کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ململانیی خەڵک و کۆماری ئیسلامی و کەڵەکەبوونی قەیرانەکان

23:05 - 29 رەشەمه 2719

ساڵی نوێ لە هەر هەلومەرجێک و هەر شوێنێک بێ بە چاوەڕوانی و دڵخۆشیی خەڵک بۆ هەنگاونان بەرەو ژیانێکی نوێ و چارەسەری کێشەکانی ڕابردوو دەست پێ‌دەکا. هەموو کەس بە ئومێدەوە دەڕوانێتە ڕۆژەکانی دوای ڕۆژی نوێبوونەوەی ساڵ و بەو بۆنەوە جێژن دەگرن و شادی دەکەن. بەڵام لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا بە پێچەوانە خەڵک بیر لە گەورەبوونەوەی قەیرانەکان و زیادبوونی کێشە و گرفتەکانیان دەکەنەوە و بە ئەزموونی هەموو ساڵانی ڕابردوو دەرکەوتوە پەیامی ڕێبەرانیش هیچ گۆڕانێکی باشی لە وەزعەکەدا بە قازانجی خەڵک دروست نەکردوە. لە کاتێکدا خەڵکی ئێران ساڵی ١٣٩٧ـیان بە هەزار بەدبەختی تێپەڕاند و لە باری ئابوورییەوە ئاستی ژیانی خەڵک زۆر دابەزیبوو، خامنەیی لە پەیامی نەورۆزیی خۆیدا ساڵی نوێی بە ناوی ساڵی “ڕەونەقی بەرهەمهێنان” ناوزەد کرد و داوای لە خەڵک دەکرد بە پەنابردن بۆ بەرهەمهێنانی بچووک لە ماڵەوە خەمێک لە ژیانی خۆیان بخۆن و یارمەتی بدەن بە ئابووریی وڵات. ئەم قسەی خامنەیی لەسەر ئابووریی وڵاتەکەی جگە لەوەی دیانپێدانانێک بوو بە وەزعی خراپی ئابووریی ئێران کە هەمیشە دەیانگوت هیچ گرفتێکیان لەگەڵ ئەحریمە ئابوورییەکان نییە، دەستەوەستانی حکوومەتەکەشی ئاشکرا کرد کە چاوەڕوانییان لەوان نەبێ کە کارێکیان بۆ بکەن بۆ باشترکردنی باری ژیانیان و دەبێ خەڵک بۆ خۆی خەمێک لە ژیانی بخوا. لە حاڵێکدا هەر بۆ ئەو ساڵە و لەو وەزعە نالەبارە ئابوورییەدا بوودجەی دەزگا ئەمنییەتی و سەربازییەکانی ڕێژیم ٣٠ لەسەد زیاد کرا هەتا توانای سەرکوتی خەڵکی ناڕازی لە دەسەڵاتدارییەکەیان بەهێزتر بکا. ئەمە سەرەتای ساڵێکی پڕ قەیرانی هەمەجۆرە بوو بۆ کۆماری ئیسلامی. لە سەرەتای ساڵدا هێشتا خەڵک دڵخۆشییەکانی خۆیان بە هاتنی ساڵی نوێ بە تەواوی لە بیر نەکردبوو کە بەشی زۆری پارێزگاکانی ئێران بە تایبەت سێ پارێزگای کرماشان و ئیلام و لوڕستان کەوتنە بەر ڕقی سروشت و بە هۆی بارینی زۆری باران کەوتنە ژێر سێڵاو و زیانێکی زۆر بە ماڵ و دارایی خەڵک گەیشت کە بە سەدان میلیارد تمەن مەزەندە دەکرا و هەتا کۆتایی ساڵیش ڕێژیم نەیویست و نەیتوانی قەرەبووی ئەو زیان لێکەوتووانە بکاتەوە، ئەمە بێجگە لە گیان لەدەستدانی ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتووانی ئەو پارێزگایانەی کەوتنە ژێر ئەو لافاوەوە. لێرەدا جێگەی پێزانینە کە یادێک لە هەڵمەتی نەتەوەیی و ئینسانیی خەڵکی ناوچەکانی دیکەی کوردستان بکرێ کە سەرەڕای پێشگرتن و کۆسپ دروستکردن بۆ ئەو هەڵمەتە لە لایەن بەکرێگیراوانی ڕێژیمەوە، توانیان یارمەتیی هاونیشتمانانی لێقەوماوی کرماشان و ئیلام و لوڕستان بدەن و لە نەبوونی پێڕاگەیشتنی حکوومەتدا بارێکی کەمیش بووبێ لە سەر شانیان کەم بکەن. هەر لەو وەرزەدا و لە کاتێکدا کۆماری ئیسلامی لە بەرامبەر قەیرانە سروشتی و دەسکردەکانی خۆیدا دەستەوەستان مابووەوە، لە کێشە دەرەکییەکاندا و بە دوای تەحریمی دەزگا و کەسە ڕەنگاوڕەنگەکانی و فڕوفیشاڵی بێ‌منەتانەی لەسەر تەحریمەکان و هاتوهاواری کاریگەرنەبوونیان لەسەر کۆماری ئیسلامی، تەحریمی سپای پاسداران و بە تێرۆریست ناساندنی بەهێزترین باڵی نیزامیی ڕێژیم لەلایەن دەوڵەتی ئەمریکاوە، قەیرانێکی نوێی بۆ ڕێژیمی تێرۆریستیی کۆماری ئیسلامی خولقاند. سپای پاسداران لە ڕێگەی سپای قودسەوە ساڵانێکە بە هۆی ڕێکخستنی گرووپی چەکداریی جۆراوجۆر و لەژێر ناوە ئایینییەکاندا و دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی ناوچە هەوڵی نائەمن کردنی ئەو وڵاتانە و جێگیرکردنی پێگەی سیاسی و ئایینیی کۆماری ئیسلامی بە مەبەستی پەرەپێدان بە دەسەڵاتی سیاسی و مەزهەبیی ئەو ڕێژیمە داوە. جگە لەوەش دژایەتیکردنی ئەو وڵاتانەی پێوەندییان لەگەڵ ئەمریکا هەیە و لێدانی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لەو وڵاتانە و لە ناوچەدا، وەک ئەرکێکی دیاریکراوی ئەم بەشە لە سپای پاسداران کە بەهێزترین بەشی سپایە هەرگیز لە بەرچاوان ون نەبووە. ئەمریکا بەم بڕیارەی لە دوای تێکدانی پێوەندییە ئابوورییەکانی ڕێژیم لەگەڵ دنیای دەرەوە، گەورەترین زەربەی لە پەیکەرەی کۆماری ئیسلامی دا و شایەد ئەم بڕیارە ڕێگەخۆشکەر بوو بۆ ئەوەی چەند مانگ دواتر لە فڕۆکەخانەی بەغدا هێرش بکەنە سەر قاسم سولەیمانی فەرماندەی ناسراوی ئەم سپایە و بە کوشتنی دوایین زەنگی مەترسی بۆ ڕیژیمی ئێران لێ‌بدەن. هەر ئەمەش بە تایبەت بە دوای لاوازیی رێژیم لە مودیرییەتی کێشەکانی ناوچە و سەرهەڵدانەکانی شارەکانی عێراق و دژایەتیی خەڵک لە بەرامبەر بوون و نفووزی ئێران لە وڵاتەکەیاندا هۆکارێکی بەرچاون بۆ پاشەکشە و شکستی سیاسەتی ناردنە دەرەوەی شۆڕشی ئیسلامی لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە. هەر لەم ساڵەدا بە پێی درێژەپێدانی سیاسەتی سەرکوت و کپکردنی دەنگی خەڵک، بگروبکوژ لە ئێران بڕەوی هەر ما و جگە لە ئەمنییەتی کردنی زیاتری فەزای وڵات و گرتن و زیندانی کردن، ئێعدامەکانیش لە کزییان نەدا و و بۆ گەیاندنی هەواڵ و زانیاری لە لایەن ڕاگەیەندراوەکانەوە کۆسپی زیاتر دروست کرا. بەم هۆیەوە بوو کە لە لیستی هەواڵنێرانی بێ‌سنووردا بۆ ئازادیی چاپەمەنی لە جیهاندا ئێران لە نێوان ١٨٠ وڵاتدا لە پلەی ١٧٠دا جێی گرتوە. ئەمەش دەریدەخا کە لە جیهاندا کەس باوەڕ بە قسەی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ناکا کە دەڵێن لە ئێراندا هەموو کەس ئازادە قسەی خۆی بکا و ڕەنگە ئەمە بە درۆی ساڵ دابنێن. لە گەڵ ئەوانەش سیاسەتی دژە مرۆڤانەی بەکرێگیراوانی کۆماری ئیسلامی لەدژی تێکۆشەرانی کورد لە کوردستان هەروا بەردەوام بووە و بە تایبەت شەهیدکردنی دوو دەستە لە ئەندامانی تێکۆشەری حیزبی دێموکراتی کوردستان کە بێ‌چەک بوون و لە گوندەکانی قەلەڕەشەی سەردەشت و حەسەن چەپێی مەهاباد لە لایەن بەکرێگیراوانی پڕچەکی ڕێژیمەوە هێرشیان کرایە سەر نموونەیەکی بەرچاوی دڵڕەقیی ئەوان بەرامبەر بە دەنگی ئازادیخوازانەی تێکۆشەرانی کوردە. لە خەزەڵوەری ساڵی ٩٨ـدا بە بەهانەی گران کردنی بایی بێنزین ڕقی پەنگخواردووی خەڵکی ئێران بە دروشمی نا بۆ کۆماری ئیسلامی و مردن بۆ ویلایەتی فەقیهـ‌، بە ڕووی ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامیدا تەقییەوە. ئەم خۆپیشاندانانە کە بەشی زۆری شارەکانی خواروو و نێوەڕاست و ڕۆژاوای ئێرانی گرتەوە ناڕازیبوونی بێ‌سنووری خەڵک لە دەسەڵاتداریی کۆماری ئیسلامی دەرخست. هەرچەند بەداخەوە ڕێکخراونەبوونی بزووتنەوەکە و پەلاماری بێبەزەییانەی خەڵک لە لایەن ڕێژیمەوە کە زیاتر لە هەزار کوژراو و هەزاران برینداری لێکەوتەوە، ڕێگەی سەرکوتی ئەم جارەی ئەم ڕاپەڕینەی خۆش کرد بەڵام بێگومان ڕق و بێزاریی خەڵک لە ڕێژیم و دەسەڵاتدارەکانی زیاتر کردوە و دەکرێ لێکترازانی یەکجاریی خەڵک و دەسەڵات وەکوو گەورەترین قەیران بۆ کۆماری ئیسلامی چاو لێ‌بکرێ. سێ مانگی کۆتایی ساڵیش سێ مانگی پڕ کێشە بوون بۆ کۆماری ئیسلامی. دوای ئەوەی فڕۆکەکانی ئەمریکا لە بەغدا لە هێرشێکدا فەرماندەی سپای قودس قاسم سولەیمانییان کوشت ڕێبەرانی ڕێژیم بۆ قەرەبووکردنەوەی ئێعتباری لە دەسچوویان کەوتنە خۆ و بە سازکردنی نمایشێکی گەورەی خەڵک ویستیان بە دنیا بڵێن کە خەڵک هێشتاش هەر لە پشتیانن. بەڵام تەنیا چەند ڕۆژ دواتر کاتێک کە بە هەڵسەنگاندنێکی هەڵە لە بارودۆخی خەڵکی ئێران فڕۆکەیەکی ئۆکراینی بە دوو مووشەکی سپای پاسداران لە ئاسمانی تاران کەوتە خوارەوە و ١٦٨ کەس کە زۆربەیان خوێندکار و کەسانی پسپۆڕی ئێرانی بوون بوونە قوربانی و بوو بە هۆی ڕسواییەکی دیکە بۆ کۆماری ئیسلامی، هەر ئەو خەڵکە هاتنەوە مەیدان و لەدژی ڕێژیم و ڕێبەرە ناکارامەکەی کەوتنە خۆپیشاندان. ڕەنگدانەوەی ئەم ناڕەزایەتییانە بە تایبەت لە خۆپیشاندانی حکوومەتی بە بۆنەی ٢٢ی ڕێبەندان ساڵڕۆژی شۆڕشی ١٣٥٧ زیاتر دەرکەوت کە خەڵک ئامادە نەبوون بە دەم بانگەوازی ڕێبەر و دەمڕاستەکانی ڕێژیمەوە بچن و وەک لە ئامارەکاندا دەرکەوت خۆیان و کۆمەڵێک خەڵکی هاوردە لەملاولاوە تەنانەت مەیدانی ئازادییان بۆ فیلم هەڵگرتنەوە بۆ پڕ نەکرایەوە. لە وەها وەزعێکدا بوو کە ڕێژیم بەرەو هەڵبژاردنی دەورەی یازدەهەمی مەجلیسی شۆڕای ئیسلامی کە لە مانگی ڕەشەمەدا کرا دەچوو. هەڵبژاردنێک کە پێشوەخت دیاربوو کە بیری یەکدەستکردنی دەسەڵات ئەویش لە دەست ڕێبەر و فەرماندەکانی سپادا هەوێنی جێبەجێکردنیەتی و لانی‌کەم ئەم جارەیان نە ڕێبەر بۆی گرینگ بوو خەڵک بەشداری دەکەن یان نا و نە خەڵکیش بەلایەوە گرینگ بوو کێ دەنگ دێنێتەوە. زۆر زووش دەرکەوت کە بە چوونی زیاتر لە یەک لەسەر سێی فەرماندەکانی سپا بۆ ئەو مەجلیسە چ مانایەکی هەیە. بەداخەوە لە کۆتایی ساڵێکی پڕ لە ناخۆشی خەڵکی گیرخواردوو لە نێوان ئەم هەموو قەیرانانەدا کە تەنیا کۆماری ئیسلامی لە خولقاندنیان بەرپرسیارە، لە نەبوونی و بێکاریدا تووشی قەیرانی کۆنترۆڵی نەخۆشیی کرۆناش هاتن. کرۆنا کە لە وڵاتی چینەوە سەری هەڵدا زۆر بە پەلە گەیشتە ئێران. شایەد پێش هەموو وڵاتانی دیکەی جیهان. بوونی زۆرترین پێوەندیی بازرگانی و زۆرترین هاتوچۆ بۆ ئەو وڵاتە و گوێنەدان بە داوای شارەزایانی پزیشکی و شاردنەوە و ئاشکرانەکردنی داتا و زانیارییەکان، بە کورتی نەزانیی لەوپەڕی خۆیدا و گرینگی نەدان بە ژیانی خەڵک، ئەو هۆکارانەن کە بەداخەوە کرۆناشی کردوەتە قەیرانێکی گەورە و مەترسیدار. قەیرانێک کە بەداخەوە تا ڕۆژی کۆتایی ساڵ سەرانسەری ئێران و کوردستانیشی گرتوەتەوە و مەترسیی ئەوەی هەیە کارەساتێکی مرۆیی بە دوای خۆیدا بێنێ. بەم جۆرە ساڵی ١٣٩٨ بە کۆتا دێ. ساڵێک وەکوو هەموو ساڵەکانی دیکە بۆ خەڵکی ئێران بەو جیاوازییە کە هەر ساڵەی قەیرانێکی نوێ بە قەیرانەکانی پێشوو زیاد دەبێ بەبێ ئەوەی ئەوانی پێشووتر چارەسەر کرابن. دیسانیش بەو هیوای کۆتایی تەمەنی کۆماری ئیسلامی کۆتایی هەموو قەیرانەکان و دەسپێکێک بۆ گەیشتن بە ژیانێکی ئاسوودە بۆ هەمووان بێ.