلەی بزاوتی ژنان بڕیویەتی. حەلیمە ڕەسووڵی، سکرتیری پێشووی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان دەڵێ لە ئێراندا و لە پێش مەشرووتەوە ژنان بە شێوەی تاکەکەسی لە کایە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگەدا حزووریان هەبووە. لە بزووتنەوەی مەشڕووتەدا ئەم حزوورە لەئاستی تاکەکەسی دێتە دەرەوە و گشتگیرتر دەبێ، لە دەورانی پەهلەویی دووم ڕەوتێکی گشتگیرتر و ڕادیکاڵتر بەخۆیەوە دەگرێ و لە سەرەتاکانی دەیەی شەستی هەتاویدا بە لووتکەی خۆی دەگا. پاش شۆڕشی ٥٧ و بەهۆی سەرکوتی هەمەلایەنەی هێزە سیاسییەکان و دروستبوونی فەزای وەحشەت و هەروەها شەڕی ئێران و عێراق، بزووتنەوەی ژنانیش تووشی نسکۆ دەبێ و بەشێکی زۆر لە ژنان خانەنشین دەکرێن یان تووشی زیندان و ئەشکەنجە و ئێعدام دەبن، کۆمەڵێکیش ناچار دەبن وڵات بەجێ بهێڵن و پەڕیوەی هەندەران بن. لە دەوڵەتی دووهەمی ڕەفسەنجانی بەهۆی پەرەگرتنی نرخی نەوت و سیاسەتی “دەرگای کراوەی ئابووری” لە لایەن دەوڵەتەوە، بزووتنەوەی ژنان جارێکی دیکە پەرە دەگرێ و، مەحفەڵە نهێنییەکانی ژنان لە هەبوونی یەکتر ئاگادار دەبنەوە و پێکەوە پێوەندی دەگرنەوە. ئەم پێوەندییە بووە هۆی ئەوەی کە بتوانن لە دەورانی ئیسلاحات جارێکی دیکە ببنە چینێکی شوێندانەر لە کۆمەڵگە و بە دروستکردنی سەدان ڕێکخراوەی ناحکومی و بڵاوکردنەوەی دەیان گۆڤار و ڕۆژنامە، لە ماوەیەکی زەمانی کورتخایەندا هێز و توانای خۆیان بە دەسەڵات بسەلمێنن. بە هاتنە سەرکاری دەوڵەتی بناژۆخوازی ئەحمەدینەژاد چالاکیی ژنان جارێکی دیکە تووشی نسکۆ بوو، بەشێکی هەرەزۆری ڕێکخراوەکان و چالاکییەکانی ژنان ڕاگیرا، تەرحی تەفکیکی جنسییەتی و گەشتی ئیرشاد فەزای بۆ حزووری ژنان لە عەرسەی کۆمەڵگە لە جاران سەختتر کرد و وەستانی ئابووری، گەشەی هەژاری، بێکاری و هەڵاوسان لە دەورانی ڕۆحانی ڕەوشی چالاکییەکانی ژنانی خراپتر لە جاران کرد. لە کوردستانیش لە دەورانی قەدیمەوە لە سەرتاسەری کوردستان حکومەتگەلی خۆجێیی لەسەر کار بوون کە بە پێچەوانەی نەتەوەکانی درواسێ، شوێنپێی ژنان هەمیشە لە دەسەڵاتداری و سیاسەتدا دیار بووە، تەنانەت لە هێندێک شوێنیش دەبینین ژنان بە پۆستی حوکمڕانی گەیشتوون کە حوکمڕانی گەورە شاری حەڵب لە لایەن “زیغە خاتوون” و حوکمڕانی شاری ڕوانسەر لە لایەن “حەمیدە خانی ئەردەڵان” جێی ئاماژەیە. لە جیهانی هاوچەرخدا و بە هاتنی مۆدێرنیتە، ژنانی کوردیش لە قافڵەی دنیای نوێ بەجێ نەماون. یەکەمین ڕێکخراوی ژنان لە ساڵی ١٩١٩ لە لایەن کۆمەڵەی کوردانی تەبعیدی لە ئیستەنبوڵ دامەزرا و پاش ئەوە لە ساڵی ١٩٢٠ لە سەردەمی حکومەتی خودموختاری شێخ مەحموودەوە، “حەفسەخانم” ڕێکخروای ژنانی بونیات نا، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش لە ساڵ ١٣٢٤دا ، پاش دامەزراندنی کۆماری کوردستان، “یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستان” دادەمەزرێ.  پاش کۆماری کوردستان لە ڕاستیدا بزووتنەوەی ژنان لە کوردستان تابعێک بوو لە بزووتنەوەی ژنان لە ئێران، هاوکات لەگەڵ کرانەوەی فەزای سیاسی لە ئێران بزووتنەوەی ژنانیش پەرەی گرتوە و بە داخرانی فەزای سیاسی بزووتنەوەی ژنانیش تووشی نسکۆ بووە.   ئەگەر دامەزرانی یەکیەتیی ژنانی دێموکرات بە دەسپێکی قۆناغی کاری ڕێکخراوەیی ژنی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەمەبنا وەربگرین، هەر لەجێدا ئەم پرسیارە دەگوورێ کە بەستێن و زەروورەتی دامەزرانی ئەم ڕێکخراوەیە چی بوو؟ عیسمەت نستانی، یەکێکی دیکە لە سکرتێرەکانی پێشووتری ئەم رێکخراوەیە دەڵێ كە باس له‌ دامه‌زرانی یه‌كیه‌تیی ژنان ده‌كه‌ین، ده‌بێ بگه‌ڕێینه‌وه‌ سه‌رده‌می دامه‌زرانی حیزبی دیمۆكراتی كوردستان و كۆماری كوردستان، چونکی ئه‌و ڕێكخراوه‌یه‌ ڕاسته‌وخۆ له‌ لایه‌ن حیزبی دێموكراتەوە و دامەزرا. بۆیه‌ هه‌مان ئه‌و زه‌رووره‌ته‌ی له‌ كۆمه‌ڵگەی ئه‌وكاتی كوردستاندا بۆ دامه‌زرانی حیزبی دێموكرات هه‌بوو، سه‌باره‌ت به‌ ڕێكخراوی تایبه‌ت به‌ ژنانیش هه‌بوون. له‌و سه‌رده‌مه‌دا واته‌ ٧٤ ساڵ به‌ر له‌ ئێستا كۆمه‌ڵگەی ئێران به‌ گشتی و ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانیش وه‌ك به‌شێك له‌ ئێران كۆمه‌ڵگەیه‌كی سوننه‌تی و نه‌خوێنده‌وار و گه‌شه‌نه‌سه‌ندوو بوو، له‌و نێوه‌دا دۆخی ژنان خراپتریش بوو. ژنان به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ئاگایان له‌ كۆمه‌ڵگە پێشكه‌وتووه‌كان و ئه‌و پێشكه‌وتنانه‌ نه‌بوو كه‌ له‌ بزووتنه‌وه‌كانی ژناندا له‌ گۆڕێ بوو و تا ڕاده‌یه‌ك توانیبوویان به‌شێك له‌ مافه‌كانیان ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن. له‌ وه‌ها بارودۆخێكدا ڕێبه‌رانی كۆماری كوردستان و به‌ تایبه‌ت قازی محه‌ممه‌د سه‌ركۆماری كوردستان ده‌ستپێشخه‌ری دامه‌زرانی ڕێكخراوه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ ژنان ده‌كا بۆ ئه‌وه‌ی ژنانی كورد به‌ مافه‌كانیان ئاشنا بن و په‌یوه‌ست بن به‌ كاروباره‌كانی نێو كۆمه‌ڵگە. ئه‌و دەستپێشخەری و پشتگیرییه‌ی پێشه‌وا وای كرد زۆر زوو ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ ژنان له‌ ده‌وری یه‌ك كۆ ببنه‌وه‌ و به‌ هیممه‌تی ژماره‌یه‌ك له‌ ژنانی تێگه‌یشتوو و خوێنده‌واری وه‌ك خه‌دیجه‌ حه‌یده‌ری، یاوه‌یله‌مه‌ی سه‌یدیان و مینا خانمی قازی و ...هتد ته‌مرینی كاری ڕێكخراوه‌یی بكه‌ن. ئه‌وڕۆكه‌ له‌ دوای 74 ساڵ چاو له‌و مێژووه‌ ده‌كه‌ین ده‌بینین ئه‌و ئه‌زموونه‌ به‌نرخه‌ تا چ ڕاده‌یه‌ك كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ژنی كورد داناوه‌.      دەپرسم دیارە بێگومان کارێکی وەها گرینگ هەم بایەخی مێژوویی و هەم کارکردی سیاسی و کۆمەڵایەتیی شوێندانەری بووە. بەڵام لەگەڵ ڕووخانی کۆماری کوردستان ئەم ڕێکخراوەیەش نەیتوانی درێژە بە ژیانی خۆی بدا، هەتا دوای شۆڕشی ساڵی ٥٧ی گەلانی ئێران. بۆچی ژیان و جووڵەی ئەم ڕێکخراوەیە گرێدراوی حیزبی دێموکرات و هەلومەرجی خەباتی ئەم حیزبە بووە؟ خاتوو عیسمەت لە وڵامدا دەڵێ ئەوە راستە کە هه‌ركات خه‌باتی حیزبی دێموکرات ڕووه‌وپێش و له‌ گه‌شه‌كردندا بووبێ، ئه‌وه‌ یه‌كیه‌تیی ژنانیش به‌ره‌وپێش چووه‌ و پێچه‌وانه‌كه‌شی هه‌ر وایه‌. دیاره‌ هه‌ندێ قۆناغ له‌ مێژووی حیزبدا هه‌بووه‌ كه‌ چۆته‌وه‌ نێو كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك و لاپه‌ڕه‌ی زێڕینی خستۆته‌ سه‌ر مێژووی خۆی، به‌ڵام ده‌رفه‌تی هاتنه‌ مه‌یدانی یه‌كیه‌تیی ژنان نه‌بووه‌. بۆ نموونه‌ له‌ ساڵانی جووڵانەوەی ٤٦ و ٤٧ی هه‌تاویی حیزبدا کە له‌و قۆناغه‌ له‌ چالاكیی حیزبی دێموكراتدا ده‌رفه‌تی ڕێكخستنه‌وه‌ی یه‌كیه‌تیی ژنان نه‌هاته‌ گۆڕێ. به‌ڵام ده‌بینین هاوكات له‌گه‌ڵ زیندووكردنه‌وه‌ی ڕێكخراوه‌كانی حیزب و پاش سه‌ركه‌وتنی شۆڕش، ده‌سبه‌جێ ژنان وه‌خۆ ده‌كه‌ون و قۆناغێكی نوێ له‌ خه‌باتی خۆیان ده‌ست پێده‌كه‌ن. دەمەوێ بڵێم یه‌كیه‌یی ژنان هه‌رگیز وه‌ك ڕێكخراوێك ده‌رنه‌كه‌وتووه‌ كه‌ ته‌نیا ئه‌وله‌ویه‌تی به‌ یه‌كسانیخوازیی ڕه‌گه‌زی دابێ، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی هاوكات له‌گه‌ڵ سته‌می ڕه‌گه‌زی به‌ره‌وڕووی سته‌می نه‌ته‌وه‌ییش بۆته‌وه‌. واته‌ هه‌م ژن بووه‌ و هه‌م كورد، ئه‌وه‌ش وای كردوه‌ هه‌وڵ بدا بۆ پاراستنی كه‌رامه‌تی “ژنبوون” و “كوردبوون”ی خۆی. ئه‌و ئه‌ركه‌شی هه‌م له‌ سه‌رده‌می حوزوور له‌ ناو شار و نیشتمانی خۆیدا و هه‌میش له‌ ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌ ئه‌ستۆ بووه ‌و هه‌موو تواناكانی خۆی بۆ ته‌رخان كردوه‌.   کەم نین ئەو دەنگانە کە دەڵێن بەگشتی چ لە ئێران و چ لە کوردستان ژنان ئەم هێزە دیارە نین، یان ئەم هێزە کۆمەڵایەتییە تۆخ و شوێندانەرە نین. ئایا ژنان بێ‌هیوان و دەستیان بەرداوەتەوە؟ شلێر مەحموودی، سکرتێری پێشووی یەکیەتیی ژنان ڕای وایە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە مێژووی دەسەڵاتدارەتیی خۆیدا و بەنیسبەت دژایەتیی مافەکانی ژنان هەمیشە شمشێری لەڕوو بەستوە، بەڵام ژنان قەت مەیدانیان چۆڵ نەکردوە.  ئەوەش کە دەگوترێ ژنان لە ئێستادا دەنگێکی دیار نین یا ناتوانن هێزێکی کۆمەڵایەتی تۆخ و شوێندانەر نین، من لام وایە کە وا نییە، بەڵام دەکرێ بڵێین بەڕێکخراوە نەبوونی ژنان لە ئێران و کوردستان و دواتر ئەولەویەتدان بە هەندێ پرسی دیکەی کۆمەڵگە ئەو پەراوێزەی ساز کردوە. هۆکارێکی دیکەش نیزامی سیاسی و یاسایی کۆماری ئیسلامییە کە بە هەموو شێوەیەک هەوڵی سەرکوتی مافخوازیی ژنانی داوە. هەرکاتێک کە ژنان هاتوونەتە سەرشەقام بە توندترین شێوە دژیان وەستاوەتەوە و سەرکووتی کردوون، ئەگەرچی سەرەڕای هەموو ئەوانەش ژنان دەستیان بەرنەداوەتەوە.   حەلیمە ڕەسووڵی”ش وێڕای پشتڕاست‌کردنەوەی ئەو بۆچوونە کە ئەوپەڕی زەخت و سیاسەتی سەرکوتی کۆماری ئیسلامی وای کردوە ژنان نەتوانن بارتەقای قورسایی و پێگەی خۆیان ڕۆڵ ببینن، بەڵام بێکاریی هۆکارێکی دی ئەم بارودۆخەیە. بێکاریی ژنان و خانەنشین کردنیان بەهۆی زەختی ئابووری لە ساڵانی ڕابردوو یەکێک لە هۆکارە گرینگەکانی کاڵبوونەوەی چالاکیی ژنانە، بەڵام لە هەمان کاتدا سەرەڕای ئەم کۆسپ و تەنگەژەیە ژنان هەنگاوی باشیشیان هەڵگرتوە. کچانی شەقامی ئینقلاب، دایکانی پارکی لالە، دایکانی خاوەران و هەروەها دایکانی ئاشتی لە کوردستان، ژنانی چالاکیی ژینگەپارێز و بەشدارانی خۆپێشاندانەکانی زستانی ٩٦ و پاییزی ٩٨ بەشێکی بەرچاو لە شوێندانەری ژنان لە کۆمەڵگەن. هەرچەند کە ئەم چالاکییانە راستەوخۆ تابۆکان و پرسی ڕەگەزی بەخۆوە ناگرن، بەڵام بەوحاڵەش بوونەتە هۆی زیندوومانەوە و پەرەسەندنی بزووتنەوەی ژنان.   ڕاستە کاری مەیدانی لە کۆمەڵگەی ئێران و کوردستان بۆ ژنان سەختە، بەڵام بەوحاڵەش دەگوترێ ئەو مێتۆدانەی چالاکانی بواری مافەکانی ژنان یان تەنانەت بڵێین بزووتنەوەی ژنان بۆ مافخوازی دەکاریان دەکەن وەڵامدەر نین. بە واتایەکی دی بزووتنەوەی ژنان بە دروستکردنی کەمپینەکان، چالاکییە جارناجارەکان و بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراو  بەیاننامەکان نەیتوانیوە ببێتە بزووتنەوەیەکی جەماوەری. نەیتوانیوە بچێتە نێو کەڕەک و کۆڵان و ماڵانەوە و ژنان بۆ مافخوازی رێک بخا. موژگان عەلیپوور، سکرتێری ئێستای یەکیەتیی ژنان لەو بارەوە ڕای وایە بەردی بناغەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لەسەر پێشێلکاری مافەکانی ژنان دانراوە و، هیچ کات ئیزن بە ڕێکخراوەیەکی تایبەت بە ژنان نەدراوە کە ئازادانە ژنان  و پیاوانی یەکسانیخواز کۆبکاتەوە و بە دیاریکراوی کار بۆ بەدواداچوونی کێشەکان بکا و هەوڵی چارەسەرییان بدا. ئەوەی کراویشە لەبەر ئەوەی سازماندراو و بە هەماهەنگی نەبووە نەیتوانیوە وڵامدەر بێ. ئەو شێوازە چالاکییانەی کە لە نێوخۆ لە ئارادایە گشتگیرە و تەنها بەشێکی خزمەت بەو پرسە دەکا و ڕاستە دەبێ میتۆدەکانی کار و چالاکی لە ڕاستای پرسی ژناندا بێ و بۆ شوێندانەری هەنگاوەکان دەبێ زیاتر لەو پێناوەدا هەڵبگیرێن. ئێمە دەبینین کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەوڵی پێکهێنانی کۆمەڵگەیەکی مەدەنی لەسەر بناغەی دێموکراسی ڕۆژ بەڕۆژ بەهێزتر دەبێ و دەبێتە مەترسی بۆسەر دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئێران کە ژنانیش لە بەرەوپێشچوونی جێ پەنجەیان دیارە. کەواتە پێویستە لەم ڕاستانە هەوڵی چالاکانی بواری مافەکانی ژنان زیاتر بۆ ئەوە بێ کە پرسی ژنانیش وێرای پرسە گشتییەکانی دیکەی ناو کۆمەڵگە بچێتە پێش و نەکەوێتە پەراوێزەوە. واقعییەت ئەوەیە سەختە تۆ ژن بی و لە وڵاتێکدا بژی کە  کەمترین مافی بە ژنان دابێ و بە یاسا لە زۆربەی بوارەکان بەربەستی بۆ دانابێ، بەوحاڵەش بتوانێ لە بواری کۆمەڵایەتی، سیاسی، فەرهەنگی و ژینگە پارێزی...هتد تا ئەو ئاستە چالاک بێ. بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە چیدی پێویست ناکا بیر لە شێوازی دیکەی کاروچالاکی دیکە بکرێتەوە!   شلێر مەحموودی بەڵام ڕایەکی جیاوازی هەیە. ئەو دەڵێ مێتۆدەکانی چالاکی لە بواری مافەکانی مرۆڤ یان بزووتنەوەی ژنان کە بۆ مافخوازی دەکار دەکرێن، نەک بێ‌وڵام نەبوون بەڵکوو کاریگەریی باشیشیان لەسەر کۆمەڵگەی ئێران داناوە. بەتایبەت لە ڕووی وشیارکردنەوەی ژنان سەبارەت بەمافەکانی خۆیان بە هەموو ئەو شێوازانەی کە دەیبینین. ئەوەی من وەک کێشە یان گرفت باسی دەکەم، مەسەلەی گوتاری هاوبەش لە بزووتنەوەی ژنانە. ئێمە دەبینین لە ئێران لە دەیەی شەست ژنان سێ جۆر گوفتمانیان هەبووە، گوفتمانی چەپ، ئیسلامگەرا و لیبڕاڵەکان بەهەموو جیاوازییەکانی نێوانیان کە دوایە دەبینین دەسەڵات پاشەکشە بە هەموو ڕەوتێکی ئازادیخوازیی ژنان دەکا. کە دێینە دەیەی حەفتادا و لەسەردەمی ئیسلاحات‌دا ئەنجومەنەکان پەیدا بوون و بەشێوەیەکی بەرفراوانتر چوونە نێو کۆمەڵگەی ئێرانەوە. واتە چالاکییە فەردییەکان بوونە گرووپی و لە دەیەی ٩٠ دا “کەمپینەکان” و “کچانی ئینقلاب” و بەشداریی بەرینی ژنان لە خۆپێشاندانەکانن کە بەر چاو دەکەون. ڕێکخراوەکانی ژنان لە کوردستانیش بە هەمان شێوە و لەو ڕێگایانەوە یا بەو مێتۆدانەوە کاریان کردوە کە خۆتان باستان کردوون. بەڕای من پێویست بە مێتۆدی تازەش دەکرێ و ئەم مێتۆدە دەبێ زیندوو بێ و کار لەسەر سازماندەیی و بەڕێکخراوبوونی ژنان بکا. هەڵبەت دووریی ڕێکخراوەکانی ژنان لە ژینگەی سەرەکی و مەیدانی خەباتی خۆیان گرفتێکە کە حاشای لێناکری.   بۆچوونێک هەیە کە دەڵێ شتێکمان نییە بەناوی بزووتنەوەی ژنان. دەشپرسێ کە ئەگەر وەها بزووتنەوەیەک هەیە، ئەم بزووتنەوەیە لە کوردستان چۆن پێناسە دەکا؟ گوتاری چییە؟ خەسڵەتەکانی چین؟ ئێمە لەکوێ ئەم بزووتنەوەیە ببینین؟ لە شەقامەکاندا؟ لەنێو ڕۆژنامە و کتێبەکاندا؟ لە زانکۆ و کۆڕ و کۆمەڵە مەدەنی و ڕووناکبیرییەکاندا؟ لەکوێدا؟ حەلیمە ڕەسووڵی دەڵێ بزووتنەوەی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان حاشاهەڵنەگرە و، ناتوانین هیچ بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی لە چوارچێوەیەکی وشکدا فۆڕموڵە بکەین، بزووتنەوەی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش هەوراز و نشێوی زۆری بە خۆیەوە دیتوە، بەگشتی دەتوانین بە چالاکیی ژنان لە ژێر چەند گوتاردا ئاماژە بکەین کە کۆی گشتی ئەوانە دەبنە بزووتنەوەی ژنانی ڕۆژهەڵات. یەکەم، ژنانی دێموکرات و نەتەوەیی. ئەوان بەشێک لە ژنانن کە لەباری فیکرییەوە بە حیزبە نەتەوەییەکانی کوردستان بە تایبەت حیزبی دێموکراتی کوردستان ینزیکن و لەباری ڕێکخراوەییەوە خاوەن ڕێکخراوەی یەکیەتی ژنانی دێموکراتن کە یەکێک لە کۆنترین ڕیکخراوەکانی ژنان لە ئێرانە. ئەم بەشە لە بزووتنەوەی ژنان باوەڕی بە پێوەرە کانی مافی مرۆڤ بە نیسبەتی ژنانەوە هەیە و لە تەنیشت خەبات بۆ دەستەبەربوونی یەکسانی ڕەگەزی و مافی ژنان، خوازیاری دەستەبەربوونی مافە نەتەوایەتییەکانی نەتەوەی کوردە. دووهەم، لایەنگەرانی چینی کرێکار و فیمینیستە سۆسیالیستەکانن کە هاوکات لەگەڵ خەباتی ڕەگەزی بایەخی تایبەت دەدا بە خەباتی چینایەتی و ناعەداڵەتیی کۆمەڵایەتی. سێهەم تویژیش چالاکانی ژنانی ڕێفۆرمخوازن کە باوەڕیان بە ڕێفورم لە ساختاری سیاسی، کۆمەڵایەتی دەسەڵاتی حاکمەدا هەیە و هەوڵ دەدەن لە ڕێی دامەزراوە قانوونییەکانی نێوخۆ خۆیان بە ڕێکخستن بکەن. چوارەم توێژ، نئومارکسیستەکان و چالاکانی سەربەخۆن کە بەشێک لە چالاکانی پێشووی بزووتنەوەی ژنانی چەپ و نەتەوەیین کە بەو قەناعەتە گەیشتوون ئەو ڕێکخراوەگەلە چیتر توانای دەستەبەر کردنی مافەکانی ژنانیان نییە و ئەولەویتیان تەنیاوتەنیا خەبات بۆ یەکسانیی ڕەگەزی و دەستەبەر کردنی مافەکانی ژنانە پێنجەم بەش ئەو چالاکییەکانیان مەوردییانەن کە بەپێی هەلومەرج ڕوو دەدەن وەکوو دایکانی ئاشتی، ئەنجومەنە ئەدەبی وەرزشییەکان، ژینگەپارێزەکان، تەعاونییەکانی ژنان. هەرچەند ئەم چەشنە لە چالاکییەکان ڕاستەوخۆ ناچێتە خانەی خەباتی ژنانەوە بەڵام بەهۆی بەشدارکردنی ژنان لە عەرسەی کۆمەڵگە دەبێتە هۆی بەهێزترکردنی بزووتنەوەی ژنانی کوردستان.   شلێر مەحموودی لەو پێوەندییەدا ڕای وایە کە بزووتنەوەی ژنان لە ئێراندا سەرەڕای هەموو ئەو کۆت و بەندانەی کە لە بەردەمیەتی کۆڵی نەداوە و بەجێ نەماوە و لە ئێستادا ژنان بەشێکی گرینگ لە کۆمەڵگەی مەدەنیی ئێران و کوردستان پێکدەهێنن. لانیکەم لە دوو دەیەی ڕابردوودا ژنان توانیویانە سەدان کۆڕو کۆمەڵەی مەدەنی و ڕێکخراوی ناحکومی لە ئێراندا پێک بهێنن و لە بواری میدیا و ڕاگەیاندندا و لە پێناو ڕۆشنگەریدا چالاک و لە مەیداندا بن، ئیدعا نییە ئەگەر بڵێین ژنان لە کوردستان لە حەوزەی پراکتیکدا زۆر چالاکتر بوون لە ژنان بەگشتی لە ئێراندا. کاتێک کە خامنەیی فەتوای حەرام بوونی دوچەرخەسواریی ژنانی دەرکرد، سەدان ژنی کورد لە مەریوان و سنە بە دوچەرخەوە هاتنە دەرەوە تا بیسەلمێنن کە ملکەچی زوڵم و زۆرداری نابن، لە مانگرتنە گشتییەکان و بۆنە ئیعترازییەکاندا ژنانی کورد لە ڕیزی پێشەوی خەباتی جەماوەریی کوردستانن. وە یەکەم ڕێکخراوەکانی ژنان لە دڵی بزووتنەی نەتەوەییدا سەری هەڵدا و لەو بەستێنەدا ژنانی چالاک لە حیزبە سیاسییەکانی کورددا ڕەچەشکێن بوون. کەواتە دەتوانم بڵێم بزووتنەوەی ژنان لە ئێران و کوردستان هەیە و بەڕوونیش لە چالاکییە مەدەنی، کۆمەلایەتی و سیاسییەکاندا خۆی پێناسە کردوە.   ژنان لە ئێران پێ بەپێی قۆناغەکانی دەسەڵات و تەمەنی کۆماری ئیسلامی بەسەر زۆر هەلومەرج  بارودۆخدا کەوتوون. پرسیار ئەوەیە کە گۆڕانکارییە سیاسییەکان لە ئێران و هەڵبژاردنەکان و گۆڕینی کابینەکان لە ماوەی چوار دەیەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا چ دەسکەوتێکی بۆ ژنان بووە. خەبات و بزووتنەوەی ژنان لە سایەی دەسەڵاتی ڕێژیمی ئێراندا  دەسکەوتیان چی بووە. موژگان عەلیپوور لەو بارەوە دەڵی زیاتر لە چوار دەیە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی و گۆڕانکارییەکان لە کابینەکان و هەڵبژاردنەکانی مەجلیس و سەرۆک‌کۆماریش هیچیان دەسکەوتی ئەوتۆی بۆ ژنان بە تایبەتی ژنی کورد نەبووە. ئەگەریش ژنان لەو ماوەیەدا دەسکەوتێکی بچووکیشیان لە خەباتی مافخوازانەیاندا دەستەبەر کردبێ، ئەوە بەری ڕەنج و ماندووبوون و قوربانیدانی خویان بووە. ئێمە بە لەبەرچاوگرتنی جۆری بزووتنەوەکە و بارودۆخ و ژینگەی چالاکی و جۆری دەسەڵاتی ئەو وڵاتە دەبێ هەڵسەنگاندن بۆ دەسکەوتەکانی بکەین. لە ئێرانی ژێردەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا دەرفەتەکان زۆر بەرتەسکن و لە هێندێک بواری وەک “سیاسی”دا هەر دەرفەتی چالاکی بۆ ژنان نییە. لە ئێران و بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش ژنان توانیویانە لەهەر هەل و دەرفەتێک کە بەرهەمی گۆڕانکارییەکان لە پێکهاتەی دەسەڵاتدا بووبێ، کەلک وەربگرن و ئەمە بە قازانجی بردنەپێشی پرسەکان بقۆزنەوە. بۆ نموونە لابردنی جۆرێک لە جلوبەرگی داسەپاوی ئەو ڕێژیمە، هەوڵدان بۆ چوونە یاریگا وەرزشییەکان، پڕکردنەوەی کورسی زانکۆکان تا ئاستێکی بەرچاو و سەربەخۆیی ئابووری و سەرکەوتنە یەک لەدوای یەکەکانی ژنان لە بواری وەرزشی بەشێک لەو دەسکەوتانەن. ژنی کوردیش لە ماوەی زیاتر لە چوار دەیە لە پێناو بەدەستەوەگرتنی شوناسی خۆی وەک میللەتی کورد زۆرترین هەوڵی داوە و لەم پێوەندییەشدا توانیویانە تا ئاستێکی باش ئەو شوناسە بپارێزن و ساڵ لە دوای ساڵ هەماهەنگتر و بە ڕێکخراوتر ئەو ڕەوتە بەرەو پێش بەرن. یەکێک لە نموونە بەرچاوەکان  پاراستنی زمانە کە یەک لە شوناسەکانی نەتەوەیە، ژنان خۆبەخشانە و ماندوویینەناسانە کاریان کردوە و شاربەشار و گوند بە گوند وانەی کوردیی دەڵێنەوە و لەم پێوەندییەشدا دەتوانین ئاماژە بە زارا محەممەدی بکەین کە بە تاوانی وتنەوەی زمانی دایکی شەش مانگ دەسبەسەرکرا و پاشان بە بارمتەی قورسی چەند سەد میلیۆن تمەنی ئازادکرا. کەواتە ژنانی ئێمە دەسکەوتەکانیان بە قوربانیدان و بە قیمەتی گیانیان بەدەست هێناوە نەک بە چاکە و پیاوەتی دەسەڵاتی حاکم لە ئێران.   شەهێن زادئەحمەد، بەرپرسی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە دەرەوەی وڵات لەو بارەیەوە ڕای جیاوازی هەیە. ئەو پێی وایە ژنان لە ماوەی چوار دەیە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا چوار قۆناغیان بڕیوە. قۆناغی یەکەم، شۆڕشی گەلانی ئێران تا دوا دەورەی ڕەفسەنجانی و تەرحی سازەندەگی ناوبراو و شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق لەسەر یەک بۆ ژنانی سێکۆلار و جیابیر دەسکەوتی نەبوو هیچ ، لەو ماوەیەدا سەربزێوانی ئەم پرسە بەتوندیش سەرکوت دەکران. قۆناغی دووەم، دوو دەورەی دەوڵەتی خاتەمییە کە دروشمی دیالۆگ و چاکسازیی هەڵگرتبوو. ئەو کات بە چەند هۆکاری نێوخۆیی و دەرەکی فەزای داخراوی سیاسیی نێوخۆیی وڵات چڕژی تێکەوت کە چالاکانی مەدەنی و مافخواز قۆستیانەوە. بەمجۆرە خێرا کۆمەڵگە لە بواری فەرهەنگی، ئەدەبی، هونەری و چاپەمەنی جموجۆڵێکی نسبی بەخۆیەوە بینی و لەو باروۆخەدا ژنانیش تا ڕادەیەکی باش توانیان دووبارە بێنەوە مەیدان و خۆیان ڕێک خەنەوە، بەتایبەت ژنانی کورد لەم قۆناغەدا لە ڕێکخراوە مەدەنییەکاندا، لە گۆڤار و ڕۆژنامەکان، لە ئەنجومەنە ئەدەبییەکان و لە خوێندنگاکان گەشەی باشیان کرد و لەگەڵ بزووتنەوەی ژنانی ئێرانیش تا ئاستێکی بەرچاو هەماهەنگ بوون. قۆناغی سێیەم، دوو دەورە سەرکۆماریی ئەحمەدی‌نژادە کە بۆ بزووتنەوەی سێکۆلاری ژنان لە ئێران و کوردستان هیج دەسکەوتێکی نەبوو. بۆنموونە لە سیستمی حکومەت و کابینەی ڕەئیس جمهوور و لە بەشی وەزاەت و بەشی ڕاوێژکاری حکومەتی بایەخ بە ژنان لە توێژی بناژۆخوازی نێو حاکمییەت دەدرێ، بەڵام لە بەرانبەردا بزووتنەوەی ژنانی سێکۆلار و جیابیر لەم دەورە میژووییە کە هاوکاتە لەگەڵ پەرەسەندنی خێرای زانست و تێکنۆلۆژیی ڕایەڵە کۆمەڵایەتییەکان، دەبینین کە چالاکانی ژن بەتوندی سەرکوت دەکرێن. بە باوەڕی من لەو دەورەیەدا هەرچەند بزووتنەوەی ژنان بەرەوڕووی خەسارێکی گەورە دەبێتەوە بەڵام ئەساسی ئەو بزووتنەوەیە بە لەبەرچاوگرتنی فاکتی سەردەمیانە و ئاڵوگۆڕەکان لە بافتی کۆمەڵگە و لە بیروڕای گشتی نێوخۆی وڵاتدا  ئاسەواری فەرهەنگی و زەمینەی ذهنی نەهادینە دەکا. لە دەرەوەی وڵاتیش ئەم ڕەوتە، ژنانی تاراوگەش لە دەوری خۆی کۆدەکاتەوە و بە شێوەی سازمانی پەیوەندییەکانی دەرەوە و نێوخۆ بۆ ئەم پرسە سەرنج ڕاکێشتر و کاریگەرتر دەکا بۆ وەرگرتنی زانیارییەکان و پەرەپێدانی تەشکیلاتی. قۆناغی چوارەم، سەردەمی سەرۆک‌کۆماریی حەسەن ڕوحانییە کە پێچەوانەی ئەوەی خەڵک و ژنانیش چاوەڕێی ئاڵوگۆڕی مەخمەلی بوون، دەرکەوت کە ئەویش هیچ ئاوڕێک لە گرفتەکانی کۆمەڵگە و خەڵک ناداتەوە. دیارە لەم قۆناغەدا بزووتنەوی ژنان پێیوەندییەکانی لەگەڵ نێوخۆ چڕو پڕتر دەکاتەوە،  باشتر و مونەزەمتر لە پێشوو لەسەر خەت دەمێنێتەوە و بە ئامرازەکانی تێکنۆلۆژی دەتوانێ بەشدار و هاندەری زۆربەی ناڕەزایەتییەکان بێ. لە ئاکامیگیریی ڕەوتی مافخوازیی ژنان لەو چوار قۆناغەدا دەبینین کە سەرەڕای توندترین شێوەی سەرکوب، ژنان لە پرسە کۆمەڵایەتییەکاندا ڕۆڵی خۆیان کەم و زۆر هەر دەگێڕن و،  زۆر جاریش لە ناڕەزایەتییەکاندا پێشەنگیشن.   باسێکی گرینگی دیکە قورسایی ڕەوەندی ژنانە لە دەرەوەی وڵات. لە ئێستادا ئەگەرچی حەشیمەتێکی دەیان هەزار کەسیی ژنی کورد نیشتەجێی وڵاتە ئازاد و دێموکراتیکەکانی دەرەوەی وڵاتن، بەڵام هەتا ئێستا “ژنی کورد” کە هەڵگری گوتاری بزووتنەوەی کورد و ژنان بێ لە دەرەوە چێ نەبووە. شەهێن زادئەحمەد دەڵێ تاوتوێی ئەو بابەتە کاری ئەو پسپۆڕانەیە کە بەپێی لێکدانەوەکانی کاری لێکۆڵینەوە لە بواری زەمینەی موبارەزاتی و مەوقەعییەت و بافتی کۆمەڵایەتی نەتەوەیەکی بندەستە و داگیرکراو لە بەرانبەر نیزامێکی سیاسیی داگیرکەر و توتالیتێر چالاکن.  بەڵام خۆم ڕام وایە ئەمە ڕاستە و بەپێی ڕێژەی بەرچاوی ئەم ژنانە کەچی کاریگەرییان لەسەر گوتار و کارکردنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد کاڵ و کەم دیارە.  هەروەک دەزانن بزووتنەوەکان لە بەرانبەر هۆکارەکانی گشتیی نەتەوەیەک یان کێشەکانی  تایبەت بە کۆمەڵگەدا سەر هەڵدەدەن، ژنی کورد لەم بوارەدا جیا لە ئەرکی نەتەوەیی ئەرکی پرسێکی گرینگی کۆمەڵایەتیشی لەسەر شانە . لێرەدایە کە پرسیارەکە بەراوەژوو دەبێتەوە. ئایا بزووتنەوەی کورد و گوتار و بەرنامەکانی ئەم حیزب و گرووپانە کە لە ڕاستای پرسی نەتەوایەتی و پرسی کۆمەڵایەتی ڕۆڵی سەرەکییان لە بزووتنەوەکاندا هەیە چەندە توانیویانە ژنان وەک نیوەی حەشیمەتی نەتەوە و توێژێکی ستەم لێکراوی کولتووری مەزهەبی زاڵ لە کۆمەڵگە و سیستمی دیکتاتۆری داگیرکەر بە لەبەر چاوگرتنی کۆسپەکانی سەر ڕێگەیان کە هەر لە بنەماڵەوە دەست پێ دەکا تا سیستم یارمەتیدەریان بن، یان هێزی ژن لە قەوارە و  ساختاری حیزب و گرووپەکانی بزووتنەوە ڕەنگدانەوەی پێویستیان هەبووبێ، چەندە توانیویانە سەرنجی ژن وەک هێزێکی کاریگەر لەبەرچاو بگرن تا بەرنامەکانیان لەسەر ئەم واقعیەتە دابڕێژنەوە، دەمهەوێ زۆر ڕاستگۆیانە بڵێم ئەگەر یەکێک لە مەرجەکانی سەرەکیی بەرنامە و پڕۆژەی هەر جەریانێک بەگشتی زەمینەی ئەم  فەرهەنگسازیە بێ کە جەزابیەتی ڕێژەیی ژنان و پیاوانی لێ بکەوێتەوە، بەداخەوە ئەم تەعادولە لە بواری جەزب یان پەیوەست بوونی ڕێژەیی ژنان لە دەوری ئەم بزووتنەوانەدا  هەروا  کزولاواز دەمێنێتەوە، سەرەڕای ئەم گرفت و کەموکوڕیانە ژنانی دەرەوە بە ڕادەی نیسبی لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد بەشدارن، چ بە شێوەی تاکەکەسی، چ بەشێوەی گرووپی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، چ بەشێوەی ڕێکخراوەیی لە دوو بەستێنی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە بزووتنەوەی کورددا بەشداریان هەیە، بەڵام ئەم ڕێژەیە لە حەدی پێویست و مەتڵووبدا نییە، هیوادارم بزووتنەوی ڕزگاریخوازی کورد بەگشتی، ئەحزابە سیاسی و مەدەنییەکان کاریگەریی هێز و توانای ژنان وەک پێویست لەبەرچاو بگرن. ژنانیش بە لەبەرچاوگرتنی هەلومەرجی حەساسی ئێستا بۆ وەدیهاتنی دەسکەوتەکانی موبارەزاتی بەهەر شێوەیەک کە مومکینە بە میکانیزمی موناسب و سەردەمیانە هێز و توانایان، خۆیان لە پلان و گوتاری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەی کورددا ببینەوە.   ***