کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسایەتیی نیزامی کۆماری ئیسلامی لە بەرابەر ڤیرووسی کرۆنادا

22:32 - 29 رەشەمه 2719

ماوەی چەند حەوتوویەک دەبێ نەخۆشییەکی کوشندە و گشتگیر بەرۆکی زۆربەی وڵاتانی دنیا یەک لەوان ئێرانیشی گرتۆتەوە و، ئەوی لەم نێوەدا جێگەی سەرنجە ئەم وڵاتە لە ڕیزبەندی پێشەوەی ئەو وڵاتانەیە کە بە دەست ئەم ڤایرۆسەوە دەناڵێنن. وەکی ئامارەکان نیشان دەدەن بەداخەوە ڕەنگە بە هۆی کەمتەرخەمیی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی نەتوانرێ بەم‌زووانە پێشگیری لە زیاتر تەشەنەکردنەکەی بگیرێ. تەندروستی و سڵامەتیی گشتی یەکێک لە مافە سەرەتایی و گرینگەکانی مرۆڤە، بە واتایەکی دیکە پرسی تەندروستیی مرۆڤەکان پرسێکە پێوەندیی بە هەموو کۆمەڵگەی جیهانییەوە هەیە و، سنوور و جیاوازییەکان ناناسێ. هەر بۆیەشە قانوونە نێودەوڵەتییەکان گرینگیی تایبەتیان داوە بە سڵامەتیی گشتیی مرۆڤەکان. لە مادەی ٢٥ـی بەندی یەکەمی جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤ، مافی سڵامەتی و دەستڕاگەیشتن بە پێداویستیی دەرمانی و پزشکی بۆ هەمووان بە پێویست زانراوە. هەروەها لە بەشێک لە مادەی ١٢ی پەیماننامەی مافە ئابووری، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکان پەسەندکراوی ساڵی ١٩٦٦، پێشگیری لە نەخۆشییە گشتگیرەکان، ناوچەییەکان یا نێودەوڵەتییەکان و؛ هەروەها دۆزینەوەی چارەسەری ئەو نەخۆشییانەی بە ئەرکی سەرەکیی دەوڵەتەکان داناوە. لەگەڵ بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە دەوڵەتی چین بە هەموو هێزی مادی و مرۆییەوە بەرەو شەڕی ئەو ڤایرۆسە ڕۆیشت. ڕێگای هاتوچۆی ئەو شارانەیان داخست و لە شارەکانیشدا هەموو هاموشۆ ناپێویستەکانیان ڕاگرت و، داوایان لە خەڵک کرد کە پێبەندی ڕێنماییەکان بن بۆ پاراستنی سڵامەتیی خۆیان و ڕایانگەیاند سەرپێچی‌کار ڕووبەڕووی قانوون دەبێتەوە. لە بریتانیاش دەوڵەتی ئەم وڵاتە لەم پێوەندییەدا قانوونێکی پەسەند کرد و، لەوێدا دەسەڵاتی تەواو بە نەخۆشخانە و ناوەندە دەرمانییەکان دراوە، کەسانی تووشبوو بەم ڤیرووسە ڕابگرن و بە هیچ شێوەیەک نەهێڵن بەبێ ئیزنی کادری دەرمانی ئەم شوێنانە بەجێ بێڵن. بەڵام کۆماری ئیسلامی بە پێچەوانەی قانوونە نێونەتەوەییەکان و عورفی نێودەوڵەتی بەرەو پیلی ئەو نەخۆشییە گشتگیرەوە چووە. بۆ نموونە سایتی “بولتن نیوز” کە سەربە سپای پاسدارانە، ڕۆژی سێشەممە ١٥ی ڕێبەندان هەواڵیک بەم سەردێڕە بڵاو دەکاتەوە: “شایعەی مضحک شیوع کرونا در استان کردستان توسط ضد انقلاب” و لە درێژەی هەواڵەکەدا لە زمانی جێگری سەرۆکی تەندروستیی زانستگەی علووم پزشکی کوردستانەوە دەڵێ: “هەموو ئەو بابەتانەی لەسەر بڵاوبوونەوەی ڤیرووسی کرۆنا لەو پارێزگایە بڵاو بۆتەوە دوورن لە ڕاستی.” ئەو کاتەش کە لە سەرەتای مانگی ڕەشەمەدا هەواڵی گیان‌لەدەستدانی دوو کەس لە شاری قوم بڵاو بۆوە، دامودەزگای تەندروستیی ئێران و چالاکانی مەدەنی و کۆمەڵێک کەسایەتیی سیاسی، فەرهەنگی و هونەری داوایان کرد کە ئەم شارە بە مەبەستی پێشگیری لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ئەم نەخۆشییە قەرەنتینە بکرێ. بەڵام محەممەد سەعیدی، نوێنەری ڕێبەری کۆماری ئیسلامی لە قوم ڕۆژی ٣ی ڕەشەمە لە لێدوانێکدا گوتی: “ترامپ دوژمنی کۆماری ئیسلامییە و بۆ ئەوەی تۆڵە لە شاری قوم بکاتەوە ئەم جۆرە هەواڵانە بڵاو دەکاتەوە کە نیشان بدا ئەم شارە نائەمنە و جێگایەکی پڕمەترسییە، بەڵام ترامپ ئەو ئاواتە دەباتە ژێر گڵ.” هەر لەم پێوەندییەدا خامنەییش لە لێدوانێکدا گاڵتەی ب ەهەواڵی بڵاو بوونەوەی نەخۆشیی کرۆنا کرد و گوتی: “ئەوە هەوڵی دوژمنە بۆ ئەوەی خەڵک لە هاتن بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان بترسێنن.” لە هەمان کاتدا حەسەن ڕۆحانی سەرکۆماریش بە پروپاگاندای دوژمنی دانا. لەم ماوە کورتەدا ڤیرووسی کرۆنا بە هۆی کەمتەرخەمیی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ڕووی لە ئێران کرد و خێرا بڵاو بۆوە، کە بەپێی ئامارە دەوڵەتییەکان بۆتە هۆی گیان‌ لەدەستدانی زیاتر لە ٧٥٠ کەس و لە هەمان کاتدا تووشبوونی ١٥ هەزار کەس (هەتا ٢٥ی ڕەشەمە) و خوڵقانی کەشی نائومێدی و ترس و دڵەڕاوکێ لە ئێران؛ کە ئەم دۆخە زیاتر لە جاران ناکارامەیی و بێ‌مودیریەتیی دەسەڵاتدارانی ئەو نیزامەی دەرخستوە. لەسەر ئەم پەتایە ئەو ڕاستییە هەیە کە هیچ کەس بە شێوەیەکی گشتی پارێزراو نییە، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە کۆمەڵێک ڕێکاری تەندروستی و خۆپاریزی نەتوانێ کۆمەڵگە لە تووشبوون بپارێزێ. ئەوی جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە هەروەکی پێشتر باس کرا دەوڵەتەکان دەبێ لە ڕیزی پێشەوەی پاراستنی تەندروستیی کۆمەڵگەدا بن. بەڵام بە پێی هەموو بەڵگەکان لەم ماوەیەدا دەبینین دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی هەروەکی لە ماوەی ٤١ ساڵی ڕابردوودا بۆ مانەوەی خۆیان دەستیان لە هیچ جینایەتێک بە پاساوی پاراستنی ئەمنیەتی وڵات نەپاراستوە و، دژبەران و نەیارانی خۆیان بە توندترین شێوە سەرکوت کردوە؛ ئەم جاریش دەیانهەوێ ناکارامەیی و بێ‌دەسەڵاتیی خۆیان لە کۆنترۆڵی کرۆنادا بخەنە پاڵ دوژمنە خەیاڵییەکان و بەو شێوەیە پاکانە بۆ دەستەوەستانیی خۆیان بکەن. کۆماری ئیسلامی ئەگەر وەک نیزامێکی خەڵکی و دەوڵەتێکی بەرپرسیار لە کاتی قەیرانی وادا هەڵسوکەوتی کردبا دەبوایە لانی‌کەم ئەم چەند خاڵەی خوارەوەی ڕەچاو کردبایە: یەکەم، دەوڵەتی بەرپرسیار لە کاتی ڕوودانی هەر ڕووداو یا کارەساتێک کە پێوەندیی بە گشت کۆمەڵگەوە بێ، زوو خەڵک ئاگادار دەکاتەوە و بە دانانی ڕێوشوێنی گونجاو و زانستی تێدەکۆشێ بە یارمەتیی خەڵکی وڵاتەکە بەسەر کارەسات یا قەیرانەکەدا زاڵ بێ. بەڵام دیتمان کە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی پێشوو کە لە کاتی قەیرانەکاندا خەڵکی هەژار بوونەتە قوربانی، دەیانهەوێ ئەم جاریش سەرپۆشی لەسەر دانێن و ڕاستییەکان لە خەڵک بشارنەوە؛ چونکە دەزانن دەرکەوتنی ڕاستییەکان سەلماندنی ناکارامەیی ئەو نیزامەیە. دووهەم، دەوڵەت دەبوایە هەموو هاتوچۆ ئاسمانی و دەریایی و ویشکانییەکانی بۆ وڵاتی چین ڕاگرتبایە و هەرکەس لەو وڵاتەوە هاتباوە نێو خاکی ئێران، دەبوایە قەرەنتینە کرابا. بەڵام بە پێچەوانەوە لە کۆی هەموو گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەوانیی ئێران بۆ گواستنەوەی موسافیر و کەلوپەلی بازرگانی، دوای ئاشکرابوونی ڤیرووسی کرۆنا ٣٤ گەشتی فڕۆکەوانی لە ئێرانەوە بۆ وڵاتی چین کراوە. سێهەم، دەبوایە بە مەبەستی پێشگیری لە بڵاوبوونەوە شاری قوم و هەموو ناوەندە مەزهەبییەکان لە ئێران بۆ ماوەیەکی کاتی قەرەنتینە کرابایە. چوارەم، دەوڵەتی بەرپرسیار لە کاتی قەیرانی وادا هەوڵ دەدا هەموو توانای مادی و ئینسانیی خۆی بەکار بێنێ بۆ ئەوە بە کەمترین خەسار و زیانی گیانی، قەیرانەکە تێپەڕ بکا. بەڵام نەک دەسەڵاتدارانی تاران پێداویستیی مادییان بۆ بەربەرەکانی لەگەڵ ئەم ڤیرووسە ماڵوێرانکەرە تەرخان نەکرد، بەڵکوو باس لەوە دەکرێ کە مافیای سپای پاسداران دەستی بەسەر هەموو ئەو کەرەسانەدا کە بۆ خۆپاریزی لە ڤیرووسی کرۆنا پێویستە گرتوە وبازاڕی بۆ خۆی قۆرغ کردوە. لە کۆتاییدا، ڕوانگەی نیزامی کۆماری ئیسلامی بۆ ڤیرووسی کرۆنا وەک هەموو بابەتەکانی دیکە لەجیات ئەوە ڕاونگەیەکی زانستی و چارەسەرییانە بێ، ڕوانگەیەکی ئەمنیەتی و مەزهەبی و نابەرپرسانەیە و ئەم ڕوانگەیە ماوەی ٤١ ساڵە بەرۆکی گەلانی ئێرانی گرتوە و بەری نادا.